خالد سلێمان
8/6/2012
ته‌مه‌نی 17 ساڵ بوو، له شاری وان ئۆتۆمبێلی ده‌شۆرد و خه‌رجیی ڕۆژانه‌ی خۆی ده‌رده‌كرد. نه‌یده‌زانی كورده‌و تاكه شتێك له‌سه‌ر كوردێتی خۆی بیری بكه‌وێته‌وه ئه‌وه‌یه كه باپیره‌ی نه‌یده‌زانی به توركی قسه‌بكات و ئه‌مه‌شی وه‌ك خه‌ونێك بیر ده‌كه‌وێته‌وه.
نه‌جمه‌دین سالاس كه وه‌ك به‌شێكی ژماره‌یه‌كی ئه‌و ده‌مه‌ی گه‌نجانی باكوری كوردستان، به‌لای چه‌پ و بزوتنه‌وه‌ی چه‌پدا ده‌شكایه‌وه، ڕۆژانه دوای هاتنه‌وه له‌قوتابخانه‌ی دواناوه‌ندی ده‌چووه گه‌راجی ته‌كسییه‌كانی شار‌و سه‌یاره‌ی ده‌شۆرد.
دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه
ڕۆژێك كه‌سێك به‌ناوی خه‌لیل پێی ده‌ڵێت: نه‌جمه‌دین تۆ كوردیت و ئه‌م شاره‌ی تیایدا ده‌ژیت یه‌كێكه له شاره‌كانی كوردستان. ئه‌م قسه‌یه جگه له‌وه‌ی تووشی شۆكی ده‌كات، بێزاری ده‌كات و له‌به‌رچاوی خۆیدا بچوكی ده‌كاته‌وه، چونكه لای ئه‌و بوون یانی پیس و چیایی و توركی نه‌زان و ناشارستانی. ئه‌م وێنانه له‌مناڵییه‌وه له‌یاده‌وه‌ریدا ده‌چێنرێن و ده‌بنه به‌شێكی له كه‌سایه‌تی و بیركرنه‌وه‌ی.
به‌ڵام ساڵی 1975 خه‌لیل كه توركێكی شاری وان ده‌بێت و به‌شێك ده‌بێت له‌چه‌په‌كانی ئه‌و شاره، نه‌جمه‌دین ده‌خاته به‌رده‌م لێكترازان و پرسیارێكی كۆن كه‌هه‌رگیز له خودی خۆی نه‌كردبوو، ئه‌وه‌یه كه بۆ باپیره‌ی توركیی نه‌ده‌زانی؟
خه‌لیل كه خاوه‌ن ته‌كسی بوو، برایه‌كیشی له‌پۆستی پۆلیسی شاره‌كه‌دا كاری ده‌كرد و ئه‌ویش له‌ناو چه‌په‌كانی شاردا بوو، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م گه‌نجه كورده بخاته به‌رده‌م ئاوێنه شكاوه‌كه‌ی مناڵییه‌وه، چه‌ندین كتێبی ده‌داتێ و داوای لێده‌كات بیانخوێنێته‌وه. له قۆناغی یه‌كه‌مدا چیرۆكه‌كانی عه‌زیز نه‌سین و ڕۆمانه‌كانی یه‌شار كه‌مالی ده‌داتێ، ئه‌میش وه‌ك ئه‌ركێكی چه‌پانه‌و خه‌باتكارانه‌ی چینایه‌تی ده‌یانخوێنێته‌وه‌و خۆشی ئاماده ده‌كات بۆ هه‌ر پرسیارێك ده‌رباره‌یان.
لێكترازان
كاتێك خه‌لیل نهێنی كوردبوونی بۆ ده‌دركێنێت، ژیانی ناوه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین ده‌گۆڕێت و ده‌كه‌وێته نێوان به‌رداشی دوو ناسنامه‌وه، یه‌كه‌میان ناسنامه‌ی (ئه‌فه‌ندی)یه‌كی قیت و قۆز و شارستانییه، هه‌رچی ئه‌وه‌ی دوه‌میانه ناسنامه‌ی لادێیه‌كی پیس و دواكه‌وتووه.
ئه‌مه ئه‌و وێنا سه‌یره‌یه كه ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیستی توركی به‌درێژایی مێژووی خۆی له‌پێناوی لێدانی كه‌سایه‌تی و كولتوری كورددا، كاری له‌سه‌ركردوه‌و كه‌سه‌كانی پێ گۆش كردوه.
