خالد سلێمان
29/5/2012
پێش ژینۆسایده‌كه‌ی رواندا ساڵی 1994 كه بوه‌هۆی كوژرانی زیاتر له 800 هه‌زار كه‌س و بێده‌ره‌تانكردنی نزیكه‌ی 3 ملیۆن دانیشتیوانی ئه‌و وڵاته‌ی ده‌كه‌وێته خۆرهه‌ڵاتی ئه‌فریقیاوه, نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بڕیار ده‌دات جه‌نه‌ڕاڵی كه‌نه‌دی خانه‌نشینكراو «رۆمیۆ دالێر» وه‌ك سه‌ركرده‌ی تیمێكی بێچه‌ك و بێده‌سه‌ڵاتی كڵاوشینی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بۆ چه‌سپاندنی ئاشتی له‌و وڵاته‌دا دامه‌زرێنێت. رۆمیۆ دالێر, تا ئه‌و چركه‌یه‌ی بۆ كاره‌كه ته‌كلیف ده‌كرێت, نازانێت رواندا له كوێیه, بۆیه ده‌پرسێت رواندا له‌ئه‌فریقیایه, وانیه؟. وڵامی ئه‌م پرسیاره له دووایدا بۆ ئه‌و جه‌نه‌ڕاڵه كه‌نه‌دییه ئاشكرا ده‌بێت و ده‌زانێت كه چی ئیبلیسێك له‌و وڵاته‌دا خۆی حه‌شاردابو, ئیبلیسێك هه‌موو سه‌وزاییه‌كانی رواندای خه‌ڵتانی خوێن كرد.
رۆتینی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان
دوور نیه سه‌رۆكی تیمی چاودێری نێوده‌وڵه‌تی له‌سوریا جه‌نه‌ڕاڵی نه‌رویژی «رۆبیرت مۆد», پێش وه‌رگرتنی كاره‌كانی پرسیاری ئه‌وه‌ی نه‌كردبێت كه سوریا ده‌كه‌وێته خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه, وانیه؟. ئێستا جگه له‌وه‌ی له‌سه‌ر سوریا ده‌نوسرێت و بڵاوده‌كرێته‌وه, زۆر نهێنی هه‌یه ده‌مێننه‌وه‌و دوور نیه تا چه‌ند ساڵێكی تر چاوه‌ڕوانی یاداشته‌كانی رۆبیرت مۆد نه‌بین تا بزانین ورده‌كارییه‌كانی تراژیدیای شارۆچكه‌ی «حه‌وله»ی سه‌ر به‌شاری حومس كه زیاتر له 100 قوربانیی مناڵ و ژن و خه‌ڵكی بێدیفاعی لێكه‌وته‌وه, چۆن بون و ئه‌و كۆده دڕه‌نده‌یه چۆن جێبه‌جێكرا؟.
به‌ڵام ئاماژه‌یه‌كی بچوكی جه‌نه‌ڕاڵه نه‌رویژییه‌كه له لێدوانه رۆژنامه‌وانیه‌كانیدا, له‌سه‌ر ئه‌رك و قه‌باره‌و رۆڵی تیمه نێوده‌ڵه‌تییه‌كه‌ی چاودێریكردنی سوریا, له‌و دۆخه‌مان نزیك ده‌كاته‌وه كه رۆمیۆ دالێر له رواندا تیایدا ده‌ژیاو ورده‌كارییه‌كانی له كتێبێكدا به‌ناونیشانی (ده‌ستی ئیبلیسم گوشی) ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌ویش هه‌ر باسی ئه‌وه ده‌كات كه تیمه بێچه‌ك و بێده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هیچی بۆ نه‌ده‌كراو كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پشتی كردبوه رواندا, له‌ولاشه‌وه ئیبلیسه‌كانی شه‌ڕی ئیتنی خۆیان بۆ قه‌تڵ و عام ئاماده ده‌كرد. دالێر دوای پێنج ساڵ له روودانی تراژیدیاكه ده‌ست ده‌كات به‌نوسینی چیرۆكی تاڵی روانداو بیری ده‌كه‌وێته‌وه كه ئه‌و ته‌وقه‌ی له شه‌یتاندا كردوه, چونكه چاوی به ژماره‌یه‌ك له‌و سه‌ركردانه‌ی ژینۆسایده‌كه‌یان ئه‌نجامدا كه‌وتبو, ته‌وقه‌شی له‌گه‌ڵدا كردبون. هه‌ر له‌و كتێبه‌دا دالێر به‌دوورو درێژی باسی ئه‌و رۆتینه ده‌كات كه له‌ئۆفیسه‌كانی ناو نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كاندا هه‌یه‌و چۆن بوه‌هۆی ئه‌وه‌ی رواندا له‌بیر بكرێت و ده‌ستی پیاوكوژه‌مانیش هه‌تا بێت درێژ بێت.
