ئاماده‌كردنی: خالد سلێمان
ئه‌م گفتوگۆیه‌ی نێوان كه‌نعان مه‌كیه‌ی رۆشنبیری عیراقی و حازم ساغیه‌ی نووسه‌رو رۆشنبیری لوبنانی كه دوای رووخانی رژێمی سه‌دام حسێن له یه‌كێك له قاوه‌خانه‌كانی (له‌نده‌ن)دا ئه‌نجامدراوه، تایبه‌ته به‌باسكردن له‌سه‌ر تۆتالیتاریزم و ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێڵه‌كی هه‌ردوو رژێمی به‌عس له سوریا و عیراق. ئه‌و خاڵانه‌ی كه هه‌ردوو نوسه‌ر له‌سه‌ری راده‌وه‌ستن و شیكارییان ده‌كه‌ن ده‌چنه‌وه ناو ره‌گوڕیشه‌ی ئه‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مانه‌وه كه كۆمه‌ڵگه عه‌ره‌بییه‌كان به ده‌ستیانه‌وه ده‌ناڵێنن، له‌وانه بێگومان ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ته‌كان، چونكه ره‌سه‌نگه‌رایه‌تی له جیهانی ئیسلامی‌دا (به تایبه‌تی جیهانی عه‌ره‌ب) كه ناسنامه‌ی تاك و گرووپه‌كان ره‌نگڕێژ ده‌كات، سه‌رچاوه‌یه‌كه ئێستا‌و ئاینده به‌وشێوه‌یه گۆش ده‌كات كه له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌سه‌نگه‌رایه‌تییه‌دا بگونجێن كه ساڵه‌های ساڵه توانایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بووه له رووی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هۆشیاری بۆ قاوغه خێڵه‌كییه‌كه‌ی به‌بێئه‌وه‌ی هیچ كۆششێكی فیكری یاخود سیاسی ئه‌وتۆ له‌پێناو شیكردنه‌وه‌ی دیارده‌كاندا بخرێته‌گه‌ڕ.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌كه تیره‌گه‌ریی خۆی خزاندووه‌ته نێو گشت شاده‌ماره‌كانی ژیانه‌وه‌و سیمای سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌ت له كۆمه‌ڵه عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌كاندا ره‌نگڕێژ ده‌كات، كه ده‌كرێت به بڕێك خه‌ڵووز له‌ناخی زه‌ویدا وه‌سف بكرێت و ته‌نیا پێویستی به پله‌یه‌كی گه‌رمی كه‌م هه‌یه تا دابیگرسێت و كڵپه بستێنێت، به‌م پێیه‌ش مۆدێرنه (خێوه‌ت)ی خێڵه‌كانی سوتاند بێ ئه‌وه‌ی توخنی رۆحی تیره‌گه‌ریی و سیمبوله‌كانی و ئه‌و سیستمی په‌یوه‌ندییه بكه‌وێت كه تاكه‌كان به یه‌كه‌وه گرێ ده‌دات. لێره‌دا ساغیه و مه‌كییه گفتوگۆ له‌سه‌ر واقیعی تۆتالیتاریزمی عه‌ره‌ب ده‌كه‌ن به گوێره‌ی ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و ره‌سه‌نگه‌رایه‌تییه‌ی كه كه‌لتووری تاك و گرووپه‌كانی له جیهانی عه‌ره‌بدا لێوه هه‌ڵده‌قوڵێت. هه‌روه‌ك هه‌ردووكیان رووناكی ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئۆرگانییه‌ی كه حوكمی تۆتالیتاریزم و مۆدێرنه به‌جومگه‌كانی خێڵ و كه‌لتووره‌كه‌ی ده‌به‌ستێته‌وه. هه‌روه‌ها هه‌ردوو نووسه‌ر له تێكڕای دیالۆگه‌كه‌دا دێنه‌سه‌ر میكانیزمی گه‌ڵاڵه‌بوونی تۆتالیتاریزم و ژینگه‌و بنه‌ماو ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی كه تۆتالیتاریزمی عه‌ره‌ب له تۆتالیتاریزمی ئه‌وروپایی جیاده‌كه‌نه‌وه. ئه‌م دیالۆگه له نێوان حازم و مه‌كیه له‌باره‌ی تۆتالیتاریزم له جیهانی عه‌ره‌بدا (به تایبه‌تی عیراق و سوریا) دوای رووخانی رژێمی سه‌دام حسێن كراوه، پێشتریش مه‌كیه رژێمی حوكمی به‌عسی له عیراق به‌تۆتالیتار ئه‌ژماركردووه، ئه‌ویش له كتێبی (كۆماری ترس)دا كه له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا نووسیویه‌تی، به‌ڵام له‌م خاڵه‌دا ساغیه بۆچوونی جیاوازی هه‌یه و پێیوایه تۆتالیتاریزم په‌یوه‌ندیی به مۆدێرنه‌وه هه‌یه له‌كاتێكدا رژێمی به‌عس له عیراقدا تێكه‌ڵه‌یه‌ك بووه له تۆتالیتاریزم و سته‌مكاری خێڵه‌كی و بنه‌ماڵه‌یی.
