خالد سلیمان
"ئیسلام له‌م ناوچه‌یه‌دا به‌شێكی دانه ب‌ڕاوی ژیان و بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه"‘ ئه‌مه قسه‌ی تاكه كه‌سێك نیه‌و چه‌نده‌ها دیارده‌ی به‌رجه‌ستبوی ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك له فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری و ئابوری‌دا باكگراوندی ئه‌و قسه‌یه‌ن. له‌وانه‌یه مزگه‌وت دیارترین نمونه‌ی ئه‌و ژینگانه بن وا نوسه‌رێك لێیان ده‌كۆڵێته‌وه‌و ده‌یانخاته كه‌ره‌سته‌ی گه‌ڕان به‌دووای ڕه‌گوڕیشه‌ی سه‌له‌فیزمدا. له شوێنێكی وه‌ك (رأس العین) له پایته‌ختی ئه‌رده‌ن كه هه‌مو خه‌سڵه‌ته‌كانی ناسنامه‌یه‌كی فه‌له‌ستینی ئاشكرا ده‌كه‌ن‘ مزگه‌وت ته‌نها به‌شێك نیه له په‌یڕه‌وكردنی "شه‌عائیری" ئاینیی‘ به‌ڵكو به‌شێكه له ژیانی خه‌ڵك و دروستكردنی ئه‌ركێكه ده‌كه‌وێته پێش دروستكردنی ماڵ و جێگای نیشته‌چێبونه‌وه.
ڕۆژنامه‌نوس و نوسه‌ری لوبنانی حازم ئه‌مین له كتێبێكی نوێ‌دا به‌ناونیشانی (سه‌له‌فییه هه‌تیوه‌كه) كه ئه‌مساڵ ده‌زگای ساقی بۆ بڵاوكردنه‌وه له به‌یروت به‌چاپی گه‌یاندوه‘ ناوچه‌ی رأس العین له‌م پێناسه كورته‌دا بۆ مزگه‌وت كۆده‌كاته‌وه‌و ده‌یخاته كۆده‌ق (السیاق)ی ئه‌و ژینگه ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه كه ده‌توانرێت له زۆر ڕوه‌وه بخوێنرێته‌وه‘ له پێشه‌وه‌ی هه‌موویه‌وه له ڕووی سۆسیۆلۆژیای شوێنه‌وه كه ڕۆڵێكی گرنگ له دروست كردنی ئاستێكی تری سۆسیۆلۆیادا ده‌بینێت ئه‌ویش سۆسیۆلۆژیای خه‌ڵكی گشتییه.
حازم ئه‌مین كه له‌سه‌ر ژینگه‌ی ڕه‌مزه سه‌له‌فییه‌كانی ناو ڕێكخراوه‌كانی وه‌ك (جیهادی ئیسلامی و قاعیده) ده‌نوسێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مێژووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و فاكته‌رانه‌ی وا ده‌كات فه‌له‌ستینیه‌كان پشكی شێریان له‌و دوو ڕێكخراوه‌دا هه‌بێت‘ په‌نا ده‌باته گێڕانه‌وه‌یه‌كی چیرۆكئامێزانه‌ی ڕۆژانه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی صاوی پێیان ده‌كه‌وێت‘ یان له ڕێگای كه‌سه نزیكه‌كانیانه‌وه ده‌یانناسێت. كاتێك له سه‌ر (ئه‌بو قوقتاده)ی ئه‌میری ڕێكخراوه جیهادییه‌كانی مه‌غریبی عه‌ره‌بی ده‌نوسێت‘ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ورده‌كارییه‌كانی (رأس العین) له ڕووی هونه‌ری بیناسازی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه‌وه‌و ده‌كه‌وێته شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی نه‌وه‌یه‌كی فه‌له‌ستینی له باری نۆستالجییه‌وه ده‌گوازنه‌وه بۆ درووستكردنی نیشتیمانێكی گه‌ڕۆك له هه‌ناوی ئایدیۆلۆژیای توندڕه‌ویدا.
