ئاسۆس هه‌ردی
چه‌ند رۆژێكه هه‌رایه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی بابه‌تێك له گۆڤاری چرپه‌دا دروست بووه. له‌لایه‌كه‌وه مامۆستایانی ئاینی‌و لایه‌نه ئیسلامییه‌كان‌و له‌لای دووه‌مه‌وه حكومه‌ت‌و به‌زۆریش به‌شه پارتییه‌كه‌ی حكومه‌ت، داوا ده‌كه‌ن "به‌په‌له‌و بێ دواكه‌وتن" یاسایه‌ك له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربچێت بۆ رێگه‌گرتن له سووكایه‌تی به "پیرۆزییه‌كان"و به‌توندی سزادانی ئه‌وانه‌ی سه‌رپێچی ده‌كه‌ن.
پێشه‌كی با ئه‌وه بڵێم من هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووم‌و نیم هیچ مرۆڤێك ماف‌و ئازادییه‌كانی پێشێل بكرێت‌و سووكایه‌تی به هه‌ست‌و نه‌ست‌و بیروباوه‌ڕی بكرێت، چجای سووكایه‌تی كردن به‌ئاینێك كه نه‌ك هه‌ر له‌كوردستان، به‌ڵكو له‌سه‌رتاسه‌ری
جیهاندا به‌سه‌دان ملیۆن كه‌س باوه‌ڕیان پێیه‌تی. ده‌بێ ئێمه فێری ئه‌وه‌بین رێز له‌یه‌كتر‌و بیروڕاكانی یه‌كتر بگرین. گفتوگۆ‌و ره‌خنه‌و دیالۆگیش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مانای سووكایه‌تی كردن ناگه‌یه‌نێت. خۆ ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووی حاڵه‌تێكی نه‌خوازراوی له‌وجۆره‌ش بووینه‌وه، ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌كی عه‌قلانی ره‌فتار بكه‌ین‌و رێگه بده‌ین یاسا‌و دادگا‌و داموده‌زگاكان كاری خۆیان بكه‌ن. هه‌ندێ جار ناڕه‌زایی له گرووپ‌و ده‌سته‌یه‌كی دیاریكراودا قه‌تیس نامێنێ‌و ده‌شێ به‌شێكی گه‌وره‌و به‌رفراوانی كۆمه‌ڵگه بگرێته‌وه‌و له‌بری گرووپێك، به هه‌زاران كه‌س ناڕه‌زایی ده‌ربڕن‌و تووڕه‌یی خۆیان نیشان بده‌ن (وه‌ك كێشه‌كه‌ی گۆڤاری چرپه). بێگومان ئه‌مه مافێكی ره‌وا‌و رووداوێكی ئاسایی‌و چاوه‌ڕوانكراوه، به‌ڵام له‌م جۆره دۆخانه‌دا، ئه‌وه ئه‌ركی نوخبه‌ی سیاسی‌و خاوه‌ن مینبه‌ر‌و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌كانه یان به كورتی ئه‌ركی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه پێشه‌نگی ئه‌و خه‌ڵكه ناڕازییه‌ن، هوشیاربن‌و رێگه نه‌ده‌ن مافی شه‌رعی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین‌و داواكاری مه‌ده‌نییانه، له‌رێڕه‌وی مه‌ده‌نیانه‌و هێمنانه‌ی خۆی ده‌رچێت‌و به‌ره‌و ئاقاری توندوتیژی‌و خولقاندنی فه‌زای ترس‌و تیرۆر بڕوات. رێگه نه‌ده‌ن هه‌ڵه‌و لادانی یه‌ك یان چه‌ند كه‌سێك، خه‌ڵكی ناڕازی به‌ره‌و هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیجی به‌رێ‌و ده‌رفه‌تێك بداته ده‌ست ئه‌و هێزانه‌ی ده‌یانه‌وێ له‌رێگه‌ی سه‌ركوتكردنه‌وه حوكم‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان درێژه پێ بده‌ن. چونكه له‌مه‌یاندا هیچ لایه‌كمان بێ زیان ده‌رناچین‌و هه‌موومان دۆڕاوی راسته‌قینه ده‌بین، ته‌نها ئه‌وانه نه‌بێت كه وه‌كو كورد ده‌ڵێت "ده‌یانه‌وێت له‌ئاوی لێڵدا ماسی بگرن".
