چاوپێکەوتنی: خالد سلێمان
ئه‌و بونیادانه چین وا بوونه‌ته خۆراكی توندوتیژییه‌كی به‌رده‌وام له عیراقدا، بۆچی كوشتار‌و په‌نا بردنه‌به‌ر چه‌ك و توندوتیژی و چه‌قۆ وه‌شاندن له‌م وڵاته‌دا بوونه‌ته میكانیزمی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان، ئه‌ی په‌یوه‌ندی ئه‌و هە‌موو توندوتیژی و كوشتاره به كێشه‌كانی زه‌وی و موڵكایه‌تییه‌وه چیه؟. ئه‌مانه ئه‌و پرسیارانه‌ن وه ڵامی ئاماده‌كراویان له عیراقدا بۆ داڕێژراوه‌و كه‌م كه‌س به‌لای ڕه‌گوڕیشه‌و مێژووی مه‌سه‌له‌كاندا ده‌چێت، به‌تایبه‌تی دووای ڕوخانی ڕژێمی حزبی به‌عس ساڵی 2003 كه ئیتر وه ڵامی ئه‌و پرسیارانه ئاسانتر ده‌بن و بونی داگیركه‌رو بۆشایی دووای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و نه‌بوونی به‌دیلێكی حوكمڕانی ئاماده‌و ململانێی تایه‌فی و ئیتنی و ...هتد، ئه‌مانه هه‌موو ئه‌و وه‌ڵامانه‌ن وا له عیراقدا ڕۆژانه به‌قه‌ده‌ر ژماره‌ی قوربانی توندوتیژی و كوشتاره‌كان دووباره ده‌بنه‌وه.
توێژه‌رو نوسه‌ری كورد ئالان مومتاز نوری، پرۆژه‌ی خوێندنی دكتۆرا له زانكۆی سانت-لویس له ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ناسنامه‌ی توندوتیژی و كوشتاره‌كانی عیراق و په‌یوه‌ندییان به كێشه‌كانی زه‌وی و زار‌و یاسای (ئیسلاحی زراعی) و ڕۆڵی ه‌ێزه كۆلۆنیاڵییه‌كان له چه‌سپاندن و فراوانكردنی ئه‌و كێشانه‌دا ته‌رخان ده‌كات. بۆ چونه ناو ورده‌كاری ئه‌و مه‌شه‌ده سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی وا ئه‌و قه‌ده‌ره زۆره‌ی توندوتیژی و كوشتار به‌رهەم دێنێت توێژه‌ر ده‌پرسێت:
بۆچی كێشه‌كانی موڵكایه‌تی گه‌یشتونه‌ته ئاستێك كه ده‌بێت ده‌ست بدەنه یه‌خه‌ی یه‌كتر بۆ چاره‌سه‌ركردنیان؟
بۆچی توندوتیژی و شه‌ڕه‌كان له ئاستی لۆكاڵییه‌وه ده‌گوازرێنه‌وه بۆ ئاستی ئایدیۆلۆژی و خه‌ڵكی تری پێوه ده‌گلێنرێت؟. ئه‌و بونیادانه چین وا شه‌ڕی لۆكاڵ ده‌كه‌نه شه‌ڕی ناسنامه؟. قازانجی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م شه‌ڕه لۆكاڵیانه بۆ شه‌ڕی ئایدیۆلۆژیا‌و ناسنامه بۆ بونیاده سیاسییه‌كان چیه؟
ئالان نوری ئه‌م پرسیارانه به‌ته‌نها ڕووبه‌ڕووی مه‌شهەدی سیاسی و سۆسیۆ-ئابوری عیراق ناكاته‌وه، به‌ڵكو ڕووبه‌ڕووی ناوه‌نده‌كانی سیاسه‌ت و میدیای ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكاشی ده‌كاته‌وه كه له ساڵی (2003) به‌دواوه بوه هێزێكی داگیركه‌ر له وڵأته‌كه‌دا. ه‌ۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌بێت كاتێك بارودۆخه‌كه له ژێر كۆنترۆڵی ئه‌و هێزه‌دا ته‌قییه‌وه، ڕه‌وتی جیاجیای بیركردنه‌وه‌و لێكدانه‌وه بۆ شه‌ڕو كوشتاره‌كه‌ی عیراق له ناوه‌نده ئه‌مریكیه‌كاندا ه‌اتنه كایه‌وه كه به‌م شێوه‌یه‌ش ته‌سنیفیان ده‌كات:
دوای ته‌قینه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ی عیراق، له ناو دیمه‌نی سیاسی و میدیای ئه‌مریكیدا باس له‌وه ده‌كرا كه ئه‌وانه‌ی شه‌ڕ ده‌كه‌ن كۆمه‌ڵی پیاوكوژ‌و تاوانباری زیندانه‌كان بون، سه‌دام پێش ڕوخانی ڕژێمه‌كه‌ی ئازادی كردن، به‌ڵام كاتێك دیمه‌نی توندوتیژی و كوشتن هه‌ر به‌رده‌وام بوو، ئیتر دۆنالد ڕامسفێلد وه‌زیری به‌رگری ئه‌و كاته هاته قسه و وتی (ئه‌مه ئازادیه و ئاهه‌نگێكی فه‌وزایه). دوای ئه‌وه‌ش جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا دیك چینی وتی ئه‌مانه سه‌ر به قاعیده‌ن و له دووا نه‌فه‌سدان و ناچارن شه‌ڕ بكه‌ن. به‌ڵام دووای ئه‌وه بۆ میدیای ئه‌مریكی و ئه‌وروپی ده‌ركه‌وت كه شته‌كان به‌و شێوه‌یه نین وا باسیان لێوه ده‌كرێت، به‌ڵكو شتێكی سیستماتیكی و به‌رفراوانن و به‌رده‌وامییان هه‌یه.
