التخطي إلى المحتوى الرئيسي

خۆڵبارین، دووژمنە هەر ئازیزەکە


خالد سلێمان
ڕۆژی (20/5/2012) کە لە سلێمانیەوە بە سەفەرێک بەرەو هەولێر کەوتمە، کەش و هەوایەکی  ئاسایی لە ئارادابو، تا گەیشتن بەهەولێرو نزیکەی کاتژمێر (4)ی ئێوارە هەمو شتێک وەک خۆی بو. دوای ئەو کاتەو لە چاوتروکانێکدا شینایی ئاسمان ونبو، بایەکی بەهێز دەستی پێکردو شارەکە نوقمی خۆڵبارین بو. ئەوەی جێگای سەرنج بو لەو ئێوارەیەدا سەرسوڕمان نەبونی خەڵکی هەولێرو شارەکانی تری کوردستانە بەم جۆرە تەوژمە خۆلڕویە وا بوەتە دوژمنێکی ئازیزمان و هەفتەی جارێک ژیانمان نوقمی تەنگە نەفەسی دەکات؛ یانی بە کورتیەکەی لەگەڵیدا
ڕاهاتوین و لەهەندێ شوێنی عیراقدا لەبەرئەوەی دەزگاکانی کەشناسی و زەویناسی و حکومەت هیچ شتێکی ئەوتۆی لەسەر ناڵێن کە جێگای لەسەرڕاوەستان بێت، خەڵک نوکتەی لەسەر دەردەکات. یەکێک لەو نوکتانە دەڵێت: " هۆکاری ئەم هەمو خۆڵبارینە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی عیراقیە ڕاکردوەکانی دەست شەڕی مەزهەبی دوای 2003  بەهۆی سەقامگیری باری ئەمنییەوە بەپێ دەگەڕێنەوە وڵات".
ئەم ڕاهاتنە لەگەڵ خۆڵبارینداو، ئەم جۆرە میزاجەش لەنوکتەکردن لەسەر خۆڵبارین، دوای زیاتر لە 8 ساڵ بەردەوامبونی دیاردەکە، نەبونەتە هۆی ئەوەی ناوەندە زانستییەکان زانیارییەکی تەواو بگەیەننە هاووڵاتیان لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە هیچ بەرنامەیەکی حکومی نیە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم دوژمنە لەناکاوەی هەر هەفتەیەک، یان کەمکردنەوەی زیانەکانی بۆ سەر ژیانی خەڵک. دوریش نیە هەر ئەم خەمساردییە زانستی و حکومیە وایان لەخەڵک کردبن کە لەگەڵ خۆڵدا ڕابێت و نوکتەشی لەسەر دروست بکات. بەڵام دەبێت بیر لەو بکەینەوە کە خۆڵبارین تەنها بۆ چەند ڕۆژێک تەنگە نەفەسمان ناکات بەڵکو تێکەڵ خۆراک و ئاوی خورادنەوەمان دەبێت و گەردەلولەکان لەگەڵ خۆیاندا ملیارەها ئەتۆمی ورد دەکەنە دووژمنی ڕۆژانەمان و داهاتومان دەخەنە بەردەم گەورەترین مەترسییەوە.
هەندێ زانیاری بنەڕەتی
ئەوەی دەزگاکانی باسی دەکەن، چەند جۆرێک لە خۆڵبارین، یان گەردەلولی خۆڵ هەیە کە بەم شێوەیەن:
یەکەم: جۆرێک لو خۆڵبارین هەیە کە لە ناوەرَاستی کێشوەری ئەفریقیاوە دەست پێدەکات و بەپێی ئاراستەی با بەسەر هەندێ شوێنی جیهاندا دەنیشێتەوە، وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێک لە ئەوروپاو ئەمریکاو ئاسیا و باکوری ئەفریقیا خۆی.
دوەم: ئەو خۆڵبارینەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دورگەی عەرەبی دەگرێتەوە، بەشێکی سەرچاوەکەی لە خاکی عیراقەوەیە کە ڕەنگەکەی سورەو گیروگرفتێکی زۆر بۆ ئەو کەسانە دروست دەکات کە نەخۆشی "ڕەبو"یان هەیە، ئەویش بەهۆی ئەتۆمی زۆر وردی ناو خۆڵەکەوە.
سێیەم: سەرچاوەیەکی تری خۆڵبارین کە بیابانەکانی "میسر"ەوە دەست پێدەکات و جۆری خۆڵەکەی سپیەو زیانی کەمترە لەوەی عیراق و زۆریش ناخایەنێت.
