خالد سلێمان
له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا، له‌ناو هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دواخستنی ڕیفراندۆمدا، تێگه‌یشتنی به‌شێك له ده‌سته‌بژێری سیاسیی كوردستان، هه‌روه‌ها به‌شێكیش له ڕۆشنبیران، به ده‌ستی به‌تاڵ ده‌ركه‌وتن. له ئاستی سیاسی‌دا، كاتێك به‌رێز مه‌سعود بارزانی كه ڕۆژنامه‌نووسێك پێی وایه هێزی كاراكته‌ره‌كه‌ی ترافیكی نێوده‌وڵه‌تی درووست كردوه، ده‌ڵێت : <حیساب بۆ كه‌س ناكه‌ین>؛ ئیتر ئه‌ته‌كێت وه‌ك خورده‌ی سیاسی دێته به‌رچاو. كه‌سێكی ناو بازنه‌ی بۆچوونه‌كانی بارزانی له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌تداری، پێی وایه ده‌بێ كورد له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مەریكا بدات هه‌تا حیسابی بۆ بكرێت. مامۆستایه‌كی زانكۆش، قسه‌ی نه‌شیاوی وا دژی مه‌كگۆرك ده‌نووسێت، وه‌ك كورد ده‌ڵێت: ڕووی مه‌جلیسی نییه.
له پاڵ حیسابنه‌كردن بۆ كه‌س، ترافیكی نێوده‌وڵه‌تی، كردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مەریكا به تارگێت و قسه‌ی نابه‌جێ به‌مه‌كگۆرك-دا؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناچێته به‌ره‌ی (به‌ڵێ بۆ ڕیفراندۆم)، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان له ئاستی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا خۆی له وێستگه‌یه‌كی تری ترس و دڵه‌ڕاوكێدا ده‌بینێته‌وه. ترس له بازاڕ، ترس له لە‌ده‌ستدانی ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی چاره‌كه‌سه‌ده‌یه‌كدا به ده‌ستی هێناوه، هه‌روه‌ها ترس له دووباره‌بوونه‌وه‌ی شه‌ڕ و پێشكه‌شكردنی قوربانی.
یانی ئه‌وه‌ی له دیمه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌دا تێبینی ده‌كرێت، جیاوازه له دیبه‌تی ناو میدیاكان و گفتوگۆ (بێزه‌نتییه‌كانی) سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و له فۆرمی جیاجیادا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ڕوونترینیان ئه‌وه‌یه كه ده‌پرسێت: چیمان به‌سه‌ر دێت؟ ئه‌مه پرسیارێكه هه‌موو تاكێكی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سێركی سیاسی ده‌یكات، كه‌سیش وەڵامی پێ نییه.
یانی، جگه له درووشمێكی ڕۆمانسی كه مردن وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤی سه‌ربه‌خۆیی ته‌ماشا ده‌كرێت، كه‌س نازانێت ڕووداوه‌كان به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆن و كه‌سیش له داهاتوو دڵنیا نییه. له ڕاستییشدا كۆمه‌ڵگه‌ی نادڵنیا، دوور له زانیاری و دوور له به‌شداریكردن له‌و بڕیارانه‌ی به ناوی ئه‌وه‌وه ده‌درێن، له ترس زیاتری به‌رناكه‌وێت، چونكه وه‌ك تاكێك ده‌رده‌كه‌وێت به‌ته‌نها خۆپیشاندان له تاریكی‌دا ئه‌نجام ده‌دات، ئیتر ترسی له‌وه‌یه له هه‌موو لایه‌كه‌وه په‌لامار بدرێت.