زاڵترین تێوری ئێستاش، كێشه‌كان به ململانێی هه‌زار ساڵه‌ی نێوان شیعه‌و سوننه‌یه‌و داده‌نێت، چاره‌سه‌ریش ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت هەر كه‌سێك ناوچه‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆی هه‌بێت و عیراق دابه‌ش بكرێت. ئه‌مه فیكره‌ی جێگری ئێستای سه‌رۆكی ئه‌مریكیه «جۆی بایدن».
ڕه‌وتێكی تر ده‌ڵێت ئه‌مه شتێكی زۆر ئاساییه‌و كاتێك ڕژێمێكی سیاسی نامێنێت و به‌دیلێكی ئاماده‌و ڕێكخراو له ئارادا نابێت ئه‌م دۆخه ئاوا به‌رده‌وام ده‌بێت تا دۆخه كه ده‌گه‌ڕێته‌وه جێگای خۆی. به‌رهەڵستكاره‌كانی داگیركردنی عیراقیش پێیان وایه شتێكی ئاساییه خه‌ڵك له وڵاتێكی داگیركراودا ده‌بنه دوو به‌شه‌وه، به‌شێكی له‌گه‌ڵ داگیركه‌ردا ده‌بێت و به‌شه‌كه‌ی تریش دژی ده‌بێت و شه‌ڕ له‌نێوانیاندا دروست ده‌بێت و كاتێكیش كۆتایی پێدێت كه داگیركه‌ر بچێته ده‌ره‌وه. به‌ڵام داگیركه‌ر چوه ده‌ره‌وه‌و شه‌ڕو كوشتار هەر به‌رده‌وامه
به‌لای (ئالان نوری)یه‌وه ئه‌زمونی هەرێمی كوردستان ئه‌و فیكره‌یه هەڵده‌وه‌شێنێته‌وه كه گوایه ه‌ۆكاری ئه‌و هە‌موو توندوتیژییه‌ی عیراق دوای ساڵی 2003 بوونی سوپای داگیركه‌رو نه‌بونی ئۆپۆزسیۆنێكی ئاماده بوو بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام به‌جێیهێشت، چونكه ساڵی 1991 له هەرێمی كوردستاندا حكومه‌ت نه‌ماو بۆشاییش دروست نه‌بوو، به‌ره‌ی كوردستانی له ئارادا بوو، دواییش حكومه‌تێكی لۆكاڵی دامه‌زرا، به‌ڵام ساڵی 1994شه‌رێكی ناوخۆی هەر دروست بوو.
توندوتیژیی و پەیوەندی بەکێشەی موڵکدارییەوە
له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه, به‌شێكی زۆری توندوتیژییه‌كان په‌یوه‌ندی به كێشه‌ی زه‌وی و زار‌و ململانێوه هه‌یه له سه‌ر موڵكایه‌تی نه‌ك ئه‌و هۆكارانه‌ی وا میدیا‌و ناوه‌نده سیاسییه‌كانی ئه‌مریكا باسی ده‌كه‌ن. له چوارچێوه‌ی ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌شدا ئالان نوری باسی سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و ململانێیه ده‌كات و پێی وایه, ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر مێژووی ئه‌و هه‌مو توندوتیژی و كوشتاره‌ی له عیراقدا ڕوویاندا, ده‌توانین هه‌مویان ببه‌ستین به مه‌سه‌له‌ی موڵكایه‌تیه‌وه. لێره‌دا نمونه‌یه‌كی زیندو دێنێته‌وه‌و ده‌ڵێت: "بۆ نمونه دوور‌و درێژترین شه‌ڕی ڕزگاریخوازی كورد له‌وه‌وه دروست بو كه ساڵی 1961 ئاغای قه‌ڵادزێ قایل نه‌بو به جێبه‌جێكردنی یاسای (ئیسڵاحی زراعی)و بڕیاری شه‌ڕكردنیدا دژی حكومه‌ت. مه‌لا مسته‌فای بارزانی ئه‌و كاته وتی: من قه‌رزارباری ئه‌م كابرایه‌م و ده‌بێت له‌گه‌ڵیدا بم. مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له كۆبونه‌وه‌یاندا له‌و ده‌مه‌دا ده‌ڵێت: ڕاسته ئه‌مه شتێكی كۆنه‌په‌رستانه‌یه به‌ڵام ده‌توانین بیگۆڕین بۆ شه‌ڕێكی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی. ئاوەها شۆڕشی ئه‌یلول ده‌ستی پێكرد. هەروەها شه‌ڕی یه‌كێتی و پارتی ساڵی 1994 به ئیعترافی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌سه‌ر ڕیزێك دوكان له قه‌ڵادزێ ده‌ستی پێكرد. مه‌زڵومیه‌تی شیعه و بزوتنه‌وه‌ی توندوتیژی شیعه له عیراقدا له‌دوای یاسای (ئیسلاحی زراعی)ه‌وه ده‌ستی پێكرد. هەروەها قه‌تلوعامی مه‌سیحییه‌كان له‌لایه‌ن به‌كر سدقی و خیڵه‌كانی شه‌مه‌ره‌وه. ئه‌و كاته به‌كر سدقی بڕیاری ئه‌وه‌ی پێبو كه نەهێڵێت ئاشووریه‌كان بچنه ئه‌و دیوی سنوره‌وه‌و شه‌مه‌ری له‌گه‌ڵ خۆی بردبوو بۆ ڕاوڕووت كردن . به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌سمیش مه‌ندوبی سامی به‌ریتانی داوای له مه‌لیكی عیراقد كردبو كه ڕێگا بدات به خێڵه‌كانی شه‌مه‌رو عه‌نزه له یه‌كتری بكوژن و ڕاوڕووت به‌رده‌وام بێت چونكه ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر خێله‌كانی خۆیاندا نابێت».
