خالد سلێمان
سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا، ژان-ییڤ لۆدریان له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگریی هه‌مان وڵات فلۆرانس پارڵی بۆ به‌غدا و هه‌ولێر له مانگی ڕابوردوودا (٢٦\٨\٢٠١٧) ئاماژه‌ی سیاسیی زۆری تیا‌بوو، یه‌كێك له‌و ئاماژانه، مانه‌وه‌ی به‌غدایه وه‌ك سه‌نته‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌ورووپا. ئه‌مه‌ش وه‌ك به‌رپرسی یه‌كه‌می دیپلۆماسییه‌تی فه‌ڕه‌نسا بۆ سه‌رۆ‌كوه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی ئاشكرای كرد، یه‌كه‌میان به‌رده‌وامیدانه به پشتگیریكردن له عێراق، دوه‌میان قه‌رزێكی فه‌ڕه‌نسییه به بڕی (٤٣٠) ملیۆن یۆرۆ بۆ بنیادنانه‌وه‌ی وڵاته‌كه، سێیه‌میان داوه‌تكردنی عه‌بادییه له لایه‌ن سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا مانوێل ماكرۆن بۆ سه‌ردانیكردنی وڵاته‌كه‌ی.
له پێش ئه‌م هه‌نگاوه‌ی فه‌ڕه‌نساوه، ئه‌ڵمانیاش قه‌رزێكی به بڕی (٥٠٠) ملیۆن یۆرۆ له سیاقی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی دوای داعش، دایه عێراق. ئه‌م گرنگیپێدانه‌ی دوو جه‌مسه‌ری كاریگه‌ری یه‌كێتیی ئه‌ورووپا (ئه‌ڵمانیا-فه‌ڕه‌نسا) به عێراق، له كاتێكدایه، وڵاته‌كه به وێنه‌یه‌كی وه‌هاوه له شه‌ڕی موسڵ هاتووه‌ته ده‌ره‌وه كه ئیتر خۆی وا پیشان ده‌دات ئه‌توانێت له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێت. لێره‌وه ئاماژه‌ی قۆناغێك له سه‌قامیگیریی ده‌خوێنرێته‌وه و جارێكی تر ئاسایش و دابینكردنی سه‌رچاوه‌كانی وزه ده‌بنه ناونیشانی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و ئه‌ورووپا.
له قۆناغی داهاتوودا، سوننه‌كان به ئاسانی ته‌سلیمی سیاسه‌تی (دێفاكتۆ)ی نوێی عێراق ده‌بن و ئیتر مه‌رجیان له داڕشتنی سیاسه‌تی عێراقیدا نابێت، چونكه ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی و سیاسیی ناوچه‌كانیان، له‌بری به‌شداری له بڕیار و نه‌خشه‌ی سیاسیی داهاتوودا، پێویستیان به تۆڕی دابه‌شكردنی ئاو و خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده هه‌یه. بڕێكی قه‌رزه‌كانی ئه‌ورووپاش بۆ عێراق كه ده‌خرێته به‌رده‌م حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادی له‌م پێناوه‌دایه.
هێزو توانای حكومه‌تی عێراقی، كه دوو هێزی ناكۆك و ناگونجاوی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و ئێران له پشتییه‌وه وه‌ستابوون، ئه‌گه‌رچی به‌سه‌ر وێرانكردنی شاره سوننه‌نشینه‌كاندا و تێكدانی ژێرخانی ئابووری و خزمه‌تگوزاری و ده‌ربه‌ده‌ربوونی دانیشتوواندا بوو، به‌ڵام هاوكێشه سیاسییه‌كانی له شه‌ڕی موسڵدا گۆڕی، تیایاندا، داخوازییه‌كانی ده‌سته‌بژێری سیاسی سوننه؛ له خه‌ونی به‌شداركردن له نه‌خشه‌ی عێراقی داهاتووه‌وه گۆڕا بۆ خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ جێگه و ڕێگه‌ی خۆیان و بنیادنانه‌وه‌ی سێكته‌ره خزمه‌تگوزارییه‌كان. ئه‌مه‌ش تا ئه‌وپه‌ڕی ئاستی لاوازكردن، سوننه‌كانی لاواز كرد و له به‌شداریكردن له نه‌خشه‌ی سیاسیی وڵاته‌كه دووری خستنه‌وه.
به‌غدا، له گرنگیپێدانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی باش تێگه‌یشتووه و (جه‌دوه‌له)كردنی شه‌ڕه‌كانیش دژی داعش په‌یوه‌سته به هه‌مان تێگه‌یشتنه‌وه، تێیدا كۆتایهێنان به شه‌ڕه‌كانی موسڵ و دوای ئه‌وه‌ش قۆناغی حه‌ویجه دێته پێشه‌وه، كه دوور نییه ببێته هۆی لابردنی (فۆكه‌س)ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر كوردستان، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر پلانی به‌غدا ئه‌وه بێت ڕزگاركردنی حه‌ویجه بخاته كاتی ئه‌نجامدانی ڕێفراندۆمه‌وه.
هێشتا به‌شێك له پارێزگای ڕه‌مادی كه ده‌كه‌وێته سه‌رسنووری سوریا و نزیكه له (ئه‌لبوكه‌مال و دێره‌زور)، له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ڕاكێشانی زیاتری سه‌رنجی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه، كه دوور نییه وێنه‌كه‌ی عێراق تیایدا، په‌یامی زیاتر بگه‌یه‌نێت. له‌م به‌شه‌دا، كه ئه‌مه‌ریكییه‌كان وه‌ك پردی دامه‌زراندنی ئیمپراتۆرییه‌تی ئێران ته‌ماشای ده‌كه‌ن و له هه‌مان كاتیش‌دا به‌شێكه له پلان و بیركردنه‌وه‌ی كوردی (پڕۆ-سوننه) بۆ گه‌یشتن به كه‌نداو؛ دوور نییه هه‌ر سه‌ركه‌وتنێكی ئه‌منی، گڵۆپێكی سه‌وز بێت بۆ ئه‌ورووپییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه بۆ «غه‌رام»ى كۆن، چونكه یاریزانه‌كانی تر له سه‌رئێشه‌ی ته‌ڵاقی به‌رده‌وامدان. ئه‌م ئامانه له كاتێكدا ده‌رده‌كه‌ن كه دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا و هه‌ولێر، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا سه‌ردانی مۆسكۆ ده‌كات و هه‌ر له‌وێش ئه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه لابردنی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د، له ئه‌وله‌وییاتی سیاسه‌تی فه‌ڕه‌نسادا نه‌ماوه.
ئه‌م بۆچونه نوێیه‌ی فه‌ڕه‌نسا، به‌شێكی دابڕاو نییه له بۆچوونی عێراق و ئێران ده‌رباره‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دیمه‌شق بۆ ناو دیمه‌نی سیاسیی ناوچه‌كه؛ به‌دووریش نازانرێت له كاتی سه‌ردانی سه‌رۆ‌كوه‌زیرانی عێراق بۆ پاریس، كه له‌وانه‌یه له‌مساڵدا بێت، به‌شێكی گفتوگۆی عێراقی-فه‌ڕه‌نسی بێت.
تعليقات