له‌ناو ئه‌م دیمه‌نه سیاسییه‌دا، كه له‌ژێر هه‌ژموونی گوتاری ڕۆمانسی و سۆزدارانه‌دا هه‌موو قسه‌یه‌كی تیادا ده‌كرێت، ڕاستییه‌ك هه‌یه مه‌حوی وته‌نی وه‌ك (بورجی ناسیع) ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌ویش پۆپۆلیزمێكی قیتوقۆزه كه له شێنه‌ییدا میلله‌ت به لایه‌قی زانیاری و به‌شداریكردن له سیستمی حوكمڕانیدا نازانێت، به‌ڵام له ته‌نگانه‌دا، ده‌یخاته به‌رده‌م وێنه‌یه‌كی زه‌به‌لاحی دڕندایه‌تی دوژمنێكه‌وه، ده‌كرێت ڕۆژێكی پێشتر دۆست بووبێت. له‌م باره‌دا كۆمه‌ڵگه، له‌به‌ر هۆكاری زۆری وه‌ك دووره‌په‌رێز خستنی له سیاسه‌ت و ڕاوكردنی زۆرێك له ئه‌ندامه‌كانی به موڵكوماڵی سیاسی و خۆڵ له‌چاوكردن… هتد، پێش ئه‌وه‌ی له‌و واقیعه تێبگات كه ده‌سه‌ڵات بۆی درووست كردووه، له به‌رده‌م ئه‌و گوتاری ترسه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه تیایدا ده‌وڵه‌ت به‌دیلی مردنه.
ئه‌مه گوتارێكه به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زیندوو تێك ده‌شكێنرێت و له‌ناو ده‌برێت، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پڕ زانیاری ده‌رباره‌ی ژیانی سیاسی و ئابووری، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه ئه‌ندامه‌كانی به‌شدار بن له بنیادنانی سیستمه‌كه‌دا و ده‌نگه‌كانیان نه‌چێته گیرفانی پۆپۆلیسته قیتوقۆزه‌كانه‌وه؛ كۆمه‌ڵگه‌ی زیندوو توانای تێپه‌ڕاندنی سیفه‌تی قوربانیی ئه‌به‌دیی هه‌یه و بوونه كاره‌كته‌رێكی مێژوویی و یاسایی، نه‌ك كه‌ره‌سته‌ی به‌زه‌یی و یاده‌وه‌ری. به كورتییه‌كه‌ی، كۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد و زیندوو، به ئاسانی به ته‌نیشت ڕووداوه‌كاندا تێناپه‌ڕێت و ترس نابێته داینه‌مۆی جووڵاندنی، به‌ڵكو خۆی داینه‌مۆی خۆیه‌تی.
كاتێك كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ده‌بێته خاوه‌ن ئیراده‌ی خۆی، ئابووریی خۆی، سیاسه‌تی خۆی، زانیاریی ده‌رباره‌ی خودی خۆی و تێگه‌یشتن له جیهانی ده‌ره‌وه، ئیتر ئه‌و كاته بڕیاری «به‌ڵێ» پێویستی به گوتاری ورووژێنه‌ری نیشتیمانی و په‌نابردن بۆ یاده‌وه‌یری گشتی له پێناو زیندووكردنه‌وه‌ی تراژیدیا‌كان نییه، به‌ڵكو بڕیاره كه به‌شێك ده‌بێت له بیركردنه‌وه له داهاتووی خۆی، داهاتوویه‌ك كه‌س تیایدا، نه ئاغا، نه مسكێن بێت. سه‌ربه‌خۆیی، هه‌نگاوێكی دوای بنیادنانی كاراكته‌ری نه‌ته‌وه‌یه كه به‌هاكانی ئابووری و په‌روه‌رده و ته‌ندرووستی و ئاسایشی خۆراك و تاكی ئازاد و پلورالیزم، تیایدا، كه‌متر نین له به‌هاكانی خاك و زمان و مێژوو. سه‌ربه‌خۆیی بڕیارێكه وه‌ك چۆن جێگه‌ی دوودڵیی تیا نابێته‌وه، ئاوه‌هاش جێگه‌ی ڕۆمانسییه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی نازیندووی تیا نابێته‌وه.
تعليقات