ئه‌م ڕوداوانه چی شتێك زیاد ده‌كه‌ن بۆ تێگه‌یشتنی ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كان له لۆكالیه‌وه بگوازرێنه‌وه بۆ شه‌ڕی گه‌وره‌و هه‌موو وڵاته‌كه‌ی پێوه بگلێت. ئه‌مه ده‌بێته نه‌خشه‌ی گشتی پرۆژه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یه‌ی توێژه‌ر كه ساڵی 1996 به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی له لادێكانی كوردستاندا ده‌ستی پێده‌كات بۆ تێگه‌یشتن له توندوتیژی و ئاماده‌یی لادێنشینه‌كان بۆ شه‌ڕكردن یان ده‌ست دانه یه‌خه‌ی یه‌كتر له پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی زه‌وی و زار. لێكۆڵینه‌وه‌كه كه پرۆژه‌ی بڕوانامه‌ی ماجستێر بوو زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له هەولێر 53 لادێ و 17 دۆسێی فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵ و 9 ڕێكخراوی NGO بۆ یارمه‌تیدانی لادێكان له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا گرتوه‌ته‌وه. توێژه‌ر ئه‌م لێكۆڵینه‌وه مه‌یدانیه ده‌كاته مۆدێلێك بۆ هە‌موو عیراق و دووای ده‌ستكه‌وتنی ئاماری پێشكه‌وتوتر له‌سه‌ر ئه‌م جۆره گرفتانه ئامارێك دروست ده‌كات بۆ پێشبینیه‌كان له وڵاته‌كه‌داو ئه‌و كێشانه‌ی له دوای (ئیسڵاحی زراعی) دروست بوون و دوباره‌بونه‌ته‌وه‌و چاره‌سه‌ر نه‌كراون، پێی وایه كه شانسی شه‌ڕو ده‌ستدانه یه‌خه‌ی یه‌كتر بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان له هەر شانسێكی تر زیاتره.
لێره‌شدا پرسیاری ئه‌وه ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه كه ئه‌گه‌ر له كوردستاندا بارێكی ناسروشتی ڕوویداوه‌و ئه‌نفال و وێرانكردنی لادێكان ده‌بنه ه‌ۆی داماڵینی خه‌ڵك له زه‌وی و زار، به‌ڵام له به‌شه‌كانی تری عیراقدا به‌بێ ئه‌نفال خه‌ڵك له زه‌وی داده‌ماڵرێ. شه‌ڕی عیراق-ئێران یه‌كێك ده‌بێت له ه‌ۆكاره‌كانی داماڵینی جوتیاران له زه‌وی و زار. ئه‌و له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: «له دوای ساڵی 1983 حكومه‌تی عیراق زه‌وی و زاری (ئیسڵاحی زراعی) په‌یوه‌ست كرد به ڕێژه‌ی به‌رهەمه‌ێنانه‌وه، واته ئه‌گه‌ر له ساڵێكدا به‌رهەمه‌كه له‌وه كه‌متر بێت وا حكومه‌ت دایناوه ئه‌وا زه‌ویه‌كه‌ی لێ ده‌سێنرێته‌وه، به‌شێكی زۆری خه‌ڵكه‌كه‌ش له به‌ره‌ی شه‌ڕه‌كان بوون و كاریان بۆ نه‌ده‌كرا، ئه‌وه‌ش له شه‌ڕ نه‌بو ڕاكردوی هه‌مان شه‌ڕ بو، هەردو حاڵه‌ته‌كه به زیانی خه‌ڵكه‌كه‌دا كه‌وته‌وه‌و له ئاكامدا (11) ملیۆن دۆنم زه‌وی دابه‌شكرایه سه‌ر نمونه‌ی وه‌ك ساڵح موتڵه‌گ و فه‌تاح به‌گی جاف‌دا». له‌م میانه‌شدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه له ساڵی 1989 چه‌ندێ كێشه كه‌ڵه‌كه‌بوو هه‌بوون، له‌ساڵی 2007 به‌پێی هه‌موو ئاماره‌كان سێ جار زیاتر زه‌وی له جووتیار زه‌وت كراوه‌و دراوه به كۆمپانیاكان.
