التخطي إلى المحتوى الرئيسي

ڕوح لای گیانەوەرەکان

 

خالد سلێمان

ئێمە بەردەوام پرسیاری ئەوە لە خۆمان دەکەین کە ئایا گیانەوەرەکان وەک ئێمەی مرۆڤ ژیانی ڕوحییان هەیە؟ بەڵام هەرگیز بەو پرسیارەدا ناچینەوە کە دەبێ ڕوح چی بێت، هەر ئەو فۆرمەی تێگەیشتنە کە ئاینەکان و فەلسەفەو ئەفسانەکان دەیخەنەڕوو، یان شتێکی تر؟ دەکرێ ڕوح تەنها هەستکردن بێت بەشتەکان، ئەوەی لەدووای مردنیشەوە بەجێ دەمێنێت ئەوە بێت کە زیندووەکان وێنای دەکەن؟
ئەوەی ژیانی ڕوحیانەی لای مرۆڤ بەهێزکردووەو کردویەتی بەموڵکی ئەو، زمانە. ئەوە زمانە کە تێڕامان لە شتەکان، لە ئاماژەوە دەگوازێتەوە بۆ دووبارەکردنەوەو بەرهەمهێنانەوەی هەست و سۆز. ئەم پرۆسەیەش جۆرێکە لە قەرەبووکردنەوەی لە دەستدان بۆ ئەو شتانەی بەشێکن لە ژیانمان. دەکرێ بڵێین پرۆسەی بیرکردنەوەشە لە چارەسەر بۆ ئەو گرفتانەی لە درێژەی ژیاندا ڕووبەڕوومان دەبنەوە؛ ئەگەر ترس بن یان هەوڵدان بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەک کە مرۆڤ تیایدا خەون بەوەوە دەبینێت وەک باڵندەیەک بفڕێت یان وەک گیانەوەرێکی وەک گورگ بەهێزو یەکگرتوو بێت. لای بەشێک لە دانیشتوانە ڕەسەنەکانی باکووری ئەمریکا، گورگ ڕەمزێکی ڕوحیانەی بەهێزە، لای هەندێکیشیان ورچی سپی وەک ڕوحی بەفر تەماشا دەکرێت.
گیانەوەرەکان وەک ئێمە، لەدرێژایی ژیاندا هەست بەشتەکان دەکەن و نەوەکانی خۆشیان پەروەردە دەکەن و سیستمێکی فێرکردن، بەردەوامیی بەمانەوەو ژیانیان دەدات، بێچووەکانیان فێری خۆشاردنەوەو خواردن و ڕاو دەکەن، بیر لەوە دەکەنەوە چارەسەر بۆ هەموو کێشەیەک بدۆزنەوە. بۆ نموونە ئەسپ کە لە ژێر کارو پاڵەپەستۆی مرۆڤدا ماندوو دەبێت، بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە.
لە زمانی کوردیدا دەڵێین گیانلەبەر، ئەمە ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ هەستکردن لای گیانەوەرەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، جەوری پڕووکاندن و ماندوکردنیان بۆ چرکەیەکیش نەوەستاوە. لێرەدا، ئەوە دەسەڵاتە پرۆسەی بیرکردنەوەو هەستکردن دووبارە دەکاتەوە، لە دەرەنجامیشدا ڕوح دەبێتە موڵکی مرۆڤ و گیانەوەرو ئاژەڵەکانی لێ بێبەش دەکرێن و دەبنە کەرەستەی بیرکردنەوەی مرۆڤ.
یەکەم ترس کە ژیانمدا چێندرا، بینینی دوو گورگ بوو لە نزیکەوە لە دەشتاییەکی گەرمیاندا. پێش ئەوەش دایک و باوکم ئەوەیان فێر کردبووم کە گورگم بینی هاوار بکەم و بەو شێوەیە گورگ دوور دەکەوێتەوە. ئەمە فێرکردنێکی خۆڕسکانە بوو، هەروەها دووبارەکردنەوەی پرۆسەی بیرکردنەوەو هەست بە مەترسییەکان. تا ئەمڕۆ دیمەنی گورگەکان و هاوارکردنی من، بەشێکە لەو ژیانەی ناوی لێ دەنێین ژیانی ڕوحیانەی مرۆڤ.
