التخطي إلى المحتوى الرئيسي

مرۆڤی نیاندرتاڵ چی بەسەرهات، بەدەستی ئێمە فەوتا یان گۆڕانکاری کەشوهەوا؟-1

 

  

خالد سلێمان

جۆرەکانی مرۆڤ لەسەر زەوی، لە حەوت ملیۆن ساڵەوە تا ئەمڕۆو، زاڵ بوونی ئەم جۆرەی مرۆڤ بەسەر زەویدا، کە ئێمەین و
بەمرۆڤی ژێر ناسراوین؛ بەدەوران و گۆڕانی زۆردا تێپەڕیون. زاناکانی بواری ئەنترپۆلۆژی (مرۆڤناسیی) هەروەها شوێنەوارناسیی، هێشتا لە هەوڵی ئەوەدان زۆرتر بزانن و ڕووناکی زیاتریش بخەنە سەر ڕێچکەکانی پەرەسەندنی مرۆڤ.
لەو سۆنگەیەشەوە کە نیاندرتاڵەکان نزیکترین جۆری مرۆڤن لە ئێمەو تەنانەت بەڕێژەی 1% تا 4% توخمیان لە ناو دانیشتوانی ئەوروپا و ئاسیادا جێهێشتووە، لەم ڕۆژانەدا زۆرترین توێژینەوەی زانستی لەسەر ئەوان دەکرێت. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی لەناکاوێکدا لەناوچوون و فەوتان؟ ئایا بەدەستی ئێمە کۆمەڵکوژ کران، گۆڕانکاری کەشەوهوا لەناوی بردن یان لەناو کۆمەڵگەی مرۆڤی ژیردا، کە بە هۆمۆ ساپیان ناسراوە، توانەوە؟
پێش وەڵامدانەی ئەو پرسیارانەی باشترە بزانین نیاندرتاڵەکان کێن و لە کوێ دەژیان و چۆن بوون؟ ئەگەر لەوەوە دەست پێبکەین کە چۆن بوون، توێژینەوە زانستییەکان گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە نزیتکترن جۆری مرۆڤ لە ئێمەوە نیاندرتاڵەکانن، سیماو سەریان لە ئێمە گەورەترو فراوانتر بووە. ئەوان لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی نزیک بە کوردستانیشەوە، دەژیان و مێژووی دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ 400000 هەزار پێش ئێستا، ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر جۆری هایدلبێرگ کە ئەوانیش لە جۆری مرۆڤی بەپێوە ڕاوەستاو بوون. نیاندرتاڵەکان ژێرو ئازابوون و بەشێکی زۆری داهێنانەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوان، وەک دروستکردنی کەرەستەی ڕاو، ژیانی بەکۆمەڵ و ماڵییکردنی ئاگر، خواردنی ڕووەک و ئاگالێبوون لەژیانی یەکتری لەناو گروپێکدا. واش مەزەندە دەکرێت کە مردوویان ناشتبێت و چارەسەری برینداریان کردبێت. شوێنی هەر گروپێکی نیاندرتاڵەکان ئەشکەوت بوو. بۆ یەکەمجار، ساڵی 1856 لە نزیک شاری دۆسڵدۆرڤی ئەڵمانیا ئێسک وپروسکیان دۆزرایەوە.
ئەشکەوتی شانەدەریش لە کوردستان باشترین نموونەی کۆبوونەوەی گروپێکیانە کە تا ئەمڕۆ ئێسک و پروسکی 10 مرۆڤی نیاندرتاڵی تیا دۆزراوەتەوە کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ 50 تا 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا. لەناو ئەو 10 کەسەدا مناڵی هەشت ساڵان و ژن و خەڵکی بەتەمەن هەبوون. ئێسکی پروسکی ژنێک تیایاندا ئەوە دەردەخات کە لەدەرەوە بریندار بووەو خۆی گەیاندووەتە ئەشکەوتی شانەدەرو تا ئەو کاتەی مردووە، برینەکەی سارێژ بووە.
تیمێکی توێژینەوەی ئارکیۆلۆژی لە زانکۆی دیوک لە باکوری کارۆلینا لە ئەمریکاو زانکۆی Witwatersrand لە باشووری ئەفریقیا، هەستا بە کۆکردنەوەی ئاماری 13 نیاندەرتاڵ و 233 هۆمۆ ساپیانی پێش مێژوو، هەروەها 83 مرۆڤی مۆدێرنی ئێمە. ئەوان لە ڕێگەی ئەو ئامارانەوە سەرنجیان خستە سەر پێوانە ستانداردەکانی کەلەسەر وەک کۆنتڕۆڵێک بۆ لێکۆڵینەوە لە قەبارەو شێوەی پێکهاتە سەرەکییەکانی دەموچاو. هەبوونی کۆنترۆڵی لەو شێوەیە ڕێگەی بە تیمەکەدا کە بە باشترین شێوە ئەوە دیاری بکەن ئایا ئەگەری ئەوە هەیە مرۆڤی ساپیان کە ڕەچەڵەکی ئێمەن، لەگەڵ نیاندەرتاڵەکان زاوزێیان کردبێت و تێکەڵ بووبن یان نا.
