خالد سليمان
بۆ چەند جارێک زیاتر لە ناو شاری سلێمانیدا ئاڵای نازییەکانم بەدوای هەندێ ئۆتۆمبێلەوە بینیوە، بەردوامیش پرسیارم ئەوە بوە ئەمە مانای چیە؟، زۆرجار باوەڕم بە خۆم هێناوە کە ئەو کەسەی ئەم (خاچە قوچاوەی) لە سەر ئۆتۆمبێکەی داناوە هیچ دەربارەی نازیزم و هیتلەر نازانێت، یان لەو کەسانەیە کە باوەڕ بە قسەیەکی بێمانا دەکەن کە دەڵێت (ڕەگی کوردو ئەڵمانی) یەکە، واتە هەردوکیان ئارین. ئەمە خۆی کۆمیدیایەکی ناو هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی ژمارەیەکی کەمی کورد بو تا رابوردویەکی نزیک دەکرا.
ئێستاش خاتو یودیت یۆردنیک لە سەر سایتەکەی خۆی دوو وێنەی لەو شێوەیەی بڵاو کردوەتەوەو لێمان دەپرسێت، کورد لە قوتابخانەکاندا چی فێر دەکەن، بەڕاستی ئەمە پرسیارێکی بەجێیەو من دەڵێم جگە لەوەی ئێمە لە قوتابخانەکانماندا هیچ شتێک دەربارەی نازیزم و هۆلۆکۆست فێری قوتابی و خوێندکارەکانمان ناکەین، یاسایەکیشمان نیە ڕەفتاری لەو شێوانە قەدەغە بکات کە ئاڵای حزبێکی وەک حزبی نازی لە شارێکی گرنگی وەک شاری سلێمانیدا هەڵبکرێت. لێرەشەوە تکام لە حکومەتی لۆکالی شارەکە هەیە بیرێک لەم دیاردە قێزەون و نائەخلاقیە بکاتەوە. ئەگەر دەڵێن ئەو وێنانەی خاتو یودیت بڵاوی کردونەتەوە تەنها ڕەفتارێکی شەخسین و لە چەند کەسێکیش تێپەڕ ناکەن، باپرسیاری ئەوە لە خۆیان بکەن ڕەفتارە شەخسیەکە لە نەزانینەوەیە یان کەسانێکن بەو پەڕی هۆشارییەوە ئەم ڕەفتارە دەکەن. لێرەدا هەردو ئەو وێنانە بڵاو دەکەمەوە کە لە بلۆگەکەی یودیت یۆرینکەوە وەرم گرتوەو لە ڕۆژانای داهاتودا ڤیدیۆیەک لەو بەرەیەوە بڵاو دەکەمەوە
تعليقات