ئه‌مش ده‌قی دیالۆگه‌كه‌یه:
حازم: كه‌واته باباسی تۆتالیتاریزم بكه‌ین.
كه‌نعان: تۆتالیتاریزمی رژێمی حافز ئه‌سه‌د و به‌راوردكردنی به تۆتالیتاریزمی سه‌دام حسێن.
حازم: ئێمه‌ی عه‌ره‌ب له‌وانه تۆ، چۆن باسی تۆتالیتاریزممان كردووه؟
ئه‌وه راست نییه بڵێین كه رژێمی حافز ئه‌سه‌د تۆتالیتا‌ر یاخود نیمچه تۆتالیتا‌ر بووه، من پێم باشه به دیكتاتۆری عه‌سكه‌رتار ناوی بنێم.
كه‌نعان: ئا ئه‌مه پرسیاره‌كه‌یه، ئایا رژێمی حافز ئه‌سه‌د تۆتالیتاره؟
حازم: له رژێمی دیكتاتۆریه‌تی عه‌سكه‌رتاره‌وه نزیكه، به‌ڵام گه‌ر به وردی سه‌یری سروشتی ئه‌و رژێمانه بكه‌ین. ده‌بینین ئه‌وانه ده‌توانن له رابردوو و ئێستا‌و ئاینده بده‌ن، به جۆرێك ئه‌وانه له رێگه‌ی خودی رژێمه‌كه‌یانه‌وه له ئێستا ده‌ده‌ن و له رێگه‌ی هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی مێژووه‌وه له رابردوو ده‌ده‌ن وه‌ك چۆن ئه‌و مێژووه ده‌شێوێنن و له ئاینده‌دا ده‌تخه‌نه به‌رده‌م كێشه‌ی وه‌هاوه به شێوه‌یه‌ك زه‌حمه‌ت ده‌بێت چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه. بۆنموونه به‌شار ئه‌سه‌د ئه‌گه‌ر كار بۆ كرانه‌وه‌ی سیاسی و لیبراڵی و دیموكراتی بكات ئه‌وا ده‌وڵه‌ت لاواز ده‌بێت خۆ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر رێبازی باوكیشی بمێنێته‌وه ئه‌وا وڵاته‌كه هه‌رچی زیاتره نابووت ده‌بێت و له‌رووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه لاواز ده‌بێت هیچ چاره‌سه‌رێك نییه. بۆ نموونه تۆ ته‌ماشای عیراق بكه، به‌بوونی سه‌دام كاره‌سات بوو به‌بێ ئه‌ویش هه‌ر كاره‌ساته. ژماره‌یه‌كی وێكنه‌چوون و رق و كینه له كۆمه‌ڵگه‌دا گه‌شه‌یان كردووه كه زۆر زه‌حمه‌ته.
كه‌نعان: كاتێك دێینه سه‌ر بابه‌تی گه‌شبینی، ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌زانیت قسه‌یه‌كی دوور‌و درێژه له نێونماندا، باشه ناكرێت به رۆیشتنی ئه‌سه‌د و رۆیشتنی سه‌دام لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵبدرێته‌وه‌و ده‌رگایه‌كی نوێ بكرێته‌وه؟ له رووی بابه‌تییه‌وه ئا ئه‌مه یه‌كه‌م كۆسپه، راسته ره‌وشه‌كه خراپ بووه و هه‌ڵئاوساوه، به‌ڵام مه‌رج نییه ئه‌گه‌ری گۆڕین و وه‌ڵامه‌كه هه‌میشه نێگه‌تیڤ بێت، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه كه باجه‌كه به‌م شێواز و به‌و شێواز ده‌درێت.
حازم: به‌ڵام گۆڕین پێویسته شادمانی و خه‌نده له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت. به گشتی گۆڕین كارێكی گه‌شبینانه‌و خه‌نده هێنه، گشت شۆڕشه‌كان به‌ڵێنێك به گه‌لان ده‌ده‌ن، به‌ڵام رزگاربوون له دیكتاتۆریه‌ت و تۆتالیتاریزم ده‌بێته مایه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان، واته گۆڕین به‌ئازارو تاڵاو چه‌شتن، له خراپترین حاڵه‌تیشدا ده‌ڵێین: ئیدی ژماره‌یه‌كی كه‌متر ده‌مرن.
كه‌نعان: وه‌ك ده‌زانیت له سوریا زۆربه‌ی زۆری دانیشتوانه‌كه‌ی سوننه‌ن، له نێویاندا زۆر كه‌سی ئوسووڵی هه‌ن، واته دوای سی ساڵ له رژێمی تۆتالیتاری گه‌ر ئه‌م ناوزه‌دكردنه‌ت بوێت، ئایا سه‌ركردایه‌تییه‌كی سوننه نییه ببێته ئه‌لته‌رناتیڤ بۆ دۆخه‌كه، ئایا عه‌له‌وییه‌كان هه‌ر له ده‌سه‌ڵات ده‌مێننه‌وه؟
حازم: ئه‌مجۆره جه‌نگی ناوخۆییه پێویستی به باوه‌ڕو سه‌ركردایه‌تی نییه. به بارێكی دیكه، كۆمه‌ڵگه پێویستی به‌جۆشدان هه‌یه، ئه‌و لایه‌نه‌ش كه پرۆسه‌ی جۆشدانی خێرا ده‌كات هه‌موو شتێك كۆنترۆڵ ده‌كات، حافز ئه‌سه‌د به درێژایی سی ساڵ توانی سوریا له‌ت و په‌ت بكات و دۆخه‌كه بكاته بارمته به ده‌ست ده‌سه‌ڵاته‌وه.