عومه‌ر ئه‌بو عومه‌ر (ئه‌بو قوتاده) كه خاوه‌ن فه‌توای كوشتنی كه‌س و كار‌و مناڵانی پیاوانی ئاسایشی جه‌زائیره‘ له ماڵێكی گه‌وره له‌سه‌ر یه‌كێك له دوو گرده‌كه‌ی (رأس العین) گه‌روه ده‌بێت. هه‌مو رۆژێك ده‌بوایه له خواره‌وه چه‌ند پلیكانه‌یه‌كی ببڕایه تا له جاده‌كه‌ی خوارووی گردی (رأس العین)ه‌وه بگاته ماڵی خۆیان. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و جاده‌یه باوكی خه‌ریكی فرۆشتنی فول و فه‌لافل بو. رأس العین بریتی بو له چه‌نده‌هالی ماڵی به‌یه‌كه‌وه لكاوی كۆنكرێتی له‌سه‌ر دو گرد‘ پێنج جاده ده‌یبه‌ستنه شوێنه‌كانی تری عه‌ممانه‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه نوسه‌ر ده‌چێته سه‌ر كه‌مپی (عین الحلوه) له په‌نای پایته‌ختی لوبنان به‌یروت كه مۆڵگه‌یه‌كی دره‌نگوه‌ختی سه‌له‌فیزم و ناردنی "جیهادییه‌كان" بو بۆ عیراق له دووای ساڵی 2003. عین الحلوه‘ به‌پێچه‌وانه‌ی رأس العین‘ كه‌مپێكی پڕ له فه‌وزای بیناسازی و دیموگرافییه. ناسنامه‌ی دانیشتیوانه‌كه‌ی له ڕووی كولتوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه دابه‌ش ده‌بێته سه‌ر فه‌له‌ستینی و لوبنانی و كرێكاری سوری و كورد. له‌وێدا (عوسبه ئه‌لئه‌نسار) له‌سه‌ر ده‌ستی هشام شرێدی كه ناوی عین الحلوه گرێده‌درێت به‌ناوی ئه‌و گونده‌ی ساڵی ١٩٤٨ خانه‌واده‌كه‌ی له فه‌له‌ستین به‌جێی دێلێت‘ دروست ده‌بێت و ده‌بێته ئه‌ڵقه‌ی ئه‌و زنجیره فراوانه‌ی خۆكوژه عه‌ره‌به‌كان ده‌گه‌یه‌نێته عیراق.
له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌ممان به بیست كیلۆمه‌تر‘ له شاری زه‌رقا به‌دیاری كراوی‘ حازم ئه‌مین ده‌چێته ناو دیمه‌نێكی تری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه كه جیهاد به‌شێكه له پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت كولتوری و بیناسازییه‌كه‌ی. به‌پێشه‌وانه‌ی رأس العین‘ له زره‌قادا كه له‌گه‌ڵ ره‌سیفه‌و عه‌مماندا سیانه‌یه‌كی زه‌به‌لاح له ڕووی دیكوگرافییه‌وه پێكدێنێت‘ خۆمان له‌به‌رده‌م فه‌وزایه‌كی عومرانی و به‌شه‌ریدا ده‌بینینه‌وه كه فه‌له‌ستینییه‌كان له قۆناغی جیاجیادا تیایدا گیرساونه‌ته‌وه. مێژووی دامه‌زراندنی زه‌رقا كه (ئه‌بو موسعه‌ب زه‌رقاوی) ناوی خسته ناوانه‌وه‘ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌سه‌ر ده‌ستی چیچانه ڕاكردوه‌كان له شه‌ڕی عوسمانی و ڕوسه‌كان. له كۆتایی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌میشدا ڕاكردوی تری شه‌ڕو وڵات به‌جێهێستن ڕوو ده‌كه‌نه زه‌رقا, ئه‌مجاره‌یان فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌بن و زه‌رقا ده‌بێته نیشتیمانێكی تریان نه‌ك وه‌ك خاك به‌ڵكو ئه‌ڵته‌رناتیڤی ناوازه كه كه‌سه‌كان خۆیانی تێدا ناگرنه‌وه‌و به‌دووای شوێنی تردا ده‌گه‌ڕێن‘ وه‌ك قوتابخانه ئاینییه توندڕه‌وه‌كانی پاكستان بۆ نمونه.