هەروەها توێژەران جۆراوجۆرێتییە ژینگەییەکانیان بەکارهێناوە (وەک کەشوهەوا) کە پەیوەندییان بە گۆڕانکاری لە تایبەتمەندییەکانی سیمای مرۆڤدا هەیە، ئەوەش لە پێناو دیاریکردنی ئەگەری ئەوەی کە ئەو پەیوەندییانەی لە نێوان دانیشتوانی نیاندەرتاڵ و ئێمەدا دروستبوون، دەرەنجامی زاوزێ بن یان هۆکاری تری وەک کاریگەریی کەشوهەوا.
دەرەنجامی توێژینەوەکە ئەوە دەردەخات کە تایبەتمەندییەکانی دەموچاو، کاریگەرییەکی بەهێزی کەشوهەوایان لەسەر نەبووە، ئەمەش ئەگەری کاریگەرییە جینییەکانی لەدەرەنجامی زاوزێدا زیاتر دەکات. هەروەها ئەوەش بۆ توێژەرەکان دەرەکەوتووە کە شێوەی دەموچاو گۆڕاوێکی بەسوودتر بووە بۆ بەدواداچوونی کاریگەرییەکانی زاوزێی نێوان نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤی نوێ .
بەگشتی نیاندەرتاڵەکان تەنها لە مرۆڤ گەورەتر بوون، بە تێپەڕبوونی کاتیش قەبارەی دەموچاوی مرۆڤەکان بچووکتر بووەوە. لەڕاستیدا هەندێک لە سیماکانی دەموچاو، بەڵگەی تێکەڵاوبوون و زاوزێی لەگەڵ نیاندەرتاڵەکاندا هێشتەوە.
نیاندرتاڵەکان کە باوداپیرانی ئێمەن، لەگەڵ ئەوەی لە ئەوروپاو ڕۆژهەڵانی نزیک و کوردستان دەژیان، بەڵام توخمیان لە ئاسیا زیاتر لە هەر شوێنێکی تر بەجێهێشتووە، ئەمەش دەرخستەی ئەو ڕاستییەیەکە نیاندەرتاڵەکان لەگەڵ مرۆڤی ژیر Homo Sapiens کە ئێستا بە مرۆڤی مۆدێرنن ناسراوان و باوداپیرانی ئێمەن، تێکەڵاو بوون و زیاتریش وا دەردەکەوێت کە پیاوی نیاندرتاڵ لەگەڵ ژنی Homo Sapiens یەکیان گرتبێت و وەچەیان خستبێتەوە. ئەمەش دووای ئەوە ڕوویداوە کە مرۆڤی نوێ ئەفریقای بەجێهێشتووەو گەیشتووەتە ئەوروپا و باکووری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی نزیک، یانی پێش ئەوەی لە ئاسیادا بڵاو ببنەوە.
نیاندرتاڵەکان بۆ لە ناوچوون؟
زاناکان هۆکاری یەکەم دەگەڕێننەوە بۆ کاریگەریی کەشەوهەوا لە دووا چاخی بەستەڵەکدا کە گۆڕانەکان تیایدا خێرابوون، لە گەرماوە گۆرڕاوە بۆ سەرمایەکی چڕ، هەروەها بەپێچەوانەوە. ئەمەش پاڵەپەستۆیەکی زۆری لەسەر سەرچاوەکانی خۆراکی ئەوان دروست کردووە، وەک ڕووەک و گیانەوەرەکان. ئیتر مرۆڤی نیاندرتاڵ ناچار بووە بەزووی خۆی لەگەڵ کەشدا بگونجێنێت و زۆرجار بەرگەی نەگرتووە.
هۆکاری دووەم، بەگوێرەی توێژینەوەکان کەمیی ژمارەیان بووە کە دەیان هەزاریان تێنەپەڕاندووە. گروپەکانیان لە 15 کەس زیاتر نەبووە. ئەمەش وایکردووە لە ڕووی وەچە خستنەوەو بەردەوامبوونەوە کەمیان کردبێت، لە کاتێکدا ژمارەی مرۆڤی نوێ زۆرتر بووەو هەر گروپێکیان خۆی داوە لە 150 كەس.
هۆکاری سێیەم، ململانێیەکی قورس بووە لەگەڵ گیانەوە دڕەندەکاندا، بەتایبەتی مرۆڤی نوێ کە پێش زیاتر لە 60 هەزار ساڵ لە ئەفریقیاوە دەرکەوتن، زۆربوون و ئامرازو کەرەستەی پێشکەوتوویان هەبووەو زیاتر زاڵ بوون بەسەر سروشتدا.
* تێبینی: ئەم بابەتە بەشێکە لە گەڕانم بەدووای کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لەسەر جۆرەکانی مرۆڤی لە پێش مێژووی نوسراودا.