كه‌نعان: له عیراقیش زیاتر؟
حازم: عیراق زیاتر نا، شێوازی سوریا له شێوازی عیراق جیایه، سه‌ركوتكاری له‌وێ كه‌متره، كۆنترۆڵ به‌سه‌ر مه‌رجه‌ع له‌وێ زیاتره، حافز ئه‌سه‌د ده‌ستی به‌سه‌ر مه‌رجه‌عه‌كاندا گرتبوو كه له‌ڕووی نه‌رێتییه‌وه كۆمه‌ڵێك مه‌رجه‌عی سوننی و عروبی و یه‌كبوونخوازبوون، گه‌ره‌كیان بوو فه‌له‌ستین رزگاربكرێت، به‌م پێیه‌ش بارێكی ئاڵۆزتری خوڵقاندبوو، تێزی عروبی له عیراقدا له رووی نه‌رتییه‌وه تێزێكی سوننه‌ی گرێ‌دراو به ده‌وڵه‌ته‌وه بوو.
كه‌نعان: واته رژێم نه‌یتوانی بوو خۆی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا به ته‌واوه‌تی گشتگیر بكات.
حازم: له كاتێكدا شیعه به تایبه‌تی له رێگه‌ی نه‌جه‌فه‌وه، چه‌ندین مه‌رجه‌عی تایبه‌ت به خۆیان به‌رهه‌مهێناوه، لێره‌دا جیاوازی له نێوان ئه‌وان و قسه‌ی سوننه‌كاندا روونه. له سوریا عه‌له‌وییه‌كان وا سوننه‌كان وێنا ده‌كه‌ن كه له رووی عروبه‌وه ترسنۆكن.
كه‌نعان: سه‌دام حسێن له‌سه‌رهه‌مان مه‌سه‌له له عیراقدا كاری ده‌كرد، سیمبوله تایبه‌ته‌كانی شیعه‌ی هێنابوو له سیاسه‌ته‌كانی خۆیدا پشتی پێ ده‌به‌ستن.
حازم: ئه‌م شته له عیراقدا مۆركێكی كه‌متر سیاسیانه‌ی له‌چاو سوریا وه‌رگرتبوو، به واتایه‌ك له واتاكان، عروبه‌ی شیعه عروبه‌یه‌كه له ده‌وڵه‌تی هاوچه‌رخ و سیستمه‌كه‌ی خۆی ده‌ربازكردووه، عروبه‌ی ره‌چه‌ڵه‌كه، شانازییكردنه به شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌ت و مۆراڵ شانازیكردنه به خوێنی عه‌ره‌ب، ئه‌م شتانه لای شیعه هه‌ن نه‌ك سوننه. عرووبه‌ی سوننه به سیاسه‌تكراوه، واته تاكی شیعه لافی ئه‌وه به‌سه‌ر تاكی سوننه لێده‌دات كه له‌و عه‌ره‌بتره و پێیوایه ئه‌و به‌خوێنی تورك (پیس بووه) له كاتێكدا تاكی سوننه له سیاسه‌تدا گه‌ره‌كیه‌تی كار له‌سه‌ر یه‌كبوون (یه‌كبوونی عه‌ره‌ب) بكات. تاكی شیعه یه‌كبوونی ناوێت، به‌ڵام سه‌دام ده‌یتوانی مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه په‌رته‌وازه بكات و ئه‌وانه بۆ خۆی ببات كه به‌دڵی بوون. ده‌یوست بڵێت ئێوه ئه‌سڵی عه‌ره‌بن بۆیه وه‌رن تێكه‌ڵی ماشێنی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم بن. ئه‌مه‌یان له رۆژگارێكدا له‌ناو حزبی به‌عسدا سه‌ری گرتبوو. چونكه هێزی شیعه له‌ناو ئه‌م حزبه له سه‌ره‌تادا به گوته‌ی حه‌نا به‌تاتۆ هیچ له هێزی سوننه‌كان كه‌متر نه‌بوو.
كه‌نعان: حه‌نا به‌تاتۆ له‌م وه‌سفه مێژووییه‌دا زێده‌ڕۆیی كردووه.
حازم: به‌ڵام كاتێك به‌عسیه‌كان پێیان نایه نێو قۆناغی عه‌سكه‌رتاریه‌وه، ئیدی قورسایی سوننه‌كان له قورسایی شیعه‌كان زیاتر بوو، فوئاد ریكابی و تاڵیب شه‌بیب و حازم جه‌واد و سه‌عدون حه‌مادی هانی فكێكی ئه‌و ناوانه سه‌ركرده‌ی بنه‌ڕه‌تی بوون له حزبی به‌عسدا و وه‌ك ده‌شزانیت ئه‌وانه كۆمه‌ڵێك ناوی شیعه‌ن.