ئه‌وه‌ی ئه‌م شوێنانه به‌یه‌كه‌وه گرێده‌دات پێوانه‌ی ته‌لارسازی نیه‘ به‌ڵكو پێوانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و كولتوریه له‌لایه‌ك‘ له‌لایه‌كی تریشه‌وه كۆمه‌ڵێك نیشتیمانی گه‌ڕۆكه ناوی كامپه‘ كه ڕاكردوه فه‌له‌ستینیه‌كانی ساڵی ١٩٤٨ و دووای ئه‌وه‌ش خۆیانی تێدا ده‌بیننه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی شتێك جێگیربون و دڵنیابونیان بداتێ‘ به‌ڵام هه‌ر مانه‌وه. ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و گه‌نجه فه‌له‌ستینینانه‌ی له‌م كامپانه‌وه چونه ئه‌فگانستان و عیراق و پاكستان و لاشه‌كانیشیان ده‌ستی خانه‌وادانه‌كانیان نه‌كه‌وتنه‌وه‘ ده‌بوو‘ بچنه ئه‌وروپا یان ئه‌مریكاو كه‌نه‌داو مرۆڤی ئاساییان لێده‌رچێت‘ به‌ڵام نیشتیمانه خه‌یاڵفڕه‌كه‌ی "قاعیده" پێشی هه‌مو ڕێگاچاره‌كانی تر ده‌كه‌وێت و نیشتیمانه‌كانی ناو كامپ (مخیمات) و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی ناو خه‌ونه خۆشه‌كان كه وڵاتانی په‌نابه‌رێتیدا به‌رجه‌سته ده‌بن‘ ده‌بنه كه‌ره‌سته‌ی فاكته‌ری خه‌یاڵێك كه قاعیده به‌ئازادی ئایدۆلۆژیای خۆی تێدا ده‌خولێنێته‌وه.
ئه‌م كتێبه‌ی حازم ئه‌مین له‌سه‌ر كامپه‌كانی "عین الحلوه" و شاره هه‌ڕه‌مه‌كییه‌كانی رأس العین و زه‌رقا نیه به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر سیما فه‌له‌ستینییه‌كانی ناو "جیهادی ئیسلامی" و قاعیده‌یه‘ ئه‌ویش له ڕێگای گرێدانی ئه‌م شوێنانه‌وه به‌و خه‌یاڵه‌ی جیهانی "جیهاد" به‌رهه‌می دێنێت و له ئه‌فگانستان و پاكستان و عیراق و یه‌مه‌ن و مه‌غریبی عه‌ره‌بیدا ده‌یانكاته ئه‌یكۆنی دیار. هه‌روه‌ها هه‌وڵێكه بۆ گه‌ڕان به‌دووای ڕێكخستنێكی پته‌و به‌هێز له به‌رهه‌مهێنانی كولتوری خۆكوژی و "جیهاد"ی كه‌ونی له ناو شوێنی هه‌ڕه‌مه‌كی و فه‌وزای كۆمه‌ڵایه‌تی و عومرانیدا‘ كه له‌كۆتایدا خه‌سڵه‌ته جیاجیاكانی هه‌مان ئه‌م شوێنانه ده‌بنه چه‌كه‌ره‌ی هۆشیارییه‌كی سه‌له‌فیی جیاهانیگیریانه له ره‌حمی چه‌ند نیشتیمانێكدا كه تاراوگه له خه‌یاڵدا بنیادیان ده‌نێت.