یەکەمجاریش کە خەمێکی قووڵ دایگرتم، دووا هەناسەکانی سەگێکی ماڵی باپیرەم بوو، لەبەرچاوی خۆمدا. من و مامی بچووکم، محەمەد کە ئەنفالکرا، سەگەکەمان زۆر خۆشدەویست، چونکە کەڵەگەت و بوێر بوو، مامم ناوی لێنابوو بازەو هەر لە بچووکییەوە بەدەستی ئێمە گەورە کرابوو. بازە نەخۆش کەوت و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک هیچی نەخوارد. ئەوەی زۆر بەلامەوە سەرنج ڕاکێشبوو: لەگەڵ نەخۆشی و نەخواردنیشدا، لەماڵەوە نەدەمایەوەو دووای پەزەکان دەکەوت و بەجێی نەدەهێشتم. نیوەڕوانێک بوو لەسەر زنجیرەی بەرزاییەکانی مازووخ لە گەرمیان، لەپاڵ مندا راکشابوو، نووزەی لێوە نەدەهات، نانێکم لە بوخچەکە دەرهێناو خستمە بەردەمی، لەناخەوە حەزم دەکرد بیخوات و هەست بەوە بکات کە چەند پێویستم پێیەتی.
بۆ یەک چرکە چاوی کردەوەو تەماشای کردم، وەک ئەوەی پێم بڵێ ئیتر تەواو. دووای ئەوە چاوی نەکردەوەو کۆتایی بەژیانی هات. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، باشە بازە کە ئەوەندە نەخۆش و ماندوو بوو، بۆ لەماڵ نەدەمایەوە، بۆچی لەپاڵ مندا پاڵ کەوت، ئەی بۆ کە نانەکەم دایێ چاوی کردەوەو تەماشای کردم؟ وەڵامەکان لە پەیوەندییەکەی من و بازەدا بوو.
لە زمانی کوردیدا ئەڵێین ڕوح شیرینە. ئەم دەربڕینە لەو کاتاندا دەووترێت کە مرۆڤ یان هەر گیانەوەرێک بەرگری لە خۆی و بێچووەکانی دەکات، یان تا ڕادەی گەیشتن بەمەترسی هەوڵ بۆ دابینکردنی خۆراک و شوێنی مانەوە دەدات.
ڕۆژێک من و خوشکی گەورەم، بێچووی باڵندەیەکی لەق لەقمان لە چەمێکدا گرت و کەوتینە ڕێ تا لە چەمەکە دوور بکەوینەوە، دایکە لەق لەقەکە وازی لێ نەهێناین و بەسەرسەرمانەوە لەشەقەی باڵی دەدا، ئێمەی دڵخۆش بە بێچووەکەی ئەو، هەنگاوەکانمان خێراتر دەکردو ئەویش بەسەر سەرمانەوە زیاتر باڵەکانی بەیەکدا دەدا. پێش گەیشتنمان بەچەند هەنگاوێک، باوکم درکی بەوەکرد چی لە ئارادایەو لەق لەق بەدووای بەچکەدا نەبێت ئەوەندە لە کەس نزیک نابێتەوە، پێی وتین بەچکەکە بەرەڵا بکەین و وازی لێ بهێنین. بەزمانە سادەکەی خۆی باسی پەیوەندی نێوان ئێمەو گیانلەبەرانی بۆ کردین.
باوکم بەزمانێکی سادە شتەکانی بۆ باسکردین، بەڵام ئایا لەق لەقی داکیش هەمان شتی بۆ بێچووەکەی باسکردوە کە نابێت لێی دوور بکەوێتەوەو خۆی توشی مەترسی بکات؟ لێرەدا دەگەرێمەوە بۆ سەر پەیوەندی هەستکردن، ئەوەی ناوی لێ دەنێین ڕوح، بە زمانەوە. لە ڕاستیدا وازنەهێنانی دایکەکەو هاتنی لەگەڵ ئێمەدا بۆ بەدەستهێنانەوەی بێچووەکەی، وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە ڕوح لای گیانەوەرەکان بەشێکی بەهێزو نەپچڕاوەیە لە سووڕی ژیانیان.
وێنە: هاوینی 2006 بەکامێرای خۆم گیراوە لە یەکێک لە لادێکانی گەرمیان

