خالد سلێمان بەڕێز جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، وەک ئاگاتان لێیە لە وڵاتەکەماندا ڕۆژانە هەواڵی کوشتنی ژنێک، کچێک، کچۆلەیەک، لە بەر هۆی کۆمەڵایەتی وەک شەرەف و تۆڵەو شتنەوەی شورەیی وچەندەها هۆکاری تر بڵاو دەبێتەوە. من دڵنیام هەواڵەکانتان پێدەگات و پێیان ڕادەچەڵکێن، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە لەسەر ڕاوەستانێک یان هەڵوێستەیەکی وا لەلایەن بەڕێزتانەوە ناکرێت کە ببێتە هۆی جوڵاندنی ئەم مەسەلە ترسناکەی ناو کۆمەڵگەو گەڵاڵە کردنی یاساییەک نەک تەنها بۆ ڕاگرتنی دڵڕەقی بەرامبەر ژنان، بەڵکو دابینکردنی مافەکانیان و دەرکردنیان لەو بارە ناهەموارو توندوتیژییەی تیایدا دەژین. پێش چەند ساڵێک لە بۆنەیەکدا قسەیەکتان لەم بارەیەوە کردو پێتان وابوو "هیچ هێزێک نیە دوو خۆشەویست لەیەک بکات"، ئەمە فەلسەفەی خۆشەویستیە، بەڵام ئێوە باش دەزانن کە ئەم قسەیە زیاتر هەڵوێستێکی ئەخلاقییەو لایەنێکی مرۆیی و ڕۆمانسیانەی هەیە، هەموو کەسێک دەتوانێت دەربڕی بێت.