په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ له نێوان ئه‌و پلیكانانانه‌ی جاده‌كه‌ی رأس العین به ماڵی "ئه‌بو قوتاده"ه‌وه گرێده‌دات و ئه‌و قۆناغه جیاجیایانه‌وه هه‌یه كه فه‌له‌ستینییه‌كانی گه‌یانده ڕێكخراوی جیهادی عاله‌می و قاعیده. ئه‌مه‌ش له دووتوێی ئه‌و گێرانه‌وه مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها ئه‌و وێنه‌و شته وردانه‌ی له ژینگه‌ی "شتات" یان با بڵێین تاراوگه‌دا ده‌بینرێن و به‌شێكن له ناسنامه‌ی دانیشتوانه‌كان. هه‌ریه‌ك له ساڵه‌ح سڕییه و محه‌مه‌د سالم ڕه‌حال و عبدالله عزام و ئه‌بو موسعه‌ب زه‌رقاوی و أبو محه‌مد مه‌قدسی و أبو أنس الشامی و ئه‌بو قوتاده سه‌ركرده‌كانی تری ناو جیهادی ئیسلامی و قاعیده له ژینگه فه‌له‌ستینیه‌كانی تاراوگه‌وه هاتون و له‌گه‌ڵ جیاوازی شوێنه‌كانیاندا‘ ده‌كرێت له (رأس العین) هه‌مان ناسنامه‌كه‌ی ئه‌بو قوتاده‌یان بۆ به‌رز بكرێته‌وه. ئه‌و جاده‌یه‌ی ده‌كه‌وێته خوار هه‌ردو گردی (رأس العین)ه‌وه‌و ده‌كرێت وه‌ك جیهانی ژێره‌وه ته‌ماشا بكرێت‘ ده‌لاله‌تی گه‌وره‌ی هه‌یه‘ یه‌كێك له‌وانه دوكانی فرۆشتنی فول و فه‌لافلی باوكی ئه‌بو قوتاده بو‘ ئه‌م جۆره دوكان و ڕیستۆرانه بچوك و میللیانه له شوێنه‌كانی وه‌ك (عین الحلوه) له په‌نای به‌یروتیشدا دیمه‌نێكی تری ئه‌و جیهانی ژێره‌وه‌ی ژینگه فه‌له‌ستینیه‌كه‌یه كه نه‌وه نوێكان‘ واته ئه‌وانه‌ی له‌م شوێنانه‌دا له‌دایك بونه‘ ناسنامه‌ی ئه‌وانه‌ی پێش خۆیان - ئه‌وانه‌ی پێش ١٩٤٨ له شاره فه‌له‌ستینیه‌كان له دایك بونه- ده‌گۆڕن و ده‌یانخه‌نه ناو بازنه‌ی سه‌له‌فیزم و ده‌مارگیرییه‌وه. ئه‌وه‌تا باوكی ئه‌بو قوتاده كه‌سێكی ئاسایی ده‌بێت و قوتی خۆی له ڕێگای فرۆشتنی فه‌لافل و فوله‌وه ده‌رده‌كات و له‌گه‌ڵ ڕابوردوی خۆیدا ده‌ژیت‘ به‌ڵام كوڕه‌كه‌ی ژیانی ده‌گۆڕێت و ده‌یكاته بانگده‌ری یه‌كێك له مزگه‌وته‌كانی (رأس العین). هه‌مان شت له شاری زه‌رقاو كامپه‌كانی (عین الحلوه) و شوێنه‌كانی تردا دوباره ده‌بێته‌وه‌و ژیانی نوێی ناو كامپ و بێكاری و فه‌وزاو تۆبه‌ی دووای ژیانی "شه‌قاوه‌یی" له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تره‌وه شوێن وه‌ك فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی ناجێگیری و مانه‌وه‘ ده‌بنه خه‌سڵه‌تی ناسنامه‌یه‌كی وه‌ها له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ئاستی جیاجیا‘ ئه‌و ناوانه‌ی سه‌ره‌وه به‌رهه‌م دێنێت كه له‌سه‌ره‌وه ناویان ئاماژه‌یان پێكرا.