پێم وایه له‌دۆخی ناسكی له‌مجۆره‌دا ده‌بێ زۆر به وریاییه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ین‌و به‌وردی بیربكه‌ینه‌وه، بۆئه‌وه‌ی ناهوشیارانه‌و بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمان بێت، بڕیارێكی هه‌ڵه نه‌ده‌ین. پێش هه‌موو شتێك بابپرسین كێ ئه‌م گۆڤاره له‌هه‌ولێر ده‌رده‌كات؟ سه‌رچاوه‌ی دارایی كێیه؟ پاشان كه‌سێك له‌ئه‌وروپا (وه‌ك ده‌ڵێن) دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كه‌ی خۆی له (فه‌یس بووك) شتێكی ناقۆڵای نووسیوه، بۆچی‌و چۆن ئه‌م گۆڤاره له‌ئه‌رشیفی ئه‌ولاپه‌ڕه‌یه‌دا ده‌گه‌ڕێ‌و بابه‌ته‌كه دۆزێته‌وه‌و له‌ژماره‌ی چوارده‌هه‌میدا‌و رێك دوو رۆژ پێش یادی شه‌هیدی قه‌ڵه‌م سه‌رده‌شت عوسمان، ده‌قاوده‌ق‌و بێ هیچ سانسۆرێك بڵاوی ده‌كاته‌وه؟ ئایا نووسه‌ری بابه‌ته‌كه ئه‌وه‌نده ناسراو‌و قه‌ڵه‌مێكی گه‌وره‌یه كه گۆڤاره‌كه كون به‌كون به‌دوای نووسینه‌كانیدا بگه‌ڕێ؟ ئاخر پێش ئه‌م رووداوه، كێ ناوی ئه‌و نووسه‌ره‌ی بیستبوو؟ پاشان تۆبڵێی ئه‌وانه‌ی 14 ژماره‌ی گۆڤارێكیان ده‌ركردبێ، عه‌قڵیان به‌وه نه‌شكێ ئه‌مه‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن چه‌ند ناڕه‌وایه‌و چۆن خه‌ڵك تووڕه ده‌كات؟ ئه‌ی بۆ بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه؟ بۆ له‌و كات‌و رێكه‌وته دیاریكراوه‌دا؟.... هتد. من هیچ یه‌كێك له‌ستافی ئه‌و گۆڤاره ناناسم، به‌ڵام پێم وایه كاتێك سیناریۆی رووداوه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردوو دێنینه‌وه به‌رچاوی خۆمان، هه‌موو ئه‌م پرسیارانه مه‌نتیقی خۆیان وه‌رده‌گرن... پاشان با بڕوانینه كاردانه‌وه‌كان.
كاردانه‌وه‌ی مامۆستایانی ئاینی‌و لایه‌نه ئیسلامییه‌كان
سه‌ره‌تا هه‌ڵمه‌تێكی توند له‌لایه‌ن مامۆستایانی ئاینی‌و له‌شاشه‌ی كه‌ناڵه ئیسلامییه‌كانه‌وه ده‌ستی پێكرد. ده‌ڵێم "هه‌ڵمه‌ت"، چونكه ئه‌و لێدوان‌و گفتوگۆ‌و به‌رنامانه‌ی له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه بڵاوده‌كرانه‌وه، ته‌نها ناڕه‌زایی ده‌ربڕین‌و ره‌خنه‌گرتن‌و داواكاری نه‌بوون بۆ لێپێچینه‌وه، به‌ڵكو به‌شێكی به‌رچاویان وتاری حه‌ماسیی قاندراو به ته‌كفیر‌و هه‌ڕه‌شه‌كردن بوون. ئه‌و كه‌ناڵانه مایكیان خستبووه به‌رده‌می كه‌سانێك كه گوایه ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر سووكایه‌تی كردن ده‌رده‌بڕن، به‌ڵام لێدوانه‌كانی خۆیان نه‌ك هه‌ر پڕ بوون له سووكایه‌تی كردن، به‌ڵكو خاڵی نه‌بوون له ته‌كفیر كردن‌و به مورته‌د له‌قه‌ڵه‌مدان‌و له‌ئه‌نجامیشدا هه‌ڕه‌شه‌كردن. بۆیه ئێواره‌ی رۆژی 7ی مانگ له هه‌واڵه‌كانی كاتژمێر هه‌شتی كه‌ناڵی نالیادا، باسی ئه‌و فه‌زای حه‌ماسه‌ت‌و نانه‌وه‌ی ترس‌و تۆقاندنه‌م كرد كه ئه‌م جۆره وتارانه دروستی ده‌كه‌ن‌و ده‌شێت ببنه هۆكارێكی به‌هێز بۆ كه‌وتنه‌وه‌ی