به گشتی پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، چۆن ده‌كرێت باسی تۆتالیتاریزم له رووی كه‌لتوور و هونه‌ره‌وه بكه‌ین له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌م ته‌رزانه له كه‌لتووری لۆكاڵدا، ئه‌م قسه‌یه له كاتێكدا ده‌كه‌م كه بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د و بنه‌ماڵه‌ی تكریتیم له خه‌یاڵدایه؟
كه‌نعان: تۆ مۆدێرنه بخه‌ره ئه‌ولاوه، رژێمی تۆتالیتا‌ر له پێكهاته‌كه‌یدا ساده‌یه نه‌ك رژێمێكی ئاڵۆز بێت، به‌م پێیه‌ش پێویستی به‌و میكانیزمه ئاڵۆزه‌نییه (سۆشیالیزم - دیموكراسی) كاری له‌سه‌ر ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی رژێمی تۆتالیتا‌ر كار بكات پێویستی به‌سۆفستایزم نییه، نه هیتله‌ر و نه‌ستالین سۆفستایی بوون، واته ئه‌وه رژێمێكه له سروشتێكی ناوخۆی كه له ئارادا بووه، هه‌ڵده‌قوڵێت و گه‌ڵاڵه ده‌بێت پێویستی به تیۆریزه‌كردنی ناوخۆیی ئاڵۆز نییه.
حازم: به‌ڵام پێویستی به كۆكبوون له‌سه‌ر وه‌رگرتنی هه‌ندێك سیمای مۆدێرنه هه‌یه، واته نه‌ك ته‌نیا به‌ندیخانه و ئه‌شكه‌نجه‌دان، بایه‌خدان به بنیاتنانی حزب و سیستمی فێربوون ...هتد.
كه‌نعان: ئا ئه‌مه له سوریا‌و عیراقدا جێگه‌ی بایه‌خپێدان بووه. بنه‌ماڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌دا ناكۆك نه‌بوو. ئه‌م حاڵه‌ته گرنگه‌و پێویسته سه‌رنج بدرێت. بۆ نموونه حوكمی سه‌دام له‌یه‌ك كاتدا بنه‌ماڵه‌یی و نابنه‌ماڵه‌یش بوو، هه‌ندێكجار كه‌سانی نێو بنه‌ماڵه‌كه‌ی خۆی سه‌ركوت ده‌كرد و خه‌ڵكانێكی له ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌كه ده‌هێنا، به‌ڵام له ساڵانی كۆتایی حوكمه‌كه‌یدا هه‌رچی زیاتر پشتی به بنه‌ماڵه ده‌به‌ست، ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه ئه‌وه‌یه كه رژێمی عیراق به‌رله‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگانه ده‌ستپێبكات كه هه‌ڵیگیرساندن، واته پێش ساڵی (1980)، له قۆناغێكی ته‌واو تۆتالیتاریدا بوو، ئه‌م قۆناغه زۆر گرنگ بوو له‌به‌رئه‌وه‌ی تێیدا داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر سوپادا كێشابوو، چونكه له رژێمی تۆتالیتاریدا پۆلیس و موخابه‌رات ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر سوپا و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌دا ده‌كێشن، له عیراقیش هه‌روابوو، من له كتێبـی (كۆماری ترس)دا ئه‌م دۆخه‌م به ژماره هه‌ڵسه‌نگاندووه و چۆن ده‌سه‌ڵات پیاده ده‌كرا، له‌وكاته‌دا سه‌دام منداڵه‌كانی بچووك بوون و له دیمه‌نه سیاسییه‌كه‌دا ده‌رنه‌كه‌وتن، واته حوكمه‌كه بنه‌ماڵه‌یی نه‌بوو.
حازم: ئا، به‌دڵنیاییه‌وه بێگومان، واته رژێمێكی تۆتالیتا‌ر یاخود دیكتاتۆری عه‌سكه‌رتار كه له حوكمی بنه‌ماڵه تێپه‌ڕ بكات، به‌ڵام شتێكی تیۆریی زۆر گرنگ هه‌یه، له وڵاتێكی وه‌ك ئه‌ڵمانیا تۆتالیتاریزم ئه‌فسانه‌ی بنه‌ماڵه‌ی له نێو كۆمه‌ڵگه‌دا داهێنابوو، كه‌چی له وڵاته‌كانی ئێمه‌دا بنه‌ماڵه هه‌یه، خێڵ هه‌یه، بۆیه بیر كردنه‌وه‌یه‌كی ره‌گه‌زپه‌رستی یاخود تێوریزه‌كرنی تێدا نییه، چونكه خێڵه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا خۆی هه‌یه.
كه‌نعان: ئیدی زۆر تێت ناگه‌م، تۆ تیۆریزه بۆ شتێكی دیكه ده‌كه‌یت.
حازم: من باسی شێوازێكی تایبه‌تی تۆتالیتاریزم له كۆمه‌ڵگه غه‌یره ئه‌وروپییه‌كان ده‌كه‌م، وردتر مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه لێره‌دا هه‌نه ئه‌رندت زۆر به‌كه‌ڵك نییه و له‌باره‌ی ئه‌م حاڵه‌ته خێڵه‌كیه‌وه بابه‌تێكی به‌پێز پێشكه‌ش ناكات.