بارودۆخی دوای سەدام حسێن
دوای ڕوخانی رژێمی سه‌دام ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ڕایانكردبوو ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و ده‌یانه‌وێت بچنه‌وه سه‌ر زه‌وی و ماڵ و حاڵی خۆیان، به‌ڵام یاسایه‌ك نیه زه‌ویه‌كانی بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه. لێره‌دا ئالان نوری نمونه‌ی ڕووداوه‌كانی شاری «مه‌دائین» دێنێته‌وه كه یه‌كێك بوو له‌و شوێنانه‌ی به‌شێكی دانیشتیوانه‌كه‌ی له كاتی شه‌ڕی عیراق-ئێران‌دا چوبونه ئێران و له‌ملاوه له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه زه‌ویه‌كانیان درابونه سه‌رۆك خێڵه‌كانی سونه. له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: «كاتێك ویستیان زه‌ویه‌كانیان كه درابوون به سه‌ره‌ك خێڵێكی (شه‌مه‌ر) به پێی یاسا وه‌رگرنه‌وه ده‌ستی نه‌دا، چونكه (هەیئه‌ی چاره‌سه‌ری ململانێی موڵكایه‌تی) به شێوه‌یه‌ك پێكه‌ێنرابو ده‌ستكاری زه‌وی كشتوكاڵ نه‌كرێت، بۆیه ناچار بوون په‌نا به‌رنه توندوتیژی. له سه‌ره‌تادا خه‌ڵكه‌كه چوونه لای موقته‌دا سه‌در بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، به‌ڵام ئه‌و له‌و كاته‌دا خه‌ریكی پێكه‌ێنانی به‌ره‌یه‌ك بوو له‌گه‌ڵ حزبه ئیسلامیه سونه‌كاندا بۆیه به‌مانایه‌ك له ماناكان ده‌ریكردن و یارمه‌تی نه‌دان و ئیتر په‌نایان برده لایه‌نه‌كانی تری شیعه. كێشه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ململانێی موڵكایه‌تی و یاسایه‌كی ناڕه‌وابو، وه‌ك ململانێی شیعه‌و سوننه ته‌قییه‌وه. هەر ئه‌و كاته‌ش مام جه‌لال ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند كه ته‌قینه‌وه‌ی ململانێكانی مه‌دائین له‌سه‌ر موڵكایه‌تی بوو نه‌ك ململانێی شیعه‌و سونه.
یه‌كێك له‌و ڕووداوانه‌ی تر كه ئالان نوری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان كێشه‌ی زه‌وی و زار‌و ناسنامه‌ی تایه‌فی ده‌یگێڕێته‌وه چیرۆكێكه له میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵ له پارێزگای دیاله دووای ساڵی (2003) تۆماری كردوه‌و به‌م شێوه‌یه‌یه، «یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه دووای ڕوخانی حكومه‌تی به‌عس له پارێزگای دیالا بوه به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵ و چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵدا كرد چیرۆكێكی سه‌یری بۆ گێڕامه‌وه ده‌رباره‌ی ئاو، دووای ڕوخانی حكومه‌تی به‌عس له گه‌رمه‌ی بێئاوی و وشكه‌ساڵیدا شێخێكی (به‌نی ته‌میم) له دیالا كه كاتی خۆی له‌گه‌ڵ به‌عسدا بو، ده‌ستیكرد به‌چاندنی برنج له‌و ناوچه‌یه‌دا كه له بنه‌ڕه‌تدا به‌یاسای عیراقی مافی ئه‌وه‌ی نه‌بو، چونكه ژماره‌یه‌كی زۆر له ئه‌ندامانی خێڵه‌كه‌ی خۆی (به‌نی ته‌میم) له‌سه‌ر ئه‌و ئاوه ده‌ژیان. بۆیه كوشتار له نێوانیاندا ڕویدا و به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی نارد بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌و به‌پێی یاسا بڕیاریدا كه نابێت له‌و ناوچه‌یه‌دا برنج بچێنێت و ده‌بێت ماوه بدات ئاوه‌كه بڕواته خواره‌وه‌ی خۆی. لێره‌دا ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی له عیراق (بنه‌ماڵه‌ی حه‌كیم) ه‌اتنه ناو كێشه‌كه‌وه‌و بڕیاریدا كێشه‌كه له ناو ماڵی شیعه‌دا چاره‌سه‌ر بكرێت و ئه‌گه‌ر ده‌ستی تێوه‌ردرێت ئه‌وا ئه‌منی ماڵی شیعه تێكده‌دات. ئیتر له ڕێگای ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامیه‌وه ئه‌وه سه‌پێنرا به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامانی خێڵی (به‌نی ته‌میم)دا كه ده‌بێت ئه‌و ساڵه شێخی به‌نی ته‌میم برنجه‌كه‌ی خۆی بچێنێت».
دوای ئه‌وه‌ی داگیركردنی عیراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه په‌رده‌ی له‌سه‌ر توندوتیژییه‌كی زۆری ناو كۆمه‌ڵگا ڕاماڵی، كه جاران، بەهۆی توندوتیژی سیستماتیكیی ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌رامبه‌ر به كۆمه‌ڵگاو كاردانه‌وه‌ی توندوتیژی ئۆپۆزسیۆن له‌به‌رامبه‌ری، شاردرابۆوه، هەوڵده‌دات ڕۆڵی بونیادی موڵكایه‌تیی زه‌وی و زار له به‌رهەمه‌ێنانی كاری توندوتیژی به‌كۆمه‌ڵداو، ده‌ست نیشانكردنی چۆنێتی په‌یوه‌ستبونی به توندتیژیه سیاسیه‌كانه‌وه له‌سه‌ر بناغه‌ی ناسنامه‌ی تائیفی و نه‌ته‌وه‌یی و خێڵه‌كی له عیراقدا به‌زانیاری و حیكایاتی واقیعیانه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی تایبه‌ت به كێشه‌كانی زه‌وی و زاره‌وه بخاته‌ڕوو، هه‌روه‌ها ئانالیزه‌یان بكات. به‌ڵام به‌بێئه‌وه‌ی هه‌موو كێشه‌كان له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه ببینێت.