چوارەم: بەشێکی تری خۆڵبارین دەگەڕێتەوە بۆ چالاکیەکانی دەریای سپی ناوەڕاست. هۆکاری ئەمەشیان دەگەڕێتەوە بۆ بەرزی و نزمی پاڵەپەستۆی کەش و هەواو دەرکەوتنی "هەوری کەوتوو" کە پێکاتەیەکی بەهێزی هەیە و شاقوڵییە و باران و تەرزەی لە دواوەیە.
هۆکارەکان
یەکێک لەو هۆکارە سەرەکیانەی وا لە هەمو بۆنەیەکدا باس دەکرێت، فراوانبونی ڕوبەری وشکانیە لە ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و بەشێک لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم فراوانبونی ڕوبەری وشکانیەش بوەتە هۆی:
یەکەم: فشەڵبونی توێکڵی سەرەوەی زەوی
دوەم: کەمبونی ڕوبەری سەوزایی و دارو درەخت
سێیەم: بونی جوڵەی بەردەوام لە توێکڵی سەرەوەی زەوی
چوارەم: کەمبونی ڕێژەی ئاوی سەر زەوی (ڕوبارو کانی و گۆماو)
پێنجەم: هەڵبەتە لەسەروی هەمو ئەمانەوە، هۆکارێکی تری گلۆباڵ هەیە ئەویش گەرمبونی گۆی زەوییەو توانەوەی چیا بەفرینەکانی جەمسەری باکورو باشور کە بوەتە هۆی زیادبونی رێژەی ئاو لە ئۆقیانوس و دەریاکاندا بە هۆی قەتیسبونی هەوا لەسەر زەوی و گۆڕانێکی بەرچاو لە پلەی گەرما و سەرما کە زۆر جار لە کاتی چاوەڕان نەکراودا ڕودەدات.
شەشەم: ئەوەی پیوەستە بە عیراقەوە، بەشێک لە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە دوای ساڵی 2003، جوڵەی سوپای ئەمریکی بەو هەمو ئامێرە سەربازییەوە لە باشوری عیراقدا بەشێوەیەکی بەرچاو بوەتە هۆی جوڵاندن و هەژاندنی تۆێکڵی سەرزەوی. چونکە پێش ئەو مێژووە دیاردەی خۆڵبارین کومتر بوە لە عیراقداو بەپێ هەمو زانیارییەکانیش دوای ئەو ساڵە زیادی کردوە.
لەپاڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا هەر تەوژمێکی سارد کە لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە هەڵدەکات و لەگەڵ پلەکانی گەرمادا بەریەک دەدەوێت، توێکڵی سەرەوەی زەوی هەڵدەچێت و دەبێتە هۆی دروستبونی گەردەلولی خۆڵ کە وەک زاناکانی جیۆلۆجیا باسی دەکەن، ئاکامێکی ژینگەیی خراپی لێ چاوەڕوان دەکرێت.
چارەسەر هەیە؟
لەگەڵ ئەوەی دیاردەی گەرمبون و قەتیسبون گڵۆباڵە، زاناکانی بواری جیۆلۆجیاو ژینگە باس لەوە دەکەن بەرەنگاربونەوەی دیاردەی گەردەلولە خۆڵاویەکان دەکرێت لەم ڕێگایانەوە بێت:
یەکەم: سنور دانان بۆ چالاکی وەک پستێنی سەوزی هەڕەمەکی و پەنابردن بۆ سیاسەتی سەوزکردنی بەرفراوان کە تەنها شارەکان نەگرێتەوە بەڵکو هەمو ناوچەکانی وڵات.
دووەم: داڕشتنی سیاسەتێکی درێژخایەن لە بواری ئاوداو چالاککردنی کشتوکاڵ
سێیەم: ڕاگرتنی چالکی پیشەسازی هەڕەمەکی و نەوروژاندنی توێکڵی سەرەوەی زەوی
چوارەم: پەنابردنە بەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لەبواری ژینگەو هێنانی ئەزمونی جیهانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی وشکەساڵی
پێنجەم: چالاککردنی ڕۆڵی کۆمەڵگای مەدەنی لەبواری ژینگەو دەستپێکردنی هەڵمەتی سەوزاندن لەسەر ئاستی وڵات.