كه‌نعان: هه‌نه ئه‌رندت، تیۆریزه‌ی بۆ وشه‌ی(تیره‌گه‌ری) كردووه و خستویه‌تیه نێو چه‌مكی (میلله‌تگه‌رایی)یه‌وه، چونكه له خۆرئاوا چه‌مكی تیره‌یان هێناوه‌و خستویانه‌ته نێو ئایدیۆلۆژیای ناسیونالیزمه‌وه. له خۆرهه‌ڵات سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تیره‌ی تێدایه، هه‌مان شت رووی داوه به‌ڵام به‌شێوازێكی جیاواز له‌وه‌ی له تۆتالیتاریزمی خۆرئاوادا په‌یڕه‌و كراوه، ئه‌و جیاوازیه‌شت له‌بیر نه‌چێت كه له‌نێوان تیره‌گه‌ریی مه‌زهه‌بی و ئه‌و تیره‌یه‌دا هه‌یه كه هه‌نه ئه‌رندت باسی كردووه. چونكه بۆ نموونه له حاڵه‌تی هیندستاندا رقوكینه‌ی تیره‌یه‌ك به‌رامبه‌ر تیره‌یه‌كی دیكه بوونی جیاواز ناسڕێته‌وه.
حازم: تیره له ئه‌وروپادا زیاتر حاڵه‌تێكی زه‌ینییه وه‌ك له‌وه‌ی واقیعی بێت، واته بریتیه له گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی رۆحی بۆ تیره یاخود گۆڕینی بۆ بیرۆكه‌یه‌ك كه تێیدا جیهان به‌ره‌و پێش مۆدێرنه بگه‌ڕێندرێته‌وه.
كه‌نعان: ئا ئه‌مه شته ترسناكه‌كه‌یه، چونكه هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان تیره له سه‌ده‌ی نۆزده و تیره‌ی ئه‌مڕۆدا نییه، دیارده‌ی نوێ له خۆرئاوادا پشت به ئامڕازی گه‌یاندنی ئه‌وتۆ ده‌به‌ستێت كه له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا نه‌بوون.
حازم: حاڵه‌ته‌كه لای ئێمه جیاوازه، چونكه ئێمه تیره‌ی نوێی لای خۆمان به‌تیره‌ی (800)ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌به‌ستینه‌وه، كه‌چی هێتله‌ر به (ده‌زگایه‌كی قه‌ڵغان) ده‌یبه‌ستایه‌وه. له حاڵه‌تی هه‌ردوو رژێمی حافز ئه‌سه‌دو سه‌دام حسێن-دا مامه‌ڵه‌كردنه‌كه له‌گه‌ڵ ده‌مارگیریدا مامه‌ڵه‌یه‌كی واقیعیانه بوو به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ حاڵه‌ته زه‌ینییه‌كه له‌لای هیتله‌ر.
كه‌نعان: به‌ڵام له‌بیریشت نه‌چێت ده‌مارگیریی له‌تۆتالیتاریه عه‌ربیه‌كاندا ده‌مارگیرییه‌كی عه‌ره‌بییه.
حازم: له رووی گوتاره‌وه، هیتله‌ر به جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خۆی نه‌وتووه (برایان) به‌ڵكو وتویه‌تی هاوڕێیان، به‌ڵام لای ئێمه جه‌ماوه‌ر به برایان بانگ ده‌كرێت، ئێمه پێویستمان به‌كۆششێكی زۆر نییه تاوه‌كو بونیاده كۆنه‌كان له‌خه‌یاڵداندا بجووڵێنین، كه‌چی هیتله‌ر پێویستی به‌كۆششێكی زۆر هه‌بوو تاوه‌كو بنكه مردووه‌كه بجوڵێنێت، به‌ڵام له‌وه گرنگتر ده‌شێت حزب له ئه‌ڵمانیا له‌وه مۆدێرنتر بێت كه لای ئێمه هه‌یه، چونكه ئاسته‌كانی مۆدیرنه له حزبی نازییدا زۆر له ئاسته‌كانی مۆدێرنه له حزبه‌كانی لای خۆمان زیاترن، به هه‌مان شێوه به‌كارهێنانی میكانیزمی مۆدێرن له نێو حزبی مۆدێرندا.
كه‌نعان: ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندیی به پێشكه‌وتنی پیشه‌سازیه‌وه هه‌یه لای ئه‌وان.
حازم: ئه‌مه زۆر گرنگه
كه‌نعان: ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی باسیان ده‌كه‌یت ئه‌وه‌یه له دیدی تۆوه سیستمی ده‌مارگیری مه‌زهه‌بی لای ئێمه ناگۆڕێت، منیش وای ده‌بینم كه ده‌گۆڕێت، بۆ نموونه جوڵانه‌وه ئاینیه‌كان كه‌ئیدی هه‌مان جوڵانه‌وه ئاینیه كۆنه‌كان نین، ئه‌مڕۆ له‌فۆرمێكی نوێدان، جارێك به ناوی ناسیونالیزمی عه‌ره‌ب و جارێكی دیكه به‌ناوی ئاین، كه‌واته ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك ده‌مارگیری نوێن.