کێشەی ناسنامە
ئالان له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: «من نامه‌وێت بڵێم كێشه‌ی ناسنامه له عیراقدا نیه و هه‌موی دروست كراوه یان به‌رهەمی دوه‌می مه‌سه‌له ئابوریه‌كانه، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بڵێم بنه‌مای خاڵه سه‌ره‌كیه‌كانی پێكدادانی لۆكالی له عیراقدا ئابوورییه. گرفته‌كه له‌وه‌دایه كه بونیادێكی سیاسی له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا دروست بوه‌و به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دایه كه خاوه‌ن تاكه ناسنامه بێت و ده‌شزانین هەر بونیادێكی سیاسی یان هەر كایه‌كی تر میكانیزمی ناوه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی هەیه، ته‌نانه‌ت ژیانێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌و زۆرجار ه‌ۆكاری بونیشی نامێنێت به‌ڵام له چركه‌یه‌كدا بڕیاری ئه‌وه ده‌دات كه ناسنامه‌كه‌ی شتێكی تره‌و ده‌یگۆڕێت». بۆ زیاتر ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆچونه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر وته‌یه‌كی به‌ناوبانگی باوكی سۆسیۆلۆژیا (ئیبن خه‌لدون) كه ده‌ڵێت: «یختلف الناس بإختلاف نحلتهم فی المعاش»، یانی خه‌ڵك چۆن بژێوی به ده‌ست دێنێت ئاوەهاش له خه‌ڵكی تر جیاواز ده‌بێت، به مانایه‌كی تر بنه‌مای جیاوازبوونی خه‌ڵك له‌ناسنامه‌دا، شێوه‌و ئامرازه‌كانی بژێوییه.
له‌م میانه‌یه‌دا ئالان نوری ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر لایه‌نه مێژووییه‌كه‌ی مه‌سه‌له‌ی زه‌وی و زار‌و ئه‌و كولتوره‌ی له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌وه له عیراقدا زاله‌و، پێی وایه كولتوری شه‌ڕانگێزیی خه‌ڵكی كۆچبار له نێوان هەردوو ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و فارسی‌دا ژیاون زاڵ بووه. به‌شێوه‌یه‌كی وردتر ئاماژه بۆ ئه‌و ناوچانه ده‌كات كه جێی شه‌ڕی ئه‌و دوو ئیمپراتۆریه‌ته بوون و ده‌ڵێت، «خه‌ڵكه‌كه ئه‌وه‌نده‌ی بۆی كراوه خۆی پاراستوه له شه‌ڕو سه‌ربه‌خۆیی خۆی پاراستوه، هه‌ندێ جاریش تێوه‌ی گلاوه، به‌ڵام كاتێك ته‌پ و تۆزی سوپاكان نیشتوه‌ته‌وه، هاوپه‌یمانێتی خێڵه‌كی نێوان خه‌ڵكی كۆچبارو گه‌ڕۆك جێگای یاسا سه‌روه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی گرتۆته‌وه، ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتداری ڕاسته‌قینه بوون و وڵاته‌كه‌یان به‌ڕێوه‌بردوه. شێوازی موڵكایه‌تیش، په‌یوه‌ندی نێوان خێڵه هاوپه‌یمانه چه‌كداره‌كان و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی خه‌ریكی كشتوكاڵه بووه دیاریكردوه. به كورتیه‌كه‌ی، ئه‌و په‌یوه‌ندیه بونیادی موڵكایه‌تی دیاری كردوه نه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كاغه‌ز نوسراوه، به‌ڵام یاسای سه‌ر كاغه‌ز بنه‌ما بووه». له‌م باره‌یه‌شه‌وه ئالان نوری ڕوانگه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی بۆ مێژووی عیراق هەیه‌و لای وایه ئه‌وانه‌ی ئه‌و مێژووه‌یان نوسیوه‌ته‌وه، قسه‌ی كه‌سێكمان بیر ده‌خه‌نه‌وه له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ی ترۆتسكی له‌سه‌ر مێژووی شۆڕشی ڕوسی نوسیویه‌تی و ده‌ڵێت، «ئه‌وانه‌ی پێش ئه‌م كتێبه ئه‌و مێژووه‌یان نوسیوه‌ته‌وه وه‌ك بۆق قیڕاندویانه». ئه‌وانه‌ی پێش مێژوونوسی به‌ناوبانگ (حه‌نا به‌تاتۆ) مێژووی عیراقیان نوسیوه‌ته‌وه وه‌ك بۆق قیڕاندویانه. فیكره‌كه به‌لای ئه‌وه‌وه ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر سه‌یری نوسراوێكی جدی له‌سه‌ر مێژووی عیراق بكه‌ین، ناتوانین باسی سیاسه‌ت و ڕووداوی سیاسی بكه‌ین به‌بێ باسی موڵكایه‌تی به تایبه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهەمه‌ێنانی كشتوكاڵیی، با بڵێین شێوه‌ی موڵكایه‌تی كشتوكاڵیی له عیراقدا، كه كاریگه‌رییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی هه‌بووه له وڵاته‌كه‌دا. «هه‌ندێك مێژوونوسی گه‌وره هه‌ن، به‌ڵام كاتێك ته‌ماشای نوسینه‌كانیان ده‌كه‌ین ده‌بینین ته‌نها له‌سه‌ر لایه‌نه سیاسیه‌كه‌ی وڵاته‌كه ده‌نوسن و له‌چوار چێوه‌ی ه‌اتنی ئه‌و مه‌لیك و ده‌ستكه‌وتی فڵان سه‌ره‌ك وه‌زیراندا كۆبونه‌ته‌وه‌و زیاتر له حیكایه‌تی منداڵان ده‌چن، به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانین كاره‌كانی ئه‌و سه‌ره‌ك وه‌زیرانه گرێ بده‌ین به ئه‌وی تریانه‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌یه‌ت په‌یوه‌ندیه‌كانی سه‌رزه‌وی و واقیع بۆ باس نه‌كات، چۆن بتوانین شته‌كان په‌یوه‌ست بكه‌ین به سیاسه‌ته‌وه؟».