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

La double horreur des «crimes d'honneur»

Denis Blondin, Anthropologue (Le Devoir) Bien que les faits soient loin d'avoir été établis avec précision, rien n'empêchera les citoyens québécois de toutes origines de réagir au drame survenu au sein de la famille Shafia: quatre morts et trois accusés d'une même famille. Les points de vue énoncés jusqu'ici me semblent manifester une constante, soit l'expression de sentiments d'horreur devant ce qui nous menace, que nous ne comprenons pas et qui nous fait d'autant plus peur.

ناسنامەو نەتەوە لەعیراقدا ‌

خالد سلێمان‌ 21/5/2015 ئەو ڕستەو بیرۆکە ڕۆمانسیانەی بۆ ماوەی ٨٠ ساڵ باسیان لە عیراقێکی یەکگرتوو، گەلێکی هاوچارەنوس و لێبوردەو خەمخۆری وڵات دەکرد لەبەرامبەر نامەیەکدا کە شا فەیسەڵ ساڵی ١٩٣٣ دەینوسێت، نەک بەتەنها لاوازن، بەڵکو مایەپوچن و مێژووی ناسنامەو نەتەوە لە وڵاتەکەدا وەک پانتاییەک بۆ توندوتیژی و هەژمونخوازیی مەزهەبی پیشان دەدەن. ئەگەر لەو نامەیەوە دەست پێبکەین و بیکەینە کلیلی قسەکردن لەسەر کتێبی (ناسنامەو نەتەوە لە عیراقدا) لە نوسینی ئەکادیمی و توێژەری کورد شێرکۆ کرمانج، ئەوا لە بەشی دووەمی نامەکەوە دەچینە ناو خوێندنەوەو ڕاوەستان لەسەر کتێبەکە کە دەکرێت بەیەکێک سەرچاوە گرنگەکانی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی عیراق دابنرێت. بەشی یەکەمی نامەکە دەڵێت، “ کۆمەڵە خەڵکێکی داماڵراو لە هەر بیرۆکەیەکی نیشتمانی تێر بەترادیسیۆن کە کۆکەرەوەیەک لەگەڵ پوچگەرایی ئاینیدا کۆیان ناکاتەوە، گوێگری خراپەکارین، مەیلداری فەوزان، بەردەوام ئامادەن بەسەر حکومەتێکدا بێت راپەڕن”.  ژمارەیەکی زۆر لە نوسەران و مێژوونوسان لە عیراق و دەرەوەیدا لەسەر ئەم بڕگەیە ڕاوەستاون و قسەیان لەسەر کردوە، بەڵام کەم کەس لەسەر بەش

کۆڵۆنیکەرانی کوردستان، ئەگەر ژێردەستەی کۆڵۆنیالیزم خۆی نەبوبن، ئەوا لە ڕەحمی چەتەگەرێتی هاتونەتە دەرەوە

خالد سلێمان من کوردێکی کۆڵۆنیکراوی ناڕازیم، مەرجەکانی کۆڵۆنیکەرانی کوردستانم قبوڵ نەکردوە، بەڵام نوخبەیەکی سیاسی نوێنەرایەتی خودی کۆڵۆنیکەران دەکات، سوپایەک لە نوسەرو قسەکەرو ڕۆژنامەنوس و توێژەرو ئەکادیمی بۆ لێدانی کۆڵۆنیکراوی ناڕازی لە دۆخی وڵاتێکی کۆڵۆنیکراو دروست کردوە . من بە شورەیی دەزانم خەڵکانێک هەبن دژی خوێندن بە زمانی کوردی خۆپیشنادان بکەن، چونکە ئەمە مانتاڵێتی کۆڵۆنیکەر بەرجەستە دەکات، بەڵام، پێگەکانی کۆڵۆنیالیستی ناوخۆیی " زاڵم " ، یان با بڵێین نوێنەرەکانی کۆڵۆنیالیزم لە کوردستاندا، رەنگی وێنەکانی خۆیان کە پیاوە بێگانەکان دروستیان کردوە، تۆختر دەکەنەوە . کۆڵۆنیکەرانی کوردستان لەو بەشانەی لە ژێر دەستی خۆیاندایە، خەڵک دەکوژن و تەنها بە گومان کردنێک کوردی کۆڵۆنیکراو تا بەردەم پەتی سێدارەش دەبەن، کەچی لە بەشەکانی تر دەرەوەی هەژمون و دەسەڵاتی خۆیاندا، لەو شوێنانەی، کۆڵۆنیالیستێکی تر، داگیرکەرێکی تر، ئەفسەرێکی تر خەریکی داماڵینی مرۆڤی کوردە