حازم: من ناڵێم ئه‌وانه كۆنن، به‌ڵكو ئه‌وانه ده‌توانن بۆ كۆنه‌كه بگه‌ڕێنه‌وه. با نموونه‌ی دیارده‌ی په‌یكه‌ره‌كان وه‌ربگرین، مه‌به‌ستیشم ته‌نیا په‌یكه‌ری ماددی نییه به‌ڵكو په‌یكه‌ره زه‌ینییه‌كانه. حزب له‌جیهانی عه‌ره‌بدا به‌ئاسانی ده‌توانێت ده‌ست بۆ په‌یكه‌ره كۆنه‌كان به‌رێت، چونكه كۆمه‌ڵگه‌كان هه‌ر له كۆنه‌كه‌دا ده‌ژین (هێشتا موته‌نه‌بی له‌ناوماندایه)، له خۆرئاوا ئیدی ئه‌م دیارده‌یه نه‌ماوه، ئه‌ڵمانیا به‌شێوازێكی مۆدێرنتر گوزارشتی له‌خۆی كردووه‌و رێكخراوتر بووه.
كه‌نعان: ئایا ده‌كرێت ئه‌وشتانه دیاری بكه‌یت كه له دیارده‌ی تۆتالیتیاریه عه‌ره‌بیه‌كاندا به به‌راورد له‌گه‌ڵ تۆتالیتارییه‌كانی خۆرئاوادا ناگۆڕێن؟
حازم: هه‌موو شتێك ده‌گۆڕێت، به‌ڵام هه‌ندێك رێگای داخراو هه‌ن كه جاری واهه‌یه ده‌گه‌نه قۆناغێك كه تووشی پێكدادان ده‌بن له‌گه‌ڵیدا و بۆ دواوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه و سه‌رله‌نوێ ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه. ئه‌م سه‌ربرده‌یه له حاڵه‌تی ئه‌وروپادا جیاوازه، چونكه خۆی له ئاوێنه‌كه‌یدا ده‌بینێت، كه‌چی ئێمه خۆمان له ئاوێنه‌ی ئه‌وروپایی و ئاوێنه‌ی كۆنیشدا ده‌بینین، سه‌ربرده‌كه تێكچرژاوه.
كه‌نعان: با بۆ تۆتالیتارییه‌كانی لای خۆمان (له سوریا و عیراق) و ئه‌و جیاوازیانه بگه‌ڕێنه‌وه كه تۆ باسیان ده‌كه‌یت، تۆ وتت رژێمی تۆتالیتاری له سوریا كۆمه‌ڵگه‌ی له‌ت و په‌ت كردووه و رایه‌ڵه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی پچڕ پچڕ كردووه، كه‌واته چۆن ئه‌م رژێمه ده‌توانێت ئه‌و په‌رته‌وازه‌یه كۆبكاته‌وه، چ یاسایه‌ك كۆیان ده‌كاته‌وه؟
حازم: باكتێبی (كۆماری ترس) به نموونه وه‌ربگرین، تۆ ئه‌وه‌ت ره‌تكردۆته‌وه كه‌سه‌دام حسێن گه‌نده‌ڵ بووبێت، چونكه ئه‌و شه‌یدای مێژووه، تۆش لێره‌دا وێنه‌یه‌كی خۆرئاواییت به نموونه هێناوه‌ته‌وه، هیتله‌ر شه‌یدای مێژوو بوو، ستالینین-یش هه‌روا بوو، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه تۆ لایه‌نی تایه‌فی و لایه‌نی لۆكاڵیت له بابه‌ته‌كه‌دا نادیده‌گرتووه و پشتت به كۆپیكردنی تۆتالیتارییه هاوچه‌رخه‌كان به‌ستووه.
كه‌نعان: له رووی ئه‌خلاقییه‌وه ئه‌وه‌ی ده‌یڵێیت راسته، به‌ڵام له‌رووی زیره‌كییه‌وه...
حازم: جیاوازی نێوان من و تۆ ئه‌وه‌یه تۆ ته‌نیا ئیش له‌سه‌ر مۆدێرنه ده‌كه‌یت، تۆ گریمانه ده‌كه‌یت كه‌تۆتالیتاریزم كۆمه‌ڵگه ده‌گونجێنێت ئه‌مه‌ش له‌ژێر كاریگه‌ریی مۆدێرنه‌ی خۆرئاوادایه. به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ش تۆتالیتاریزم ده‌گونجێنێت.