توندوتیژی. به‌داخه‌وه 24 كاتژمێری ته‌واو تێنه‌په‌ڕی‌و ئه‌و فه‌وزایه روویدا كه له‌هه‌ولێر بینیمان. هۆكاره‌كه‌ش ئاشكرایه: كاتێك حه‌ماسه‌ت‌و ئینفیعال (به‌تایبه‌ت به‌ناوی ئاین‌و خودا په‌رستییه‌وه) زاڵ ده‌بن، ئیدی هیچ جێگه‌یه‌ك بۆ مه‌نتیق‌و عه‌قلانییه‌ت نامێنێته‌وه. بۆیه ده‌مانبینی ته‌نانه‌ت مامۆستایانی ئاینیش له‌توانایاندا نه‌بوو دۆخه‌كه كۆنترۆڵ بكه‌ن‌و سه‌رباری هه‌وڵێكی زۆریان، گوێیان لێنه‌گیرا.
جگه له‌وانه‌ش، من به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌دام كه ده‌ڵێت توندوتیژییه‌كان‌و له‌كۆنترۆڵ ده‌رچوونی ناڕه‌زاییه‌كان، ته‌نها په‌یوه‌ست نییه به خودی بابه‌ته‌كه‌وه (واته سووكایه‌تی كردن به پیرۆزییه‌كانی ئاین)، به‌ڵكو له‌ساتی ته‌قینه‌وه‌ی ناڕه‌زاییه‌كاندا، تووڕه‌یی كه‌ڵه‌كه‌بووی خه‌ڵك له سه‌ركوتكردن‌و ناعه‌داله‌تی، هه‌روه‌ها رێگه گرتنی به‌رده‌وام له ده‌ربڕینی ئازادانه‌ی بۆچوون‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان، ده‌ته‌قێته‌وه‌و ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی توندوتیژی‌و وێرانكاری.
كاردانه‌وه‌ی حكومه‌ت
هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكردنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا، به‌رپرسه باڵاكانی حكومه‌ت كه‌وتنه خۆیان‌و رایانگه‌یاند "سووكایه‌تی به پیرۆزییه‌كانی كۆمه‌ڵگه قبوڵ ناكه‌ن‌و هه‌موو رێوشوێنێكی یاسایی‌و پێویست دژی پێشێلكاران ده‌گرنه‌به‌ر". به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕامان بوو، وتاره‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت بوو. سه‌رۆكی حكومه‌ت باسی له‌وه‌كرد كه گوایه یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری ئازادییه‌كی زۆری داوه‌و... "ئه‌م رووداوه وامان لێده‌كات به‌په‌له داوا له‌په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ین كه یاسایه‌ك ئاماده‌بكرێت بۆئه‌وه‌ی حه‌دێك دابنرێت بۆ ئه‌و هه‌موو سووكایه‌تییه‌ی به‌رامبه‌ر به موقه‌ده‌ساتی ئاینی پیرۆزی ئیسلام‌و، به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر موقه‌ده‌ساتی ئه‌و گه‌له‌و ئاینه‌كانی تر ده‌كرێت". من ده‌پرسم: ئه‌گه‌ر له‌سایه‌ی ئه‌م "ئازادییه زۆره!"دا كوردستان ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆماربكات له پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به رۆژنامه‌نووسان‌و ئازادی راده‌ربڕین به‌گشتی، ئاخۆ ئه‌گه‌ر یاسای توندتر‌و سه‌ختگیرترمان هه‌بێت، حاڵمان به كوێ ده‌گات؟ پاشان وه‌ك هاوه‌ڕێیه‌كی یاساناس بۆی باسكردم، له‌خودی یاسای سزاكانی عێراقیدا‌و له فه‌سڵی دووه‌مدا ماده‌ی ژماره (372) هه‌یه له‌ژێر ناونیشانی (الجرائم التی تمس الشعور الدینی). ئه‌م ماده‌یه سزای توندی بۆ هه‌موو جۆره سووكایه‌تییه‌كی له‌وجۆره داناوه. بۆیه ئه‌گه‌ر به‌راستی مه‌سه‌له‌كه پیرۆزییه دینییه‌كانه، ده‌شێت هه‌ر خودی یاسای رێكخستنی كاری رۆژنامه‌گه‌ری هه‌موارێكی ساده‌ی تێدا بكرێت‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و ماده‌یه‌دا بگونجێنرێت، ئیدی چ پێویستمان به یاسایه‌كی نوێ‌و تایبه‌ت هه‌یه؟ سیناریۆی رووداوه‌كان‌و ئه‌و ئه‌نجامه‌ی حكومه‌ت ده‌یه‌وێ پێی بگات، واته دانانی یاسایه‌كی نوێ بۆ "پاراستنی پیرۆزییه‌كانی كۆمه‌ڵگه، زۆر به‌په‌له!"، وامان لێده‌كات گومان بكه‌ین له‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه ته‌نها ئاین‌و پیرۆزییه‌كانی ئاینه‌كان بێت. با روونتر قسه‌بكه‌م‌و بڵێم: مه‌ترسیه‌كه له‌وه‌دایه، كاتێك ره‌شنووسی ئه‌م یاسایه ده‌چێته به‌رده‌می په‌رله‌مان، مه‌سه‌له‌كه هه‌ر له پیرۆزییه ئاینیه‌كاندا نه‌مێنێته‌وه‌و به‌ناوی به‌ها‌و پیرۆزییه نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانییه‌كانه‌وه، لیستێكی "موقه‌ده‌س" له سه‌ركرده‌و كه‌سایه‌تی‌و حیزبه‌كان دروست بكرێت، كه بێگومان مه‌به‌ست لێی رێگه‌گرتن ده‌بێت له‌وه‌ی ئازادانه بتوانین ره‌خنه‌یان لێبگرین.
جگه له‌وه‌ش وه‌كو له‌شوێنی تریشدا گوتوومه، له‌ساڵانی رابردوودا په‌رله‌مانی كوردستان‌و لیژنه یاساییه‌كه‌ی، سه‌لماندوویانه چه‌ند كۆنه‌پارێز‌و كۆنسێرڤاتیڤن. هه‌موومان له‌بیرمانه ره‌شنووسی یاسای رێكخستنی كاری رۆژنامه‌گه‌ری چۆن له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه شێوێندرا‌و، پاش ناڕه‌زایی به‌رفراوان، سه‌رۆكی هه‌رێم گه‌ڕاندییه‌وه بۆ هه‌مواركردن. بۆیه دیسان مه‌ترسی له‌وه‌دایه ئه‌م په‌رله‌مانه یاسایه‌كمان بۆ ده‌ربكات، كه به‌ناوی پاراستنی پرۆزییه‌كانه‌وه، رێگه‌مان لێ بگرێت ته‌نانه‌ت ره‌خنه له‌دواكه‌وتووترین نه‌ریته‌كانیش بگرین‌و بۆچوون‌و لێكدانه‌وه جیاوازه‌كانیشمان به‌رامبه‌ر به‌ئاین به‌تاوان له‌قه‌ڵه‌م بدات.
پێم وایه حه‌ساسییه‌تی هه‌ندێك لایه‌نی ئیسلامی، ئه‌م دیوه‌و ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ی لێ ون كردوون، چونكه وه‌كو له‌سه‌ره‌وه باسمان كرد، هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا رووداوه‌كه له رووداوێكی دروستكراو ده‌چێت‌و مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كرێت جگه له‌به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی ئازادی بیروڕاده‌ربڕین له‌كوردستاندا، هیچ ئه‌نجامێكی تری لێ نه‌كه‌وێته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ده‌بوو حیزبه ئیسلامییه‌كان‌و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ئۆپۆزسیۆندان، هوشیارانه‌تر مامه‌ڵه‌یان بكردایه‌و بكه‌ن. چونكه به‌دڵنیاییه‌وه یه‌كه‌مین قوربانی ده‌ستی به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی ئازادی راده‌ربڕین، خودی خۆیان ده‌بن.
سەرچاوە:
سایتی ئاوێنە
تعليقات