دیمه‌نی سیاسه‌تی كوردیی له كوردستانی عیراقدا، هه‌میشه له‌و خاڵه‌دا ده‌وه‌ستێت كه كۆمه‌ڵگه‌و تاكی تێدا نییه، یان بڵێین له‌و بۆشاییه‌دا كه سیاسه‌تێكی بێ پشت‌و په‌نای تیادا ده‌خوولێته‌وه. باشترین نموونه بۆ ساغكردنه‌وه‌ی مێژووی ڕه‌وتی ڕیالیزه‌كردنی خه‌یاڵ‌و ته‌وه‌زه‌لی له گوتاری سیاسی‌دا، ئه‌و هه‌موو ململانێ‌و پێكدادان‌و شه‌ڕه ناوخۆیانه‌یه كه تا ئه‌مڕۆش بووه‌ته به‌شێك له كولتوور‌و بیركردنه‌وه‌ی به‌شێكی به‌رچاو له خه‌ڵك.
پرسیاره‌كه‌ش لێره‌دا ئه‌وه‌یه، فه‌لسه‌فه‌ی كورد چییه، نوخبه سیاسییه‌كه‌ی له كوێوه ئیلهامی كار‌و به‌رنامه‌و پرۆژه‌ی حوكمڕانی وه‌رده‌گرێت؟ هه‌ر له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا، پرسیارێكی تر ده‌رده‌كه‌وێت‌و په‌یوه‌سته به نووخبه‌یه‌كی ڕۆشنبیره‌وه، كه تا دوێنێ ئومێدی ئه‌وه‌ی لێده‌كرا خاوه‌ن ڕوئیایه‌ك بێت بۆ چۆنێتی حوكمڕانی‌و ئیداره‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵه‌ت له‌كوردستاندا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئایا ڕۆشنبیران‌و "بیرمه‌ندانی" كورد، له‌كوێی فیكر‌و سیاسه‌تدا ده‌وه‌ستن، به‌شێوه‌یه‌كی ڕوونتر، له‌چی به‌شێكی كۆمه‌ڵگه‌دا خۆیان حه‌شارداوه؟
ئه‌م پرسیاره له هه‌موو ئاسته‌كاندا، ده‌كرێت به‌ره‌و ڕووی هه‌موو شێوازه‌كانی حوكمڕانی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بكرێته‌وه‌و له ڕێگه‌یه‌وه بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئیداره‌و ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگه‌ی پێ بخوێنرێته‌وه. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به نوخبه‌ی حوكمڕانه‌وه له‌و خاڵه‌دا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت كه ئایدیۆلۆژیا‌و پرۆژه‌ی به‌ڕێوه‌بردن‌و ڕێكخستن وه‌ك ئه‌ركێكی حزبی‌و ئیمتیاز كارده‌كات‌و نه‌بووه‌ته به‌شێك له جومگه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵات، وه‌ك ئابووریی‌و ته‌ندروستی‌و په‌روه‌رده‌و ئه‌منی هاووڵاتی له‌ڕووی خۆراك‌و زه‌مانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاشته‌وایی‌و لێبوورده‌یی. هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م گرفته‌ش كه یه‌كێكه له سه‌ره‌تا مه‌زنه‌كانی گه‌نده‌ڵی‌و ته‌وه‌زه‌لی سیاسیی، نه‌بوونی تیۆرێكی حوكمڕانییه، كه حزبی ئیمتیاز بكاته حزبی "ئیجتیاز" یان ئینجاز. له‌پشت ئه‌م هۆكاره‌شه‌وه، نه‌بوونی فه‌لسه‌فه‌ی سیستمازه‌كردنی ده‌سه‌ڵات‌و غیابی نوخبه‌ی ڕۆشنبیران، به‌شێكی تری قه‌یرانه‌كه‌یه، ڕاوه‌ستاوه.