نه‌جمه‌دین به‌لایه‌وه ئاسایی بوو له نێوان كچ و كوڕه گه‌نجه‌كانی ئه‌و ده‌مه‌ی شاری وان كه ژماره‌ی دانیشتیوانی نزیكه‌ی 35 هه‌زار كه‌س بوو جلێكی كۆن و داڕزاوی له‌به‌ردا بێت، وه‌ك ده‌یگێڕێته‌وه ئینتیمای بۆ چه‌پ به‌رگرییه‌كی ناوخۆییان له‌به‌رده‌م مۆدو خۆشییه‌كانی ژیاندا بۆ دروستكرد بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆخی هه‌ژارییه و نه‌بونییه، ئه‌و باكگراونده سیاسیه‌ی له پشته‌وه نه‌بوایه، زه‌حمه‌ت بوو ته‌نها به كوردبوون به‌ره‌نگاری بكرایه.
له‌م قۆناغه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شتێكی ئه‌وتۆی له سه‌ر سۆسیالیزم و بیری ماركسیزم نه‌ده‌زانی، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بچێته زانكۆ بووه خاوه‌نی ناسنامه‌یه‌كی سۆسیالیستانه‌و هه‌روه‌ها كوردانه.
له‌به‌ر بارودۆخی ئابووری، نه‌جمه‌دین ده‌بێته شۆفێری ته‌كسی و ژیانی زانكۆ دواده‌خات، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكی باشی بۆ دروست ده‌كات بۆ به‌رده‌وام بوون له كاری سیاسی و ده‌بێته ئه‌ندامی رێكخراوی دیموكراسی و كولتوری له شاری وان. به‌م شێوه‌یه ساڵی 1976 ده‌بێته كوردێك و سۆسیالیستێك. قسه‌كانی ڕێبه‌ری كوردبوونیشی «خه‌لیل»، نه‌ك ته‌نها ده‌بنه ڕاستیه‌ك، به‌ڵكو هانی ده‌ده‌ن بیر له‌به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌و ساڵانه بكات وا باوك و دایكی كوردبوونی خۆیان تێدا شاردبوه‌وه.
نه‌جمه‌دین ده‌ڵێت: بۆم ده‌ركه‌وت، باوك و دایكم له‌ترسی ئه‌وه‌ی وه‌ك چیایی و به دواكه‌وتوو له‌قه‌ڵه‌م نه‌درێین و به‌چاوی سوكه‌وه ته‌ماشا نه‌كرێین، كوردبوونی ئێمه‌و خۆیانی شارده‌وه، ئه‌وانیش له‌ناو كلتوری توركیدا توابوونه‌وه.
مردن بۆ كۆلۆنیالیزم
شه‌وێك له‌گه‌ڵ هه‌ندێ هاوڕێی كورد و توركی چه‌پدا، له‌سه‌ر دیواره‌كانی وان ده‌ست ده‌كه‌ن به‌نوسینی دروشمی وه‌ك (بژی ئازادی، مردن بۆ كۆلۆنیالیزم)، به‌ڵام دوای ته‌واوكردنی كاره‌كه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یان كه هێشتا ده‌ستیان به بۆیه‌وه ده‌بێت، پۆلیس ده‌یانگرێت و بۆ یه‌كه‌مجار نه‌جمه‌دین ده‌كه‌وێته زیاندانه‌وه.
لێره‌دا باسی ئه‌وه ده‌كات كه چۆن پۆلیسه‌كان نه‌یانده‌زانی «كۆلۆنیالیزم» چییه و لێی تێنه‌ده‌گه‌یشتن. له‌وه‌ش سه‌یرتر كه باسی ده‌كات ئه‌وه‌یه حاكم له دادگادا به‌نه‌رم و نیانی مامه‌ڵه ده‌كات و نه‌جمه‌دین به چه‌پی ناوزه‌ند ده‌كات، چونكه ئه‌و پێی وتون: واز له‌م دروشمانه بێنن و بڕۆن له‌سه‌ر نان و بژێوی خه‌ڵك قسه بكه‌ن.
دوای ئه‌م چالاكییه سیاسییه‌و چوونه ناو زیندانه‌وه بۆ یه‌كه‌مجار، ئاماژه‌كانی تۆڕه‌بونی باوكی نه‌جم ده‌رده‌كه‌وێت و له قۆناغێكیشدا ده‌گاته ئاستی ئه‌وه‌ی كه‌له‌ماڵ ده‌ریبكات، چونكه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تی ئۆتۆمبێل لێخوڕین به‌ده‌ست ده‌هێنێت و ده‌ست ده‌داته كاركردن، واز له سیاسه‌ت ناهێنێت و جارێكی تریش ده‌كه‌وێته زیندانه‌وه‌و ڕوبه‌ڕوی ئه‌شكه‌نجه ده‌بێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی خواسته‌كانی باوكییه‌وه بووه.