بۆچوونه‌كانی ئالان نوری به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ده‌چنه‌وه سه‌ر بۆچوونی هه‌ندێك له كۆمه‌ڵناسانی عیراق كه پێیان وایه له كاتی دروستبونی حكومه‌تی عیراقه‌وه ساڵی 1920 ڕێژه‌ی 20٪ كۆمه‌ڵگای عیراقی شارنشین بوون و 80٪ گوندنشین و جووتیار و كاركه‌ری سه‌رزه‌وی بوون و له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی مه‌ده‌نیه‌تدا بون، چونكه تا ئه‌م چركه‌یه گۆڕانگارییه‌كی ئه‌وتۆ به‌سه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا نەهاتووه، له ڕووی دیموگرافیه‌وه دانیشتیوانی شاره‌كان زیاتر بوون به‌ڵام هەر په‌یوه‌ندییه كۆنه‌كان زاڵن. ئه‌و پێی وایه كه ئه‌مه یه‌كێكه له‌و تیمانه‌ی كه باوكی مێژوویی عیراق (حه‌نا به‌تاتۆ) و كۆمه‌ڵناسی عراقی عسام خه‌فاجی و كه‌سانی تر له‌سه‌ری كار ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی شار‌و لادێ ده‌نوسن و گرێی ده‌ده‌ن به سیاسه‌ت و ئابوری و پێشكه‌وتنه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه. به‌ڵام بنه‌مای ئه‌وه چییه؟.
هاتنەناوەوەی سوپای بەریتانیا
له‌وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ده‌ڵێت: «كاتێك سوپای به‌ریتانی هاته عیراقه‌وه سوپایه‌كی بچوك بوو به‌ڵام له ڕووی ته‌كنۆلۆژییه‌وه زۆر پێشكه‌وتوو بوو، ده‌ره‌قه‌تی په‌رته‌وازه‌یی عوسمانییه‌كان هات و گرفتی نه‌بوو، به‌ڵام چۆن حوكم بكات و چی بكات؟ ئه‌مه پرسیاری ئه‌و سوپایه بوو كه له كاتێكدا هاته عیراقه‌وه ئیتر ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌رچوو وڵاتێك داگیر بكه‌یت و ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێت بیكه‌یت. ئیتر میكانیزمه كۆنه‌كان له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ده‌ولیدا نه‌ده‌گونجا، ده‌وڵه‌تێكی تازه به‌ناوی یه‌كێتی سۆڤێته‌وه دروست بوو، هەروەها ئه‌مریكا كه ببووه سه‌ركرده‌ی نوێی ئابووری سه‌رمایه‌داری جیه‌انی و بۆ ڕاگرتنی هه‌ڵكشانی كۆمۆنیزم باسی مافی چاره‌ی خۆنوسینی گه‌لانی ده‌كرد. له‌و ژینگه نێوده‌وڵه‌تیه‌دا سیاسه‌تی كۆلۆنیالیزمی به‌ریتانی له عیراقدا شكستی هێناو په‌نای برده ئه‌وه‌ی كێ «شه‌ق وه‌شێنه» له عیراقدا‌و چۆن بیانكه‌ن به‌به‌شێك له جیه‌ازی ئیداری وڵاته‌كه، شه‌ق وه‌شێنه‌كانیش ئه‌وانه‌بوون كه زه‌وییان به‌ده‌سته‌وه بوو، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی هاوپه‌یمانێتی خێڵه‌كییان هه‌بوو. ئه‌م دیدگایه‌ی به‌ریتانییه‌كان مۆركی خۆی به‌سه‌ر هە‌موو شتێكه‌وه به‌جێ دێڵێت و یه‌كێكی وه‌ك مێجه‌رسۆن ده‌نوسێت ده‌ڵێت: «له عیراقدا شتێك زیندو ده‌كه‌ینه‌وه له سكۆتله‌ندا دژی وه‌ستاینه‌وه». لێره‌دا توێژه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و میكانیزمی ئه‌نجامدانی ئه‌و قسه‌یه‌ی میجه‌رسۆن له چۆن له كوێره دێكاندا كه‌سێكیان دەهێناو پێیان ده‌وت تۆ سه‌رۆك عه‌شیره‌تی و خه‌ڵكیان بۆ كۆده‌كرده‌وه.