به‌كورتییه‌كه‌ی، نوخبه سیاسییه‌كه‌ی كورد، له مێژوویه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌خوولێته‌وه، ڕۆشنبیران تیادا ئه‌گه‌ر به‌شێك نه‌بووبن له ئینجاز، ئه‌وا بێشك به‌شێك بوون له ئیمتیاز، بگره به‌شێكی گرنگی ته‌وه‌زه‌لی‌و كاڵكه‌ره‌وه‌ی ڕۆڵی فیكر له به‌ڕێوه‌بردن‌و حوكمڕانیدا. لێره‌شدا مه‌به‌ست له ڕۆشنبیران، ته‌نها نووسه‌ران‌و ڕه‌خنه‌گران‌و "بیرمه‌ندان" -ئه‌گه‌ر هه‌بن- نییه، به‌ڵكو ئه‌و چینه ته‌كنۆكرات‌و پسپۆڕه‌ش ده‌گرێته‌وه كه له بواری هونه‌رو بیناسازیی‌و ته‌ندروستی په‌روه‌رده‌و بانك‌و بازرگانی‌و پیشه‌سازیی‌و ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندی (كۆمه‌نیكێشن)دا كارده‌كه‌ن‌و ڕاسته‌وخۆ له‌كارتێكردندان له جومگه فراوانه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا.
هه‌ڵبه‌ته دوای نوخبه‌ی سیاسیی، ڕۆشنبیرانی ئه‌هلی قه‌ڵه‌م -به‌بێ چینه‌كانی تر‌و به دوور له مه‌فهومه‌كه‌ی ئه‌نتۆنیۆ گرامشی-، به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌تریان به‌رده‌كه‌وێت، چونكه ڕاسته‌وخۆ به‌شداری هه‌موو ئاراسته‌كانی دیمه‌نه سیاسییه‌كه‌و میكانیزمه‌كانی جووڵاندنیدا كرد، به‌ڵام به‌ده‌ر له چه‌سپاندنی فیكره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئینجاز، ئه‌گه‌ر حزبه‌كان خۆیان كرده ئه‌هلی ئیمتیاز، ئه‌وا ڕۆشنبیران خۆیان‌و به‌شێكی بزوێنه‌ری كۆمه‌ڵگه‌یان هێنایه ناو هه‌مان بازنه‌وه‌و جۆرێكی تر له كولتووری ئیمتیازیان به‌رهه‌مهێنایه‌وه.
پاش ماوه‌یه‌كی زۆر له زمانی وشك‌و دوور له ئه‌ندێشه‌ی هاووڵاتی‌و ژیانی ڕۆژانه‌ی، به‌بێ هیچ پرۆژه‌یه‌كی چاكسازیی‌و حوكمراِنی تێكه‌ڵ به سیاسه‌تێكی ڕۆژانه بوون‌و ته‌نانه‌ت به‌شێكیان وه‌ك نوخبه‌ی ئه‌وروپای كۆتایی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوودا خۆیان پیشاندا، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن فیكره‌ی "ئینجاز" له ئه‌وروپای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له پێش هه‌موو شتێكه‌وه بوو، كۆمه‌ڵێ پرۆژه‌و تیۆری فیكربی‌و فه‌لسه‌فی پێش ئه‌وه‌ی ببنه قسه‌ی وشك‌و ئه‌بستراكت، بوونه به‌شێك له كار‌و به‌رنامه‌ی سیستمی ته‌ندروستی‌و په‌روه‌رده. خوێندنی بۆچوونه‌كانی "میشێل فۆكۆ"ش له‌سه‌ر نه‌خۆش‌و ته‌ندروستی له كۆلێژه‌كانی میدسین "پزیشكی"دا له ئه‌وروپاو ئه‌مریكا، نموونه‌یه‌كی دیاری ئه‌و ئینجازه‌و كارلێكه‌ره ئیجابییه‌ن.
به‌كوردییه‌كه‌ی، ئێمه له‌ئێستادا پێویستمان به حزب‌و ڕۆشنبیرو كۆمه‌ڵگه‌ی ئینجازه، هه‌روه‌ها لابردنی فیكره‌ی ئیمتیازه، كه خه‌ریكه له كولتوورێكی حزبی‌و سیاسییه‌وه ده‌بێته كولتوورێكی كۆمه‌ڵاتی.
تعليقات