خالد سلێمان
تێبینی یه‌كێك له‌هاوڕێ و هاوپیشه‌كانم له‌سه‌ر گۆشه‌ی پێشووم له‌سه‌ر پۆپۆلیزم ئه‌وه‌بوو كه به‌باشی بیرۆكه‌كه‌م نه‌گه‌یاندبوو، له‌هه‌مانكاتدا وتاری یه‌كێك له‌ڕۆژنامه‌نووسه هاوپیشه‌كانم خوێنده‌وه كه له‌خۆپیشاندانه‌كانی به‌هاری ڕابردوودا به‌شێك له‌حه‌شامات و هونه‌ری گوتارخوێندن له‌به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی, ئێستاش گله‌یی له‌وه ده‌كات كه‌هێزه ئیسلامی و موحافیزكاره‌كان له‌ئاستی ئه‌و داواكارییانه‌دا نه‌بوون په‌یوه‌ستبوون به‌ئازادییه‌وه.
لێره‌دا به‌پێویستم زانی جارێكی تر بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر هه‌مان مه‌سه‌له‌و له‌گۆشه‌نیگایه‌كی تره‌وه له‌سه‌ری بنووسم. ئه‌وه‌ی له‌م گۆشه‌یه‌دا ده‌مه‌وێ بیڵێم ئه‌وه‌یه كه له‌دوو بۆنه‌ی جیاوازدا ده‌نگی دیموكراسیانه‌و پۆپۆلیستانه (شه‌عبه‌وی) له‌یه‌ك جیاده‌كرێنه‌وه, یه‌كه‌میان بۆنه‌ی دروستبوونی حه‌شاماته كه‌تاك تیایدا تێكه‌ڵ به‌هێزگه‌لێكی وا ده‌بێت و جیاوازی تاكه‌كان ده‌شارێته‌وه‌و له‌كاراكته‌رێكی ئاراسته‌كراوی خرۆشاودا كۆیانده‌كاته‌وه. له‌م ساته‌دا كه بازنه‌كانی ترس له‌ناو حه‌شاماتێكی یه‌كساندا ده‌كرێنه‌وه‌و تاك بۆشایی و لاوازییه‌كانی خۆی به‌هێزی ده‌وروبه‌ری پڕ ده‌كاته‌وه، سۆز‌و خۆرشان له‌دیموكراسی و عه‌قلانیه‌ت به‌هێزتره‌و هه‌رچی مه‌یلی ((جاده‌گه‌رایی)) هه‌یه جێگه‌ی سیستمی نوێنه‌رایه‌تیكردن ده‌گرێته‌وه. هه‌رچی بۆنه‌ی دووه‌مه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به‌مه‌ی دواییه‌وه, واته سیستمی نوێنه‌رایه‌تیكردن كه‌زۆر جار ده‌بێته هۆی زاڵبوونی ده‌نگێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی ((هۆگۆ چاڤێز))و پڕۆژه‌ی دیموكراسی له‌دیارده‌ی جاده‌گه‌راییدا چڕده‌كاته‌وه‌و جیاوازییه‌كان و تێگه‌یشتن له شه‌راكه‌ت ده‌كاته دروشم و دیارده‌ی كۆمه‌لایه‌تی.له‌به‌شێكی زۆری دونیادا (ئاسیا، ئه‌فریقا، ئه‌مریكای لاتین، ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست) هه‌ردوو بۆنه‌ی حه‌شامات و هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رایه‌تیدا, ده‌بنه فه‌زای هونه‌ری گوتاربێژی و ناسنامه‌ی ((جاده‌گه‌رایی)) تیایدا ده‌بێته ئه‌لته‌رناتیڤی به‌هاكانی دیموكراسی؛ چونكه هه‌موو شتێك به‌یه‌كده‌نگ و یه‌گڕه‌نگ و یه‌ك شێوه ده‌رده‌كه‌وێت و دیارده‌ی (من) نوێنه‌رایه‌تی هه‌مووان ده‌كات. له‌هه‌مان سیاقدا سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ی به‌شداریكردن له‌پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا ده‌بنه په‌راوێزێك بۆ مه‌سه‌له كۆمه‌لایه‌تییه‌كان و هه‌موو ئه‌و ڕه‌مزو ئاماژه‌و وێنانه‌ی ((غه‌ریزه)) ده‌جوڵێنن, وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی سیاسی كاریان پێده‌كرێت.ساڵی ڕابردوو له‌به‌رده‌م وێنه‌یه‌كی سه‌یردا ڕاوه‌ستام و ده‌كرێت وه‌ك ئایكۆنێكی (شه‌عبه‌وی دابنرێت). كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی له‌یه‌كێك له‌بازاڕه‌كانی شاری سلێمانیدا په‌نای برده به‌ر ده‌رۆزه‌كه‌رێك تا سۆزی خه‌ڵك بۆ لای خۆی ڕابكێشێت و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی وه‌ك دڵڕه‌قێك پیشان بدات. به‌دڵنیاییه‌وه ده‌رۆزه‌كه‌ره‌كان ئه‌گه‌ر له‌سلێمانی بن یان پاریس یان قاهیره یان تاران ئه‌و توێژه كۆمه‌لایه‌تیه‌ن كه‌ده‌بێت به‌رنامه‌یه‌كی چاكسازی-كۆمه‌لایه‌تی بیانگرێته‌وه نه‌ك بكرێنه چاو‌دێر به‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسی و حوكمڕانییه‌وه, یان كارتی به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌كان. ئه‌مجۆره به‌كارهێنانه‌ی ده‌نگی په‌راوێزبووه‌كان (یان په‌راوێزخراوه‌كان) له‌به‌رهه‌مهێنانی گوتاری سیاسی‌دا, یان ئه‌و ڕێبازی كاركردنه‌ی ((هۆگۆ چاڤێز)) لاتینی و نه‌سروڵلای لوبنانی و هاوڕێبازه‌كانیان بۆ دیاریكردنی خه‌ڵكی باش و خه‌ڵكی خراپ به‌كاریدێنن, هه‌موو ئه‌مانه ترسی گه‌وره‌ن بۆسه‌ر دیموكراسی, ته‌نانه‌ت بۆسه‌ر ئازادییه‌كانیش.مه‌سه‌له‌كه‌ش به‌كورتی له‌وه‌دا كۆده‌بێته‌وه پۆپۆلیزم كه‌ئایین و نه‌ته‌وه‌و ئایدیۆلۆژیا‌و ئازادی و دۆگما‌و ئاراسته‌ی كۆمه‌لایه‌تی جیاواز له‌هه‌ناوی خۆیدا كۆده‌كاته‌وه به‌شۆڕشگێڕیی ده‌ستپێده‌كات و به‌دیكتاتۆری و فاشیزم كۆتایی پێدێت.
تعليقات