خالد سلێمان
لە ناساندنێکی سەرەتایدا بۆ هەواڵ و چیرۆکی ڕۆژنامەوانی، بەردەوام ئەوە دووبارە دەبێتەوە کە ئەگەر هەر یەک لە چیرۆکی ڕۆژنامەوانی یان هەواڵ لە سەرچاوەیەک زیاتری نەبوو، هەروەها (فاکتی) تێدا نەبوو؛ ئەوا هەواڵ نیەو، تیایدا زانیارییەکان جێگای متمانە نابن. ئەم وتارەشم لەسەر ئەو ئەم دوو پیوەرە، واتە فاکت و فرەسەرچاوەیی، بنیاد دەنێم و تیایدا لەسەر چەند هەواڵێکی جیاواز‌و لە سایتی جیاجیادا دەوەستم.
ڕۆژی 29/4/2013 هەواڵێک لەسەر کەش و هەوای هەرێمی کوردستان لە سایتی خەندان بڵاو بوەوە بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی تیایدا بێت و هیچ شتێکی نوێ دەربارەی کەش و هەوا پێشەکەش بەخوێنەران بکات. دووای پێشەکییەکی دووبارە بوەوە ڕۆژنامەنووس لەسەر زاری یەکێک لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی که‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌ی هه‌رێمی کوردستان دەنووسێت: "به‌هۆی درێژبوونه‌وه‌ی کاریگه‌ری نزمه پاڵه‌په‌ستۆی هاتوو له‌دورگه‌ی عه‌ره‌بی، پێشبینی ده‌کرێت ئاسمان ساماڵ بێت له‌گه‌ڵ دروستبوونی چه‌ند په‌ڵه هه‌ورێک. وتیشی: "پله‌کانی گه‌رما نزیک ده‌بن له تۆمارکراوه‌کانی رۆژی پێَشوو".
کە ئەم هەواڵە دەخوێنینەوە یەکسەر پرسیاری ئەوە لە خۆمان دەکەین، ئه‌رێ به ڕاست پلەی گه‌رمای ڕۆژانى پێَشوو چه‌ند بوو، چونکە هەواڵەکە کە لەو بڕگەیەی سەرەوەدا چڕکراوەتەوە هیچ زانیاری و شتێکی نوێی تێدا نیەو پێمان ناڵێت ڕۆژانی پێشوو گەرم بوو یان سارد، یان باراناوی بوو.
ڕۆژی 3/5/2013 لە سایتی (لڤین پرێس) هەواڵێک لە ژێر ناونیشانی (تەشەیوع لە کوردستان سەرهەڵدەدات) بەم شێوەیە بڵاو بوەتەوە، "ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی له ناوچه‌ی به‌رزمجه که مه‌رقه‌دێکی ئاینی لێیه ناڕه‌زای ده‌رده‌بڕن له بڵاو بونه‌وه‌ی شیعه له ناوچه‌که‌یاندا. یه‌کێک له‌و هاوڵاتیانه به لڤین پرێسی وت که له‌و مه‌رقه‌ده‌ی له نێو به‌رزنجه‌دایه چه‌ند پیاوێک په‌یدا بون که له‌وێ ده‌مێننه‌وه‌و بڵاوکراوه‌ی ته‌شه‌یوع (ڕاکێشانی خه‌ڵک بۆ بون به شیعه) بڵاو ده‌که‌نه‌وه. ئه‌و هاوڵاتیانه داوا له حکومه‌تی هه‌رێم ده‌که‌ن رێگری له‌و کاره بکرێت به‌و پێیه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که موسوڵمانی سوننه‌ن. ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه که ماوه‌یه‌که له هه‌رێمی کوردستان چه‌ندین گروپی شیعه‌و ته‌بشیری مه‌سیحیه‌کان ده‌بندرێت".
پێش ئەوەی تێبینی لایەنی زانیاری و فاکت و باکگراونی هەواڵەکە بکەین، ڕەچاوی ئەوەی دەکەین لە ڕووی داڕشتن و زمانەوە سەرلەبەری هەڵەیەو زۆر بەپەلەو بێ پێداچوونەوە نوسراوە. بەرزنجە بوەتە بەرزمجە، ناوی شیعە جێگای بیروباوەڕی شیعەی گرتوەتەوە، دەبینرێن بوەتە دەبندرێت.
لە ڕووی ناوەڕۆکەوە هەواڵەکە هیچ پێوەرێکی رۆژنامەنووسی بەسەردا ناسەپێت، چونکە پشتی بەیەک سەرچاوە بەستوە ئەویش نادیارە. ئەو سەرچاوە نادیارەش شتێکی گشتی (عام) دەڵێت و تاکە وشەیەکیش لەو بڵاوکراوەیە نازانێت کە گوایە تیایدا بانگەشە بۆ (تەشەیوع) دەکرێت. هەواڵەکە ئاماژە بۆ ئەوە ناکات کە چەند کەس بونەتە شیعەو چۆن کراون بەشیعە، ئەی ئەوانەی بۆ ئەم کارە هاتوون لە کوێوە هاتوون و ڕەگەزو ناسنامەیان چیەو کاری چی دەکەن؟. لە کۆتایدا ئاماژە بۆ بوونی گروپی شیعەو تەبشیری مەسیحی دەکرێت لە کوردستاندا بەبێ ئەوەی شوێن و ژمارەو کاریگەری ئەو گروپانە بخرێنەڕوو.