خاڵی لاوازی چاودێران
گرفته‌كانی رۆتینی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و بێده‌سه‌ڵاتیی تیمه‌كانی و بینی درێژ بۆ زۆر مه‌سه‌له‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی روانداو شوێنی تری جیهان كه چاره‌سه‌ری زوبه‌زو, هه‌روه‌ها تۆكمه‌یان ده‌وێت, به‌شێكن له‌دیمه‌نی سیاسی ئێستای سوریاش. ئه‌وه‌تا سه‌رۆكی تیمی چاودێری رۆبیرت مۆد له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (لۆمۆند)ی فه‌ره‌نسیدا ده‌ڵێت, « هێزی نێردراوه‌كه له 300 چاو‌دێر پێك دێت و نوێنه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر واقیع، به‌ڵام خاڵی لاوازی راسته‌قینه‌ی ئه‌م چاودێرانه ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی بێچه‌كن, توانای سه‌رپه‌رشتی كردنی هه‌مو خاكی سوریایان نیه, هه‌روه‌ها توانای گه‌یشتنیان نیه به خاڵه گه‌رمه‌كان له‌وڵاته‌كه‌دا, به‌رون و ئاشكرا, ئه‌م نیردراوه پشت به نیازپاكی لایه‌نه‌كانی سوریا ده‌به‌ستێت بۆ كۆتایی هێنان به توندوتیژی و بزاوتن به‌ره‌و دیالۆگێكی سیاسی كه تا ئێستا وا ده‌رناكه‌وێت ئه‌نجامدرابێت».
نیازپاكی جه‌نه‌ڕاڵ
ئه‌م قسانه هیچ نین له‌وه زیاتر كه نیازپاكی جه‌نه‌ڕاڵه‌كه خۆی ده‌رده‌خه‌ن و نه‌ناسینی واقیعی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیتنی له كۆمه‌ڵگایه‌كی وه‌ك كۆمه‌ڵگای سوریا, چونكه قه‌یرانی سیاسی ئه‌م چركه مێژوویه‌ی وڵاته‌كه له لایه‌كه‌وه, ئه‌و دڵڕه‌قییه‌ی كه چه‌نده‌ها ساڵه ده‌سه‌ڵات ده‌یچێنێت و ئێستاش بوه‌ته ڕه‌فتارێكی رۆژانه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا له‌لایه‌كی تره‌وه, به‌وه چاره‌سه‌ر ناكرێن, نیازپاكی و دیالۆگی سیاسی وه‌ك چاره‌سه‌رێكی سیحری ته‌ماشا بكرێن. هه‌ڵبه‌ته رۆتین و هه‌نگاوه خاوه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تراژیدیا گه‌وره‌یه‌ی چاوه‌ڕوانی سوریا ده‌كات, یه‌كێك ده‌بێت له هۆكاری هه‌ر كارێكی نه‌خوازرای له‌م شێوه‌یه, به‌تایبه‌تی وڵاته‌كه ژماره‌یه‌كی زۆر له نه‌ته‌وه‌و ئاین و گروپی ئیتنی و مه‌زهه‌بی له خۆده‌گرێت.
نه‌بوونی ئیراده‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی
له‌وانه‌یه ئه‌و رایه له‌جێگای خۆیدا بێت كه خۆرئاوا, به‌تایبه‌تیش ویلایه‌ته‌یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا, نایه‌وێت دیمه‌نه‌كه‌ی عیراق له‌سوریا دووباره بێته‌وه. یانی لابردنی رژێمێك و هێنانی رژێمێكی تر, سبه‌ینێ ده‌رگا به‌سه‌ر دیموكراسیه‌ت و ته‌نانه‌ت رێزگرتنی قوربانیه‌كانی رزگاربونیشدا دابخات. ئه‌مه‌ش له‌عیراقدا رویدا‌و هه‌ر دوای روخاندنی ڕژێمی سه‌دام حسێن, هێزه ئاینییه‌كان, هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌و بونه دوژمنی ئه‌مریكاو هێزه هاوپه‌یمانه‌كان, به‌ڵام له‌ڕووی مرۆییه‌وه ئه‌م ته‌فسیرو بۆچونه كورت ده‌هێنێت و تا كۆتایی بڕناكات, چونكه هێشتنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ی سوریا له‌م بارودۆخه‌دا, به تیمی بێچه‌ك و بێده‌سه‌ڵاتی UN و رۆتین و هه‌نگاوی خاو, هه‌روه‌ها نه‌بونی ئیراده‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كۆتایی هێنان به‌م كاره‌ساته‌ی سوریه‌كانی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بن, له‌رواندا زیاتر هیچ شتێكی ترمان بیر ناخه‌نه‌وه. چونكه ئیبلیسی قه‌تڵ و عام له‌هه‌مو شوێنێكدا خۆی حه‌شارداوه.
سەرچاوە:
تعليقات