خالید سلێمان لەناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا توێژەرو بیرمەندی بەریتانی ستیڤن ڕۆز و چەند توێژەرو بیرمەندێکی کەنەدی و ئەمریکی کتێبێکیان بەناونیشانی (زیندەناسی و ئایدیۆلۆژیاو سروشتی مرۆڤایەتی) بڵاوکردەوەو لە کاتی خۆیدا دیبەیتێکی فراوانی لە نێوان دەستەبژێری سیاسی و ئەکادیمی و زانستی ئەوروپاو ئەمریکادا دروست کرد. هۆکاری ئەو دیبەیتەش ئەوەبوو کە نووسەرانی کتێبەکە لەگەڵ ئەوەی وڵامی ئەو ڕەوتە زانستیەیان دایەوە کە پێیان وابوو مەسەلەی ژیریی لای مرۆڤ پەیوەستە بە پێکهاتەی جینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنەیەکی ڕاستەوخۆ بوو دژی سیاسەتی سەرۆکی ئەمریکا رۆناڵد ڕیگن و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا مارگرێت تاتشەر، چونکە لە سیاساتی گشتیدا پاڵپشتی ئەو ڕەوتە زانسیتیەیان دەکرد کە جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ جیاوازی لە پێکهاتەی "جینی" و هۆکارە ئابووری و سیاسی و ئایدیۆلۆژیەکانیان پشت گوێ دەخست. ساڵی ١٩٥٩ زانای فیزیاو ڕۆماننووسی بەریتانی چارلز پێرسی سنۆ لە وانەیەکدا لە زانکۆی (کامبرێدج)، هێڕشێکی توند دەکاتە سەر زانستە مرۆییەکان و بەشێوەیەک وەسفیان دەکات کە هیچ پێشکەش مرۆڤایەتی ناکەن...