ئه‌وه‌ی له‌م گێرانه‌وه‌یه‌ی نوسه‌ردا تێبینی ده‌كرێت‘ پێخستنه‌ناو ئه‌ودیوی سه‌كۆی ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و شوێنه‌كانی تاراوگه‌ی فه‌له‌ستینیه‌كان وه‌ك ڕه‌مزی دیار له ناو جیهادی ئیسلامی و قاعیده‌دا. ئه‌مه له كاتێكدا دێت كه نوسه‌ر باسكردن له ئایدیۆلۆژیا‌و جیهانبینی ئه‌و ڕه‌مزانه ده‌كاته ئه‌ركی هه‌مان گێرانه‌وه كه له زۆر شوێندا ده‌چێته چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانئامێزه‌وه. ئه‌وه‌ی له‌م سیاه‌قه‌دا بۆمام ڕوونده‌بێته‌وه پێكداچونی هه‌ندێ ئاستی گرنگه له په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا كه زانایانی سۆسیۆلۆژیا ناوی لێده‌نێن: سۆسیۆلۆژیای فه‌زای عام و سۆسیۆلۆژیای سیاسی‘ چونكه له ڕێگای چونه ناو ئاستی جیاجیای په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژویی و ئاینییه‌كانه‌وه‘ خۆی له قه‌ره‌ی دیالۆگێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌دات كه تا ماوه‌یه‌كی نزیك له لێكۆڵینه‌وه سۆسیۆلۆژیه عه‌ره‌بیه‌كاندا دوور بوه.
چونه‌ناو ڕوبه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوییه‌كانی نێوان فه‌له‌ستینیه‌كان خۆیانه‌وه له‌و كاته‌ی له خاكی خۆیان ده‌ركران (١٩٤٨) له‌لایه‌ك‘ هه‌روه‌ها چونه‌ناو ئه‌و فه‌زا كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئاینیه نوێیانه‌ی دووای ئه‌و ده‌ركردنه له شوێنانی وه‌ك سوریا و لوبنان و ئوردن و عیراق وڵاتی كه‌نداو دایانامه‌زراند‘ ئه‌مانه ده‌رخستنی ئه‌و دیالۆگه مێژوویه فه‌له‌ستینیه بو كه تیایدا شوێنی وه‌ك زه‌رقاو سه‌ڵت و (عین الحلوه)و ( رأس العین) و شوێنی تر جێگای نۆستالجیاو یاده‌وه‌ریان گرته‌وه. ئیتر لێره‌وه گه‌ڕان به‌دووای وڵاتێكدا ده‌ستپێده‌كات كه زیاتر له توانای جیهادی ئیسلامی و قاعیده‌دا هه‌بو ناسنامه‌ی بوونی بده‌نێ‘ به‌ڵام بونێكی كه‌ونی بێڕه‌نگ و بۆو هه‌ستپێنه‌كراو‘ كۆچی گه‌نجه فه‌له‌ستینیه‌كانیش له زه‌رقاو شێونه‌كانی تری تاراوگه‌وه بۆ پاكستان و ئه‌فگانستان‘ به‌شێكی به‌رجه‌سته‌كراوی ئه‌و وڵاته هولامیه بوون.