هیتله‌ر كێشه‌ی بنه‌ماڵه و مه‌زهه‌ب و خێزانی نه‌بوو، كێشه‌ی ئاینیی نێوان كاتۆلیك و پرۆتستانت له ئه‌ڵمانیا چاره‌سه‌ر كرابوو. كه‌چی له عیراقدا كێشه‌كه جیاوازه و تایه‌فه‌گه‌ری و مه‌زهه‌بگه‌رایی به‌پتر له شێوازێك و بێ ئه‌وه‌ی ده‌ركی پێ بكرێت رۆچوونه‌ته ناو هه‌موو شتێك و كاریگه‌رییان بۆ سه‌ر هه‌موو شتێك هه‌یه، رژێمیش له ژێر ئه‌م كاریگه‌رییه هه‌ست پێ نه‌كراوه‌دا به‌لای پشت به‌ستن به رایه‌ڵه خێزانییه‌كان دایده‌شكێنێت، چونكه هێشتا دامه‌زراوه‌ی برایه‌تی و ئامۆزایه‌تی كاریگه‌ره، كه‌چی له ئه‌ڵمانیا نه‌ماوه.
كه‌نعان: له‌م ته‌نگژه‌یه ده‌رم بێنه، جا ئه‌گه‌ر سه‌دام و دڵڕه‌قییه‌كه‌ی له‌ماوه‌ی ئه‌و هه‌موو زه‌مه‌نه دووروو درێژه‌دا و گشت ئه‌و جه‌نگانه‌ی كه عیراق پێیدا تێپه‌ڕبوون كۆمه‌ڵگای له ده‌مارگیری و مه‌زهه‌بگه‌رایی ده‌رنه‌هێنابێت، باشه چی بكه‌ین؟
حازم: كێشه‌ك ئه‌وه‌یه ئێمه نازانین براو ئامۆزاكانی هێتله‌ر و ستالین كێن، كه‌چی تۆتالیتاریزم لای ئێمه پشتی به براو ئامۆزاكان به‌ستووه.
كه‌نعان: به‌ڵام ستالین پشتی به جۆرجییه‌كان ده‌به‌ست.
حازم: پشتی به جۆرجییه‌كان ده‌به‌ست، به‌ڵام پشتی به بنه‌ماڵه نه ده‌به‌ست و هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌كی جۆرجی له‌بار ده‌برد، سه‌دام له تكریتی نه‌ده‌دا (بێگومان هیچ جووڵانه‌وه‌یه‌كی تكریتی نه‌بوو)، به پێچه‌وانه‌وه گه‌شه‌ی به تكریتچێتی ده‌دا، شتێك له‌گه‌ڵ سه‌دامدا گه‌شه‌ی كرد ناوی تكریتی بوو، من به‌ر له سه‌دام گوێم له تكریتی نه‌ببوو ئه‌گه‌رچی ئه‌و ناوی بنه‌ماڵه بچوكه‌كانی به‌كار ده‌هێنا.
كه‌نعان: ئه‌مه به‌سه‌ر سه‌دام سه‌پێندرابوو، چونكه ره‌چه‌ڵه‌كه‌كه‌ی له تكریته‌وه هاتبوو.
حازم: به‌ڵام ستالین له هه‌رشتێكی ده‌دا كه سیمای جوڵانه‌وه‌یه‌كی ناسیۆنالیستی جۆرجی تێدا بوایه، ئه‌گه‌رچی پشتیشی به جۆرجییه‌كان ده‌به‌ست.
كه‌نعان: له حاڵه‌تی عیراقدا له چڵه‌پۆپه‌ی ده‌ورانی رژێمی تۆتالیتاریی به‌عسدا جیاوازییه‌ك هه‌یه، چونكه دوای جه‌نگی دووه‌می كه‌نداو تۆتالیتاریزمیه‌كه‌ی پووكاببووه. من له پێشه‌كی چاپی نوێی (كۆماری ترس)دا ئه‌مه‌م نووسیوه. پێشتر باری سه‌رنجم ئه‌وه‌بوو كه ئه‌و رژێمه‌ی له (كۆماری ترس)دا وه‌سفم كردبوو بوونی نییه، ئیدای گۆڕاو رۆیشت. ئه‌و رژێمه‌ی به به‌رنامه خه‌ڵكی ده‌كوشت، ئیدی كه‌وته ده‌ستبڕین و گوێ بڕین و داخكردنی ناوچه‌وان و سه‌ری خه‌ڵك. رژێمێك به یه‌كجاری لاواز ببوو و په‌نای بۆ ئه‌م شێوازی سزادانه ده‌برد، دیاره تۆتالیتاریزم لاوازببوو له شتێكه‌وه بۆ شتێكی ته‌واو جیاواز گۆڕابوو. ئه‌م گۆڕانه له‌ڕێگه‌ی شۆڕش یاخود شتێكی هاوشێوه‌وه نه‌هات، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌وه هات كه به‌سایه‌ی جه‌نگی دووه‌می كه‌نداوه‌وه له وڵاته‌كه‌دا روویاندا، جگه له‌وه‌ش سێ یه‌كی وڵات (كوردستان) ئیدی كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورده‌وه و كۆنتڕۆڵیش به‌سه‌ر باشووردا وه‌ك جاران نه‌ما، به‌م پێیه‌ش ئیدی كۆنتڕۆڵێكی ره‌ها به‌سه‌ر وڵاته‌كه نه‌ماو رژێمه‌كه وه‌كو رژێمی حوكمی ئه‌ڵمانیای دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی لێ هاتبوو.