له‌م سیاقه‌دا واتێده‌گه‌ین كه كۆلۆنیالیزم ڕۆلێكی گه‌وره‌ی هه‌بووه له‌زیندووكردنه‌وه‌ی خێڵ و په‌یوه‌ندییه خێڵه‌كییه‌كاندا له عیراقدا. پرسیاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه ئایا پێش به‌ریتانییه‌كان خێڵ و په‌یوه‌ندییه‌كانی له ناو كۆمه‌ڵگای عیراقی‌دا لاواز بوه، ئه‌ی میكانیزمه‌كانی چی بوون؟
به‌لای ئالان نوورییه‌وه كۆلۆنیالیزم به پرۆژه‌ی نوێوه نایه‌ت و داخوازی و بونیاده ناوخۆییه‌كانی خۆی ده‌یجوڵێنێت نه‌ك بوونی هیچ پرۆژه‌یه‌كی نوێ. له بنه‌ڕه‌تدا كۆلۆنیالیزم گرفتی له‌وه‌دا نه‌بوه كێ حوكم ده‌كات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن بۆگه‌نترین سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تیه‌وه بووبێت، گرفته‌كه له‌وه‌دا بووه كی ێده‌توانێت شه‌ق بوه‌شێنێت و ئه‌منی بۆ بپارێزێت. ئه‌وه‌ی ناوی لێ ده‌نێین ئابوری جیه‌انی سێ، ئه‌وه‌ی به ئابوریه‌كی «مزدوج»ی زۆر پێشكه‌وتو له ناو ده‌ریایه‌ك له دواكه‌وتویدا پێناسه ده‌كرێت، ئامانجی سه‌رمایه‌دارییه. سیستمی خێڵه‌كی كۆن یانی پێش كۆلۆنیالیزم، جۆرێك له په‌یوه‌ندی كومه‌نه‌یی (مه‌شاعی) له نێوان خه‌ڵكه‌كه‌دا هه‌بوو، ڕاسته هەره‌مێكی هێراركی هه‌بوو به‌ڵام هەر كه‌سێك خۆی به‌خاوه‌ن زه‌وی ده‌زانی. خێڵه‌كانی باشور خۆیان به‌خاوه‌نی زه‌وی ده‌زانی، به‌ڵام به‌ریتانیه‌كان هاتن و پسپۆریان هێنا بۆ ئه‌و زه‌ویانه‌ی به»له‌زمه» به‌ده‌ست خێله‌كانه‌وه بوون، بۆئه‌وه‌ی بزانن چی لێ بكه‌ن و پسپۆره‌كان ڕایان وابو ئه‌و زه‌ویانه دابه‌ش بكرێن به‌سه‌ر ئه‌ندامانی خێله‌كاندا، به‌ڵام سوپای به‌ریتانیا و حكومه‌ته كارتۆنیه‌كه‌ی له عیراقدا هەستان به دانانی سیستمی «له‌زمه» به‌ڵام هەرچی زه‌وی هه‌بوو كردیانن به‌ناوی سه‌رۆك خێله‌كانه‌وه و سه‌رۆك خێڵه‌كانیش بوونه كه‌ره‌سته‌ی گۆڕین، بۆ نموونه ئه‌م سه‌رۆك خێڵه باش نییه ده‌یگۆڕن و سه‌رۆك خیڵێكی تر داده‌نێن. «ئه‌وان سودیان له هەر جۆره په‌یوه‌ندیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی زاڵ وه‌رده‌گرت، گرنگ ئه‌وه بوو بوونی هێزی كۆڵۆنیالیزم قبووڵ بكرێت و په‌یوه‌ندییه ئابوریه‌كانی بمێنێت. ئه‌مریكییه‌كانیش ساڵی 2003 هه‌مان سیاسه‌ت دووباره ده‌كه‌نه‌وه‌و كه دێته عیراقه‌وه كێشه‌یه‌كیان له‌وه‌دا نابێت ئه‌وه‌ی حوكم ده‌كات ناوی نوری مالیكیه‌و سه‌ر به‌حزبی ده‌عوه‌یه یان ناوی سه‌دام حسێنه و سه‌ر به‌حزبی به‌عسه، كێشه‌كه بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌یه چی په‌یوه‌ندییه‌كی ئابوری عیراق ده‌به‌ستێته ئه‌مریكاوه، هەروەها په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌منی و سیاسیش. ئه‌وه‌ی عیراقیه‌كان ناوی لێده‌نێن ناسنامه بۆ ئه‌وانه كێشه‌یه‌ك نیه. به‌ریتانیه‌كان كه‌هاتنه عیراقه‌وه مه‌به‌ستیان ئه‌وه نه‌بوه كه له‌م وڵاته‌دا نه‌یانده‌ویست كه‌پیتالیزم به‌مانا به‌ریتانیه‌كه‌ی له عیراقدا هەبێت یان نا، به‌ڵكو پێویستیان به سه‌قامگیری بو، هەروەها شه‌قوه‌شێنێك له بری ئه‌و شه‌ق بوه‌شێنێت و پاراستنی ئه‌و په‌یوه‌ندیه ئابوورییه‌ی هەیانبوو لەگه‌ڵ عیراق، به‌تایبه‌تیش مه‌سه‌له‌ی نه‌وت. له پاڵ ئه‌وه‌شدا و نه‌یانده‌ویست سه‌قامگیریی به‌ده‌ست ده‌وڵه‌تێكی مه‌ركه‌زیه‌وه بێت، مه‌لیكی عیراقیش به‌ده‌ست ئه‌وه‌وه ده‌یناڵاند كه ژماره‌و قه‌باره‌ی چه‌ك به‌ده‌ست خێڵه‌كانه‌وه زۆرتربوون له سوپای عیراق. شتێكیان ناولێنا سروشتی عیراق و سه‌پاندیان ئه‌ویش سیستمی خێڵه‌كایه‌تی بوو به‌و شێوه‌یه‌ی ویستیان».
ئه‌وه‌ی توێژه‌ر باسی ده‌كات له ده‌یه‌ی دوه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بوو، له ده‌یه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا ئه‌مریكییه‌كان دێن و هه‌مان شت به‌رهەم دێننه‌وه‌و عیراق دابه‌ش ده‌كه‌نه سه‌ر تایه‌فه‌و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌و ئیتنیكدا. ه‌ۆكاره‌كه‌ش به‌لای ئه‌وه‌وه گه‌ڕانه به‌دوای شه‌ق وه‌شێندا، چونكه داگیركه‌ر خۆی ده‌زگایه‌كی نه‌بو كۆنترۆڵ بكات، وڵاته‌كه‌ی داگیركرد به‌بێ ئه‌وه‌ی سوپاكه‌ی بتوانێت كۆنترۆڵ بكات. ئیداره‌ی ئه‌مریكی ڕای وابو كه ئیمكان هه‌یه به ژماره‌یه‌كی كه‌می سه‌رباز بەهۆی باڵاده‌ستیی ته‌كنۆلۆژیاوه ده‌توانن وڵاته‌كه داگیر بكه‌ن، ئه‌وه‌بوو كردیشیان و كه‌وتنه گه‌ڕان به‌دوای شه‌ق وه‌شێندا له‌عیراقدا.
