خالد سلێمان
3/4/2012
له‌ڕۆژانی كۆتایی مانگی ئایاری ساڵی 1944، خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌و زه‌به‌لاحی رێكخراو و كۆمه‌ڵه ئیسلامییه‌كان، شاری دیمه‌شقی ته‌نییه‌وه‌و بووه‌هۆی گیان له‌ده‌ستدانی چواركه‌س، هه‌روه‌ها ئیفلیجكردنی جوڵه‌ی پایته‌ختی سوریا بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك، ئه‌و رووداوه كه بووه‌ته به‌شێك له‌باسكردن له‌مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیه‌كان له‌سوریاو (ئیخوان موسلیمین) به‌تایبه‌تی، دژی به‌شداریكردنی چه‌ند ژنێكی مسوڵمان له‌ئاهه‌نگێكدا بڕیاروابوو كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ژنان به‌ناوی (جمعیه نقطه الحلیب النسائیه) ئه‌نجامی بدات.
له‌مێژووی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی سوریادا، ئه‌م رووداوه به‌فاكته‌رێكی به‌هێزی له‌دایكبوونی رۆڵی ئیسلامییه‌كان داده‌نرێت، به‌تایبه‌تیش كۆمه‌ڵه‌ی (غه‌ڕا) كه له‌ده‌رگایه‌كی ئاشكراوه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌كانی تردا نه‌هاته ناو دیمه‌نی سیاسییه‌وه به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی به‌ها ئایینیه‌كانی كۆمه‌ڵگاو پارێزگاریكردن له‌ئیسلام، له‌به‌رنامه‌ی زۆربه‌ی زۆری ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌دا بوونه دروشم و ناونیشانی ئه‌و قۆناغه‌ی كۆمه‌ڵگای سوری.
دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌شه‌ست ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌دا، ئه‌مڕۆ له‌میسر كه(ئیخوان موسلیمین) زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، مه‌سه‌له‌ی به‌شداریكردنی ژنان له‌چالاكی هونه‌ری و وه‌رزش و سیاسی‌دا ده‌بێته ناونیشانی هه‌واڵ و روماڵكردنی رۆژنامه‌وانی ئه‌و وڵاته، هه‌روه‌ها تونس و هه‌ندێ وڵاتی تریش. یه‌كێك له‌و مه‌سه‌لانه‌ی له‌م رۆژانه‌دا بووه‌ته بابه‌تی گفتوگۆ‌و ململانێی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌میسردا، ژن و وه‌رزشه، كه به‌لای ئیسلامییه‌كانه‌وه شیاو نییه ژنی مسوڵمان وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌دنیادا هه‌یه موماره‌سه‌ی وه‌رزش بكات.
ئه‌م دوو حاڵه‌ته كه له‌ڕووی زه‌مه‌نییه‌وه شه‌ست ساڵیان له‌نێواندایه، ده‌مانگێڕنه‌وه سه‌ر باسكردن له‌مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ و سه‌رنجڕاكێش، ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و تاكه‌كانه له‌ناو كۆمه‌ڵگادا، به‌شێوه‌یه‌كی دیاریكراوتر مه‌سه‌له‌ی شار‌و سیستمی حوكمڕانییه. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌شار هه‌موو پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و ئتنی و ئابووری و سیاسییه‌كان له‌خۆده‌گرێت، جێگای خواپه‌رستی و وه‌رزش و كات به‌سه‌ربردن و هه‌موو چالاكییه تاكه‌كه‌سی و ده‌سته جه‌معیه‌كانی تێدا ده‌بێته‌وه. هه‌ر هێزێكی سیاسیش خوازیاری ئه‌وه بێت كۆمه‌ڵگای شار به‌پێی خواست و جیهانبینی ئه‌و بسوڕێته‌وه، شار به‌ره‌و ئاقاری ململانێ و پێكدادان ده‌بات. هه‌ر پێكدادانێكیش له‌شاردا رووبدات، هه‌موو ئاسته‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی و گشت ده‌زگای ده‌وڵه‌ت و چالاكییه تاكه كه‌سییه‌كان ده‌گرێته‌وه. رووداوه‌كه‌ی ساڵی 1944ی شاری دیمه‌شق كه‌ئه‌و كۆمه‌ڵه ئیسلامیانه‌ی له‌پشته‌وه بوو له‌كۆتاییدا ئیخوان موسلیمینیان پێكهێنا، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ته‌نها دژی ئاهه‌نگێكی مۆسیقا‌و دانس بوو، به‌ڵام بووه هۆی ئیفلیجكردنی ژیانی ئابووری و رۆژانه‌ی خه‌ڵك بۆ چه‌ند رۆژێك و هه‌روه‌ها له‌ده‌ستدانی گیانی چوار هاووڵاتی.
ئه‌مڕۆش، هه‌موو ئه‌و رووداوه هاوشێوانه‌ی وا له‌میسرو تونس و هه‌ندێ وڵاتی تری ناو دنیای ئیسلامدا (پاكستان وه‌ك نموونه) رووده‌ده‌ن، ره‌نگدانه‌وه‌ی جیاجیایان لێده‌بێته‌وه‌و كۆمه‌ڵێ شار‌و بوئره‌ی شارستانی و دیموگرافی ده‌خاته به‌رده‌م ململانێ و پێكدادانه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ئێستا له‌میسرو تونس و مه‌غریب-سوریاش له‌داهاتوودا له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌كانه‌وه حوكمڕانی ده‌كرێن، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ باری سه‌له‌فییه‌كان و جیهانه داخراوه‌كه‌یان، به‌رپرسیارێتی یه‌كه‌م رووبه‌ڕووی ئیخوان موسلیمین ده‌بێته‌وه. پرسیاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، ئایا شاره بوئره شارستانی و دیموگرافییه گه‌وره‌كانی وه‌ك قاهیره‌و ئه‌سكه‌ندرییه‌و دیمه‌شق له‌سایه‌ی حوكمی ئه‌واندا، كراوه‌و فره ڕه‌نگ و فره ده‌نگ ده‌بن، یان رووداوه‌كه‌ی ساڵی 1944 دووباره ده‌بێته‌وه.
سەرچاوە:
تعليقات