حازم: لێره‌دا شێوازی دیكه‌ی جیاوازیی نێوان تۆتالیتاریزمه‌كانی خۆرئاوا‌و نا خۆرئاوا ده‌رده‌كه‌وێت، یه‌كه‌میان دروست ده‌بێت و شكست ده‌خوات و هه‌ره‌س ده‌هێنێت و هیچ رێگه‌یه‌كی پاشه‌كشه‌ی نییه، چونكه ئه‌گه‌ر گریمانه بكه‌ین كه ستالینیزم برووخابایه، ئه‌وا ئه‌گه‌ری ئه‌وه نه‌بوو ستالین هانای بۆ جۆرجییه‌كان هێنابوایه، نه‌شمانزانیوه كه هیتله‌ر به‌ر له رووخانی رژێمه‌كه‌ی هانای بۆ كه‌س بردبێت.
كه‌نعان: له‌مه‌دا له‌گه‌ڵ تۆ كۆكم.
حازم: هیتله‌ر به‌ره‌و پێگه‌یه‌كی بنه‌ماڵه‌یی یاخود رایه‌ڵه‌ی خوێن و خزمایه‌تی نه‌خزا كه‌چی تۆتالیزمه‌كانی عه‌ره‌ب، ئه‌گه‌ر ناوزه‌ندكردنێكی وردترت ده‌وێت، نیمچه تۆتالیتاریان، ئه‌وانه له‌سه‌ر دوو هێڵ ئیشیان كردووه، له‌لایه‌ك مه‌یلی لۆكاڵیان گه‌شه‌ی پێداوه و له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌دا كێشاوه.
له سوریا لازقیه و دێهاته‌كانی ده‌وروبه‌ریان وه‌رگرتووه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا سوریایه‌كی تۆتالیتاریان بنیات ناوه و فاكته‌ره‌كانی لایه‌نگیری (لۆكاڵ) یان گه‌شه‌پێداوه، ئه‌مه‌ش ئه‌و بنكه ره‌سه‌نگه‌رایه‌تییه‌یه به جۆرێك ئه‌گه‌ر ئه‌زموونی تۆتالیتاریزم له سه‌نته‌ردا هه‌ره‌س بهێنێت ئه‌وا لازقیه و تكریت به‌ده‌سته‌وه ماون، تۆ بنكه‌ی خۆت هه‌یه و بۆخۆت ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌م ئاراسته‌یه لای حافز ئه‌سه‌د و لای سه‌دام حسێن بوونی هه‌یه.
كه‌نعان: له‌مه‌دا له‌گه‌ڵ تۆ كۆك نیم، چونكه هه‌ره‌سهێنانی رژێمی تۆتالیتاری به سروشتی خۆی هه‌ره‌سهێنانێكی ته‌واوه‌تییه.
حازم: تۆتالیتاریزم، له ئه‌وروپا به چاویلكه‌ی ده‌وڵه‌ت ته‌ماشای ده‌كرێت، واته ده‌وڵه‌ت یه‌كسانه به كۆمه‌ڵگه‌و كۆنتڕۆڵیشی ده‌كات، به‌ڵام له كۆماڵگه‌كانی ئێمه‌دا ده‌وڵه‌ت هه‌یه، هه‌روه‌ها (كه‌سوكار) هه‌یه، له سوریا‌و عیراق حوكمڕان تۆتالیتاره به‌ڵام كاتێك له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت گه‌مارۆ ده‌درێت ئه‌وا به‌ره‌و ناوچه‌كه‌ی خۆی راده‌كات و گه‌مه‌ی كه‌سوكارچیه‌تی ده‌كات و به‌م پێیه‌ش كێشه‌یه‌كی گه‌وره ده‌خاته به‌رده‌م یاسای ده‌وڵه‌ته‌وه و له‌وانه‌شه كێشه‌ی جه‌نگی ئه‌هلی بخاته روو. ئه‌مه له‌لای هیتله‌ر بۆ كوێ چوو؟ بۆ نموونه نه‌مسا، خۆی له بنه‌ڕه‌تدا كه‌سێكی هه‌ڵكه‌ندراو بوو، ستالین-یش ئایا بچێته جۆرجیا؟ به‌ڵام سه‌دام و حافز ئه‌سه‌د ده‌چنه تكریت و لازقیه، له‌وێ بونیادی خۆیان هه‌یه، له‌وێ تایه‌فه و گرووپ و ناوچه‌ی جوگرافی گرێ‌دراو به خۆیان هه‌یه.
كه‌نعان: واته هیچ نه‌گۆڕاوه، له بیرت نه‌چێت یه‌كێتی سۆڤیه‌ت پله به پله گۆڕا و هه‌ره‌سی نه‌هێنا وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌ڵمانیا هات، له نێوان مێژووی هه‌ره‌سهێنان له (1989)و ماوه‌ی نه‌ریتی تۆتالیتاریزم‌دا ده‌یان ساڵ زه‌مه‌ن هه‌یه و به‌م پێیه‌ش پوكانه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وام هه‌یه له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌یه‌كی ساده‌ی پله به‌پله‌دا. ئه‌مه له سوریا مومكین بووه، به‌ڵام عیراق شتێكی جیاوازه.
سەرچاوە:
تعليقات