ساڵی1977 له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه په‌رسته‌كانی توركدا تووشی شه‌ڕێك ده‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌ی جار پێشوه‌وه حاكمی ئه‌مجاره ناسیۆنالیستێكی تورك ده‌بێت و سێ مانگ ده‌یخاته زیندانه‌وه.
دوای هاتنه ده‌ره‌وه‌ی له زیندان پیاوێكی كورد به‌ناوی حه‌مید ته‌كسییه‌كی بۆ كاركردن به‌قه‌رز ده‌داتێ و ئه‌ویش ده‌چێته سه‌ندیكای شۆفێرانی ته‌كسی بۆ ده‌ركردنی مۆڵه‌تی كاركردن. ئیتر كوردایه‌تی و كاری سه‌رته‌كسی و خه‌باتی چینایه‌تی تێكه‌ڵ به‌یه‌كتری ده‌بن و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، (ده‌خه‌بتێ)، یانی خه‌بات ده‌كات.
جارێكی تر زیندانی
ساڵی 1980 كه ده‌وڵه‌ت به‌ده‌ست عه‌سكه‌ره‌وه ده‌بێت، نه‌جمه‌دین كۆلێژی په‌روه‌رده له زانكۆی وان ته‌واو ده‌كات و ده‌بێته مامۆستا، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر له‌كاركردن مه‌حروم ده‌كرێت، به‌ڵكو جارێكی تر زیندانی ده‌كرێت و ده‌برێته (زیندانی سه‌ربازیی 5 له دیاربه‌كر) كه ناوی لێده‌نێت (گوانتانامۆی دیاربه‌كر).
نه‌جمه‌دین ده‌ڵێت: زۆربه‌ی زیاندانییه‌كان كورد بوون و توركیان كه‌م تێدابوو، دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵ و نیوێك ده‌ركرامه ده‌ره‌وه بۆ خزمه‌تی سه‌ربازی و به چوار مانگ خزمه‌ته‌كه‌م ته‌واوكرد، به‌ڵام دووای ئه‌و ماوه‌یه جارێكی گه‌ڕامه‌وه زیندان و سێ ساڵ و نیوی ترم ته‌واو كرد، چونكه ماوه‌ی زیندانیه‌كه‌م 5 ساڵ بوو.
ده‌رزی ئاژن
یه‌كێك له‌و وێنانه‌ی نه‌جمه‌دین باسی ده‌كات و هه‌رگیز له‌بیری ناچێته‌وه، ئه‌و چركانه‌یه كه كه‌سوكاری زیندانییه‌كان ده‌هاتنه سه‌ردانیان. ئه‌و ده‌گێڕێته‌وه كه چۆن جه‌لاده‌كان ئه‌و چركانه‌یان هه‌ڵده‌بژارد بۆ ئه‌شكه‌نجه‌ی سایكۆلۆژی و جه‌سته‌یی و ده‌ڵێت: كه‌كه‌سوكار ده‌هاتن، له‌سه‌ر سك ده‌چووین بۆ په‌نجه‌ره‌ی بینین، چونكه قاوشه‌كه ئه‌وه‌نده نزم بو جێگای وه‌ستانی تێدا نه‌بوو، ته‌نها جێگای ئه‌وه‌شمان هه‌بوو كه نیوه‌ی جه‌سته‌مان ده‌ركه‌وێت و هیچی تر. له‌وه‌ش سه‌ختر و ئازاراویتر ئه‌وه‌بوو جه‌لاده‌كان له كاتی بینینی كه‌سوكاردا له خواره‌وه زیندانه‌كه‌یان ده‌رزی ئاژن ده‌كردن و نه‌ده‌بوایه قسه یان هاواری بكردایه.
ژماره‌یه‌ك له زیندانییه‌كان له‌گوانتانامۆی دیاربه‌كر به‌رگه‌ی ئه‌شكه‌نجه ناگرن، له‌ناویاندا زیندانیی ده‌بێت، كه شێت ده‌بێت و ده‌مرێت، چونكه شێوازه‌كانی ئه‌شكه‌نجه وه‌ك باسی ده‌كات له‌و په‌ڕی دڵڕه‌قیدا ده‌بن، له‌و په‌ڕی ساردیی زستاندا ده‌رگاكان ده‌كرانه‌وه، له‌و په‌ڕی پله‌ی گه‌رمای هاوینیشدا داده‌خران و ئه‌وه‌نده جه‌سته‌ی ته‌پێنرابوونه قاووشه‌كانه‌وه جێگای دانیشتنیش نه‌ده‌بوو.