کاری کۆمپانیای ڕاندکۆپەرەیشن
هه‌ر له‌م میانه‌یه‌دا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه كۆمپانیای «ڕاند كۆرپه‌رێشن» ساڵی 1992 له پشت په‌رده‌وه كاری ڕێكخستنه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی به كۆنتراكت له حكومه‌تی ئه‌مریكا وه‌رگرت، وه‌ك سیاسه‌تی به‌ریتانیه‌كان له ساڵانی بیستی سه‌ده‌ی ڕابوردودا، شێوه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان له سه‌ر بنه‌مانی تایه‌فی و مه‌زهەبی و قه‌ومی ڕێكده‌خات. «پێش ئه‌و كۆنگره‌یه ئۆپۆزسیۆنی عیراقی كۆبونه‌وه‌ی هه‌بوو، مه‌سه‌له‌كانیش له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وتن كه كێ ه‌ێزو ئاماده‌یی فیعلی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع هەیه‌و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئۆپۆزسیۆن دابه‌ش بوبوه سه‌ر سێ ڕه‌وت ئه‌وانیش ه‌ێزه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان (به‌كوردو عه‌ره‌به‌وه)و ه‌ێزه ئیسلامیه‌كان و هەروەها ه‌ێزه دیموكراتییه‌كان، ئه‌مه‌ی سێیه‌م بریتی بوو له چه‌پ و لیبراڵ و زۆر جاریش له‌كه‌سایه‌تیی سیاسی‌دا ده‌رده‌كه‌وت. ئه‌م پێكهاته‌یه‌ش له‌وڵاتانی وه‌ك سوریا و ئێران و یه‌كێتیی سۆڤێت و وڵاتانی سۆسیالیسته‌وه پاڵپشتی ده‌كران. هەر له‌ناو ئه‌و پێكهاته‌یه‌شدا ناسنامه‌كان له‌و چوارچێوه‌یه‌دا دیاری ده‌كران كه كێ پاره‌ی پێیه. لێره‌دا ئه‌مریكا بەهە‌موو ه‌ێزو قورسایی خۆی هاته ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌و له ڕێگای (ڕاند كۆرپه‌رێشنه‌وه) كه له‌پشت په‌رده‌وه وه‌ستابوو پاره‌یه‌كی زۆری ته‌رخان كرد. ئه‌مجاره‌ش پاره‌كه له‌ڕێگای ئه‌وه‌وه دابه‌ش ده‌كرا كه (تۆ چ ناسنامه‌یه‌كت هەیه؟) ئه‌گه‌ر وه‌ك كورد یان شیعه دێیت به‌خێر بێیت، ئه‌گه‌ر وه‌ك شتێكی تر دێیت ئه‌وه جێگات نابێته‌وه. كه‌سانی وه‌ك كه‌نعان مه‌كییه و لیبراڵه‌كانی تر پێش كۆنگره‌ی سه‌ڵاحه‌دین خۆیان به‌به‌شێكی گه‌وره‌ی ئۆپۆزسیۆن ده‌زانی، به‌ڵام له‌دوای كۆنگره‌كه هه‌موویان پووكانه‌وه چونكه ناسنامه‌ی ئه‌و ناسنامه‌ی هاووڵاتیبوونی عیراقییه‌و جێگای نابێته‌وه، فیكره‌كه ئاوەهابوو ده‌بێت جێگایه‌ك، خانه‌یه‌ك هەبێت، ئه‌گه‌ر شیعه بیت یان كورد یان توركمان ئه‌وه جێگا هه‌یه».
ئالان نوری له‌م ڕووه‌وه باسی ئه‌وه ده‌كات كه چۆن ئه‌مریكییه‌كان دوای 2003 له‌بری چاره‌سه‌ر، كێشه‌كانی موڵكایه‌تییان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان زیندوو كرده‌وه، چونكه نه‌ك ته‌نها گرفتیان له‌گه‌ڵ یاسا كۆنه‌كه‌دا نه‌بوو، به‌ڵكو (پۆڵ برێمه‌ر) گرفتێكی نوێی زیاد كرد‌و كۆمپانیا بیانییه‌كانی یه‌كسان كرد به‌كۆمپانیا لۆكاڵ و عه‌ره‌بییه‌كان. «ئه‌وه ته‌نها كه‌ڵه‌كه‌بوونێكی سه‌ره‌تایی بوو بۆئه‌وه‌ی له‌مێژوودا ده‌یخوێنین و یاسایه‌كی دڕندانه‌ش بوو، چونكه خه‌ڵكه‌كه دوای نه‌مانی به‌عس و شه‌ق وه‌شێنه‌كانی، پرسیاری ئه‌وه‌ی ده‌كرد چۆن زه‌وییه‌كه‌ی ده‌ست بكه‌وێته‌وه.
هیچ یاسایه‌كیش نه‌بوو زه‌وییه‌كان وه‌ربگرێته‌وه، بۆیه ناچار په‌نا ده‌باته به‌ر موقته‌دا سه‌درو خێزانی حه‌كیم و حزبی ئیسلامی بۆئه‌وه‌ی زه‌وویه‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه، ئیتر لێره‌وه ناسنامه‌ی هاووڵاتیان ده‌گۆڕێت و كێ بتوانێت شه‌قیان بۆ بوه‌شێنێت ده‌بنه لایه‌نگیری ئه‌و لایه‌نه».
سەرچاوە:
تعليقات