لێرەدا گرنگە هەندێ شتی هەڵە لەم هەواڵەدا هاتوون و ڕاست بکرێنەوەو ئاوا بەسەرپێی تێپەڕ نەبن. لە ناونیشانەکەوە دەست پێدەکەین کە دەڵێت: " تەشەویع لە کوردستان سەرهەڵدەدات". ئەمە سەرلەبەر هەڵەیە، چونکە مەزهەبی شیعە لە کوردستاندا هەیەو ژمارەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیانی کورد لە شوێنەکانی وەک خانەقین و مەندەلی و زرباتیە و شوێنی تر شیعەن، هەروەها نزیکەی (3.5) سێ ملیۆن و نیو کوردی کوردستانی باکور (تورکیا) عەلەوین و گروپێکن لەو گروپانەی لە شیعەی جەعفەری (12 ئیمامی) جیابونەتەوە، ئەگەر بەپێی زانیارییەکان ژمارەی عەلەوییەکانی تورکیا (8-10) ملیۆن دەبن و ڕێژەی کوردیش لەو ژمارەیەدا (35%)ە، بۆیە هەڵەیەکی گەورەیە بووترێت تەشەیوع لە کوردستاندا سەرهەڵدەدات، ئەمە جگە لەوەی هەواڵەکە گیانێکی مەزهەبی تێدایەو دوور نیە ببێتە هۆی هەڕەشە دژی شیعەکانی کوردستان.
هەواڵی سێیەم کە لەسەری ڕادەوەستین، ڕۆژی 3/5/2013 بە ناویشانی "سەردانی وەفدی کورد بۆ لای مالیکی ئەنجامی باشی لێنەکەوتوەتەوە" لە سایتی (ئاوێنە) بڵاو بوەتەوە. ناونیشانەکە ئیقتیباسێکە لە لێدوانی سەرنووسەری گۆڤاری شارپرێس کەمال ڕەئوف وەرگیراوەو هەر ئەم ناونیشانەش دەمانباتە ناو بابەتەکەوە، چونکە دێری یەکەمی هەواڵەکە دەڵێت: " پێده‌چێت سه‌ردانی کورد بۆلای مالیکی سه‌ردانێک بوبێت له‌ژێر گوشاری ئێران‌دا، بۆیه ئاکامی باشیشی لێنه‌که‌وتۆته‌وه، چونکه نوری مالکی تائێستا سوره له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه سیاسیه‌ی که‌هه‌یبووه ده‌رهه‌ق به‌چۆنێتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وه‌دا ره‌نگه هه‌ندێک له کێشه ئابوریه‌کان روو له‌چاره‌سه‌رکردن بکه‌ن".
لێرەدا تێبینی یەکەم لەسەر ئەم هەواڵە ئەوەیە کە پشتی بەیەک سەرچاوە بەستووەو سەرچاوەی دووەمی تیادا نیە. ئەوەی هەیە تەنها باکگراوندێکە لەسەر سەردانی وەفدەکەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کە تیایدا زانیارییەکان دووبارە دەبنەوەو لە دەیانجار زیاتر لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا بڵاو بوونەتەوە. تێبینی دووەم ئەوەیە کە سەرچاوەکە (سەرنووسەری گۆڤاری شارپرێس) بە دەستەواژەی (پێدەچێت) دەست پێدەکات و دڵنیا نیە لەو زانیاریانەی وا بە ئاوێنە نیوزی ڕادەگەیەنێت. دووای ئەوە هەموو قسەکانی سەرچاوەکە لەسەر ئەوە (پێدەچێت)ە بنیاد دەنرێن و تیایاندا نە فاکت هەیەو، نە زانیاریەکان پشت ڕاست دەکرێنەوە.
بە کورتیەکەی دەشێت ئەمجۆرە قسانە بۆ ڕاپۆرتێکی شیکاری بەکار بهێنرین یان لە وتارێکی بیروڕادا بخرێنەڕوو نەک لە هەواڵێکدا. ئەوەتا لە شوێنێکی تردا سەرنووسەری شارپرێس له‌باره‌ی سه‌ردانی سەرکردەی لیستی (عیراقیە) ئەیاد عه‌لاوی له‌م کاته‌دا بۆ لای سه‌رۆکی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی دەڵێت ، "سونه‌کان ده‌یانه‌وێت له سروشتی ئه‌و رێکه‌وتنه بگه‌ن که له‌نێوان کورد‌و مالیکی ئه‌نجامدراوه". هەر لەم سیاقەشدا دەگەڕێتەوە سەر وشەی (پێدەچێت) و دەڵێت: "پێده‌چێت کورد ژێر به‌ژێر رێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ سونه‌دا هه‌بێت، بۆیه سونه‌کان ده‌یانه‌وێت دڵنیاببنه‌وه‌و بزانن که پارتی په‌شیمان بۆته‌وه له‌و رێکه‌وتنه یان درێژه‌ی پێده‌دات". ئیتر خوێنەر نازانێت سەرچاوەی ئەم قسەو بۆچوونانە لە کوێوە هاتوون و لە چی لێدوانێک یان هەڵوێستێک یان بەیانێکی ڕەسمیدا بڵاو بوونەتەوەو تەنها دەسەڵات تەنها دەسەڵاتی دەستەواژەی (پێدەچێت)ە.
بە کورتیەکەی، ئەوەی لەم سێ هەواڵەدا تێبینی کران ئەمانەن، نەبوونی فاکت، نەبوونی سەرچاوەی پێویست، زاڵبوونی (تەخمین) بەسەر فاکتدا، نەبوونی زانیاری و تێرنەکردنی خوێنەر، ڕەچاونەکردنی خەسڵەتەکانی هەواڵ و ستۆری کە سەرەتایترینیان پست بەستنە بەسەرچاوەیەک زیاتر بۆ پشتڕاست کردنەوەی زانیاریەکان و دوور کەوتنەوە لە (تەخمینات).
* ئەم وتارە لە ژمارەی دوێنێی ڕۆژنامەی (ئاوێنە)دا بڵاو بوەتەوە ِ
تعليقات