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

La double horreur des «crimes d'honneur»

Denis Blondin, Anthropologue (Le Devoir) Bien que les faits soient loin d'avoir été établis avec précision, rien n'empêchera les citoyens québécois de toutes origines de réagir au drame survenu au sein de la famille Shafia: quatre morts et trois accusés d'une même famille. Les points de vue énoncés jusqu'ici me semblent manifester une constante, soit l'expression de sentiments d'horreur devant ce qui nous menace, que nous ne comprenons pas et qui nous fait d'autant plus peur.

ناسنامەو نەتەوە لەعیراقدا ‌

خالد سلێمان‌ 21/5/2015 ئەو ڕستەو بیرۆکە ڕۆمانسیانەی بۆ ماوەی ٨٠ ساڵ باسیان لە عیراقێکی یەکگرتوو، گەلێکی هاوچارەنوس و لێبوردەو خەمخۆری وڵات دەکرد لەبەرامبەر نامەیەکدا کە شا فەیسەڵ ساڵی ١٩٣٣ دەینوسێت، نەک بەتەنها لاوازن، بەڵکو مایەپوچن و مێژووی ناسنامەو نەتەوە لە وڵاتەکەدا وەک پانتاییەک بۆ توندوتیژی و هەژمونخوازیی مەزهەبی پیشان دەدەن. ئەگەر لەو نامەیەوە دەست پێبکەین و بیکەینە کلیلی قسەکردن لەسەر کتێبی (ناسنامەو نەتەوە لە عیراقدا) لە نوسینی ئەکادیمی و توێژەری کورد شێرکۆ کرمانج، ئەوا لە بەشی دووەمی نامەکەوە دەچینە ناو خوێندنەوەو ڕاوەستان لەسەر کتێبەکە کە دەکرێت بەیەکێک سەرچاوە گرنگەکانی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی عیراق دابنرێت. بەشی یەکەمی نامەکە دەڵێت، “ کۆمەڵە خەڵکێکی داماڵراو لە هەر بیرۆکەیەکی نیشتمانی تێر بەترادیسیۆن کە کۆکەرەوەیەک لەگەڵ پوچگەرایی ئاینیدا کۆیان ناکاتەوە، گوێگری خراپەکارین، مەیلداری فەوزان، بەردەوام ئامادەن بەسەر حکومەتێکدا بێت راپەڕن”.  ژمارەیەکی زۆر لە نوسەران و مێژوونوسان لە عیراق و دەرەوەیدا لەسەر ئەم بڕگەیە ڕاوەستاون و قسەیان لەسەر کردوە، بەڵام کەم کەس لەسەر بەش

کۆڵۆنیکەرانی کوردستان، ئەگەر ژێردەستەی کۆڵۆنیالیزم خۆی نەبوبن، ئەوا لە ڕەحمی چەتەگەرێتی هاتونەتە دەرەوە

خالد سلێمان من کوردێکی کۆڵۆنیکراوی ناڕازیم، مەرجەکانی کۆڵۆنیکەرانی کوردستانم قبوڵ نەکردوە، بەڵام نوخبەیەکی سیاسی نوێنەرایەتی خودی کۆڵۆنیکەران دەکات، سوپایەک لە نوسەرو قسەکەرو ڕۆژنامەنوس و توێژەرو ئەکادیمی بۆ لێدانی کۆڵۆنیکراوی ناڕازی لە دۆخی وڵاتێکی کۆڵۆنیکراو دروست کردوە . من بە شورەیی دەزانم خەڵکانێک هەبن دژی خوێندن بە زمانی کوردی خۆپیشنادان بکەن، چونکە ئەمە مانتاڵێتی کۆڵۆنیکەر بەرجەستە دەکات، بەڵام، پێگەکانی کۆڵۆنیالیستی ناوخۆیی " زاڵم " ، یان با بڵێین نوێنەرەکانی کۆڵۆنیالیزم لە کوردستاندا، رەنگی وێنەکانی خۆیان کە پیاوە بێگانەکان دروستیان کردوە، تۆختر دەکەنەوە . کۆڵۆنیکەرانی کوردستان لەو بەشانەی لە ژێر دەستی خۆیاندایە، خەڵک دەکوژن و تەنها بە گومان کردنێک کوردی کۆڵۆنیکراو تا بەردەم پەتی سێدارەش دەبەن، کەچی لە بەشەکانی تر دەرەوەی هەژمون و دەسەڵاتی خۆیاندا، لەو شوێنانەی، کۆڵۆنیالیستێکی تر، داگیرکەرێکی تر، ئەفسەرێکی تر خەریکی داماڵینی مرۆڤی کوردە