سەرچاوە:      
   

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

هەر دەوڵەتێکی کوردی لەم دۆخەدا لە دایکبێت، وەک ئەوەی باشوری سودان دەبێت*

خالد سلێمان سیاسەتی ڕاستەوخۆ، ناڕاستەوخۆی شانشینی سعودی، قەتەر، تورکیا بەرامبەر عیراق و سوریا، لە حەڵەتی پاشەکشەی یەکجارەکی پرۆژەی دەسەڵاتێکی ئیسلامی ( ئیخوان، بەرەی نوسرە، ئەحراری شام، سوپای ئیسلام .. هتد ) ، کار بۆ دامەزراندنی کیانێکی سوننەی سەربازی دەکات، کە دور نیە، بەعسیەکانی ناو داعش، تۆوی ئەو کیانە بن . یانی داعشیش بەشێک دەبێت لە نەخشە سعودی - قەتەری - تورکیەکە .  ئێستا هەوڵی هەرسێ جەمسەرەکە لەوەدا کۆدەبێتەوە، چۆن لە ڕێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتە کوردیەکانی ناو ئیئتلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە، کوردیش بەشێک بێت لەو کیانە سوننییە . لەوانەیە ئەمە باشترین دەروازە بێت بۆ تەماشاکردنی دیمەنی هەرێمی کوردستان، کە لە ڕوی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە لە خراپترین ئاستیدایە، بگرە لەبەردەم داڕوخانێکدایە کەس مەزەندەی دەرەنجامەکانی ناکات . بەڵام ئەوەی لەناو دیمەنێکی سیاسی، سۆسیۆ - ئابوری خراپی وەک ئەوەی ئەمڕۆماندا، هەژمونی خۆی هەیەو ڕای

ئاین لەمیتۆدەکانی پەروەردەی کوردستاندا ‌

خالد سلێمان‌ 15/5/2015 ساڵی ٢٠١٢ لەبەر ڕازی نەبونی مەسیحیەکان و کاکەییەکان لەسەر ئەو بەشانەی لە کتێبی “ئاین ناسی” لە میتۆدی خوێندندا، ئەو دوو چاپتەرەی بۆ ئەوان  لە کتێبەکەدا دانرابون لە سەر خواستی خۆیان  لابران. ئەمە هەنگاوی یەکەمی ئەو قەیرانەی پەروەردەیە کە تا ئەم ساتە لە کوردستاندا بەردەوامە. مەسیحییەکان پێیان وابو کە چیرۆکی لە دایکبونی مەسیح بەشێوەیەکی ناڕاست نوسرابو، بۆیە داوای لابردنیان کرد. ئەوەی پەیوەست بو بە کاکەییەکانەوە، بوون بەدوو بەشەوە، بەشێکیان پێیان وایە ئەوان موسڵمانن و نابێت وەک ئاینێکی جیا تەماشا بکرێن، بەشێکی تریان پێیان وایە کە ئاینەکەیان جیایەو ئەوەی لە میتۆدەکەدا نوسراوە ڕاستە. ئەم جیاوازیەش لای ئەوان بوە هۆی لابردنی ئەو بەشەی لە کتێبەکەدا لەسەر کاکەیی نوسرابو. کتێبی ئاینناسی لە قۆناغەکانی  (١٠، ١١، ١٢)ی خوێندندا لە پێناو ئەوەدا بوو کە خوێندکارانی کوردستان جگە لە ئاینی ئیسلام ئاینەکانی تریش بناسن، بەڵام پرۆژەکە لەسەرەتادا - بەتایبەتی لە کتێبی قۆناغی ١٢دا- توشی دوو گرفت بوو، یەکەمیان ئەوەبو کە وانەکانی خوێندن لەسەر مەسیحی و ئێزدی و کاکەیی و ئاینەکانی تر لەڕووان

کۆڵۆنیکەرانی کوردستان، ئەگەر ژێردەستەی کۆڵۆنیالیزم خۆی نەبوبن، ئەوا لە ڕەحمی چەتەگەرێتی هاتونەتە دەرەوە

خالد سلێمان من کوردێکی کۆڵۆنیکراوی ناڕازیم، مەرجەکانی کۆڵۆنیکەرانی کوردستانم قبوڵ نەکردوە، بەڵام نوخبەیەکی سیاسی نوێنەرایەتی خودی کۆڵۆنیکەران دەکات، سوپایەک لە نوسەرو قسەکەرو ڕۆژنامەنوس و توێژەرو ئەکادیمی بۆ لێدانی کۆڵۆنیکراوی ناڕازی لە دۆخی وڵاتێکی کۆڵۆنیکراو دروست کردوە . من بە شورەیی دەزانم خەڵکانێک هەبن دژی خوێندن بە زمانی کوردی خۆپیشنادان بکەن، چونکە ئەمە مانتاڵێتی کۆڵۆنیکەر بەرجەستە دەکات، بەڵام، پێگەکانی کۆڵۆنیالیستی ناوخۆیی " زاڵم " ، یان با بڵێین نوێنەرەکانی کۆڵۆنیالیزم لە کوردستاندا، رەنگی وێنەکانی خۆیان کە پیاوە بێگانەکان دروستیان کردوە، تۆختر دەکەنەوە . کۆڵۆنیکەرانی کوردستان لەو بەشانەی لە ژێر دەستی خۆیاندایە، خەڵک دەکوژن و تەنها بە گومان کردنێک کوردی کۆڵۆنیکراو تا بەردەم پەتی سێدارەش دەبەن، کەچی لە بەشەکانی تر دەرەوەی هەژمون و دەسەڵاتی خۆیاندا، لەو شوێنانەی، کۆڵۆنیالیستێکی تر، داگیرکەرێکی تر، ئەفسەرێکی تر خەریکی داماڵینی مرۆڤی کوردە