هه‌ر له‌هه‌ناوی ئه‌وه‌ی ناوی لێ ده‌نێین سۆسیۆلۆژیای فه‌زای گشتی‘ نائاماده‌یی وڵات دیالۆگه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه فڕێده‌داته ناو سۆسیۆلۆژیای سیاسه‌ته‌وه‘ به‌ڵام سیاسه‌تێك فه‌وزایه‌كی دیموگرافی و بیناسازی هه‌ڕه‌مه‌كی و كولتوری كامپ به‌رهه‌می دێنێت و ئاوێته‌ی ئه‌و جیهانه‌ی ده‌كات وا جیهادی ئیسلامی و قاعیده خه‌یاڵی به‌شێكی زۆری دانیشتوانی وڵاتانی عه‌ره‌بی پێ پڕده‌كه‌نه‌وه. به‌جۆرێكی تر ده‌توانین بڵێین سۆسیۆلۆژیای فه‌زای گشتی ده‌بێته ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی كۆمه‌ڵگای په‌راوێز ده‌خاته ناو وڵاتێكی وێناكراو. ئیتر لێره‌وه سه‌له‌فیزم نه‌ك ژینگه‌یه‌ك بۆ خۆی دروست ده‌كات‘ به‌ڵكو ده‌بێته ژینگه‌یه‌كی له‌بن نه‌هاتو له‌به‌رهه‌مهێنانی ڕه‌مزه‌كانی خۆیدا.
ئه‌وه‌ی له دوتوێی كتێبه‌كه‌ی حازم ئه‌میندا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت‘ سۆسیۆلۆژیای سیاسی كامپه فه‌له‌ستینیه‌كان پێش ئه‌وه‌ی له بازنه‌ی سه‌له‌فیزمدا بگێرسێته‌وه به‌شێك بوه له جینالۆجیای "ڕه‌حمی" گه‌وره‌ی ئیخوان موسلمین. زۆربه‌ی ئه‌و ڕه‌مزانه‌ی به سه‌له‌فی و جیهادی ناسران‘ له جیهانه‌كه‌ی "ئیخوان"ه‌وه هاتن و به‌رگی جیهادی جیهادییان له‌به‌ركرد.
یه‌كێك له‌و خسڵه‌تانه‌ی وای له فه‌له‌ستینیه‌كان له ئوردن و وڵاتانی كه‌نداو لوبنان و عیراقدا كرد‘ ڕه‌حمی سه‌له‌فیزم فراوانتر بكه‌ن‘ ئاماده‌یی ئه‌وان بو له دابڕانی یه‌كجاری له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه سه‌له‌فیه ناڕادیكاڵه‌كان كه چه‌كیان له دژی سیستمه دیكتاتۆری و میلیتاریه‌كان هه‌ڵنه‌گرت و جیهادیشیان نه‌ركرده خه‌باتێكی جیهانیی‘ هه‌روه‌ها دابڕان له فیكره‌ی فه‌له‌ستینیش وه‌ك وڵاتێكی فیزیكی‘ ئه‌مانه له ئاسانی له لایه‌ن ژینگه فه‌له‌ستینیه‌كه‌وه له تاراوگه به‌رجه‌سته كران.
به‌كورتیه‌كه‌ی ڕه‌گوڕیشه‌ی سه‌له‌فیزمی فه‌له‌ستینیه‌كان ته‌نها به‌شێك نه‌بو له ئایدیۆلۆژیایه‌كی چه‌قبه‌ستوی‘ به‌ڵكو به‌شێكیش بو له دیارنه‌مانی شوێن‘ یان بڵێین دیارنه‌مانی وڵات و جێگۆڕكی پێكردنی به وڵاتی ڕه‌سمكراو كه كولتوری جیهاد به‌تواناترین وێنه‌كێشی ئه‌و وڵاته خه‌یاڵییه‌بو‘ ئه‌مه‌ش به‌هۆی نه‌بونی ناسنامه‌یه‌كی نیشتیمانی‘ كۆمه‌ڵایه‌تی, مێژووی له تاراوگه‌دا بتوانێت فه‌له‌ستینیه‌كان له ماشێنی جیهادی ئیسلامی و قاعیده دوور بخاته‌وه.
تعليقات