یه‌كێكی تر له‌و حاڵه‌تانه كه نه‌جمه‌دین له‌بیری ناكات تینوێتی ناو زیندانی (5)ی دیاربه‌كره، (له‌و گه‌رمایه‌دا تا ده‌كرا بێ‌ئاو ده‌كراین و جاری واهه‌بوو تینوێتی ئه‌وه‌نده كاری تێده‌كردم هه‌ستم به‌وشكبونه‌وه ده‌كرد). له‌وێدا زۆرێك له‌به‌رهه‌ڵستكارانی كورد و تورك ده‌بینێت و له‌وانه مه‌زلوم موراد و كه‌مال پیر كه له زیندانه‌كه‌دا ده‌مرن.
له شه‌ڕی (تورك-كورد)ه‌وه بۆ ئه‌منه سوره‌كه
ساڵی 1987 نه‌جمه‌دین، به‌شێنه‌یی له‌ده‌ره‌وه‌ی گوانتانامۆی دیاربه‌كر بیر له‌نووسین له‌سه‌ر شه‌ڕی درێژخایه‌نی ده‌وڵه‌تی تورك دژی كورد ده‌كاته‌وه‌و بۆ یه‌كه‌مجار له گۆڤاری تۆپلومسال كورتولوس كه گۆڤارێكی تیۆریی سۆسیالیستی ده‌بێت و عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان تیایدا ده‌ینووسی، وتارێكی سیاسی بڵاو ده‌كاته‌وه‌و هه‌ر له‌و گۆڤاره‌دا به‌رده‌وامی به‌نووسین ده‌دات.
ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ك ده‌بێت بۆ نووسینی كتێبێك له‌سه‌ر شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیستی تورك دژی كورد به‌ناونیشانی (شه‌ڕی تورك و كورد). به‌شێكی ئه‌و كتێبه ته‌رخان ده‌كات بۆ كۆمه‌ڵكوژییه‌ك كه كه‌سی تر پێش ئه‌و باسی لێوه ناكات، ئه‌ویش كۆمه‌ڵكوژیه‌كه‌ی ناوچه‌ی زیلانه كه نزیكه‌ی 75 كیلۆمه‌تر له وانه‌وه دووره‌و ساڵی 1929 زیاتر له 15 هه‌زار ئینسانی كوردی له بێده‌نگیدا تێدا كوژرا.
پێش ئه‌م كتێبه هێچ شتێك ده‌رباره‌ی (زیلان) ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت كه زیاتر 25 گوندی تێدابوو. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره نه‌جمه‌دین ده‌چێته ئه‌و ناوچه‌یه‌و سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه ده‌كات كه كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی تێدابووه‌و ژن و پیاوێك ده‌دۆزێته‌وه كه كوشتوبڕه‌كانیان به‌چاوی خۆیان بینیبوو. كتێبی دووه‌می به‌ناونیشانی (ئه‌و ده‌مه‌ی كورد بووم) ده‌بێت و چیرۆكی خۆی و هاوڕێكانی له‌گوانتانامۆی دیاربه‌كر ده‌گێڕێته‌وه.
ساڵی 2005 نه‌جمه‌دین دێته سلێمانی و ده‌ست ده‌كاته نووسینی كتێبێك له سه‌ر هه‌له‌َبجه به‌زمانی توركی و هه‌ر ئه‌و كتێبه ده‌كرێته پرۆژه‌ی فیلمێكی دۆكۆمێنتاری و به‌هه‌مان زمان ئه‌نجام ده‌درێت.
ئه‌و خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینێت زیندانی سه‌ربازیی (5)ی دیاربه‌كر وه‌ك ئه‌منه سوره‌كه‌ی سلێمانی بكرێته مۆزه‌خانه‌یه‌ك و ببێته به‌شێك له‌یاده‌وه‌ری و مێژووی شاره‌كه، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی توركی نیازی ئه‌وه‌یه بیڕوخێنێت و له‌ناوی ببات، چونكه به‌لای نه‌جمه‌دینه‌وه كردنی گوانتانامۆی دیاربه‌كر به‌مۆزه‌خانه‌یه‌ك یانی تۆماركردنی ساڵانێكی زۆر له دڵڕه‌قی ده‌وڵه‌تی تورك دژی كورد.
سەرچاوە:
تعليقات