خالد سلێمان 21/5/2015 ئەو ڕستەو بیرۆکە ڕۆمانسیانەی بۆ ماوەی ٨٠ ساڵ باسیان لە عیراقێکی یەکگرتوو، گەلێکی هاوچارەنوس و لێبوردەو خەمخۆری وڵات دەکرد لەبەرامبەر نامەیەکدا کە شا فەیسەڵ ساڵی ١٩٣٣ دەینوسێت، نەک بەتەنها لاوازن، بەڵکو مایەپوچن و مێژووی ناسنامەو نەتەوە لە وڵاتەکەدا وەک پانتاییەک بۆ توندوتیژی و هەژمونخوازیی مەزهەبی پیشان دەدەن. ئەگەر لەو نامەیەوە دەست پێبکەین و بیکەینە کلیلی قسەکردن لەسەر کتێبی (ناسنامەو نەتەوە لە عیراقدا) لە نوسینی ئەکادیمی و توێژەری کورد شێرکۆ کرمانج، ئەوا لە بەشی دووەمی نامەکەوە دەچینە ناو خوێندنەوەو ڕاوەستان لەسەر کتێبەکە کە دەکرێت بەیەکێک سەرچاوە گرنگەکانی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی عیراق دابنرێت. بەشی یەکەمی نامەکە دەڵێت، “ کۆمەڵە خەڵکێکی داماڵراو لە هەر بیرۆکەیەکی نیشتمانی تێر بەترادیسیۆن کە کۆکەرەوەیەک لەگەڵ پوچگەرایی ئاینیدا کۆیان ناکاتەوە، گوێگری خراپەکارین، مەیلداری فەوزان، بەردەوام ئامادەن بەسەر حکومەتێکدا بێت راپەڕن”. ژمارەیەکی زۆر لە نوسەران و مێژوونوسان لە عیراق و دەرەوەیدا لەسەر ئەم بڕگەیە ڕاوەستاون و قسەیان لەسەر کردوە، بەڵام کەم کەس لەسەر...